ئەگەر ئەمریكا پشتگیری نەكات، سعودیە ناتوانێت سەركردایەتی هاوپەیمانی سەربازی دژی حوسییەكان بكات

ئەگەر ئەمریكا پشتگیری نەكات، سعودیە ناتوانێت سەركردایەتی هاوپەیمانی سەربازی دژی حوسییەكان بكات
پڕۆفیسۆر حوسین باخچی ئوستادی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانە لە زانكۆی تیكنیكاڵ میدڵ ئێست لە توركیا و تایبەتمەندە لە سەر پرسە هاوچەرخەكانی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئاسایشی ئەوروپا و سیاسەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و توركیا، بۆ قسەكردن لەسەر هەڵوێستی ئەم دواییەی توركیا بەرامبەر هاوپەیمانی پێداگیری بۆ لێدانی حوسییەكان لە یەمەن و دواكەوتنی لە سەر پرسی داعش و ئەو گۆڕانكارییانەی ناوچەكە بەخۆیەوە دەبینێت، ئەم وتووێژەمان لەگەڵ پڕۆفیسۆر باغچی ئەنجامدا و بەمجۆرە بۆچوونەكانی بۆ گوڵان دەربڕی.
پڕۆفیسۆر حوسێن باغچی پسپۆڕ لە سیاسەتی دەرەوەی توركیا بۆ گوڵان:ئەگەر ئەمریكا پشتگیری نەكات، سعودیە ناتوانێت سەركردایەتی هاوپەیمانی سەربازی دژی حوسییەكان بكات

* بۆچی توركیا لە لێدانی حوسییەكان بەپەلە هەڵوێستی خۆی دیاری كرد، بەڵام لە مەسەلەی داعش دواكەوت؟
- یەك لە هۆیەكان ئەوەیە كە حوسییەكان دوورن و لەوبەری دەریاوەن، بەڵام داعش نزیكە لە توركیا. راستە توركیا هەڵوێستی خۆی دیاریكردووە بەوەی پشتگیری لێدانی چەكدارانی حوسی دەكات لە یەمەن، بەڵام توركیا بەتەنها هیچی پێناكرێت، پرسەكە زیاتر لە نێوان سعودیە و ئێران و ئەمریكادایە، لەمەش زیاتر توركیا ئەگەر بیەوێت سەرباز رەوانەی ئەو شەڕە بكات، دیارە ئەوە پێویستی بە بڕیاری پەرلەمانی توركیا هەیە، بەڵام لەسەر مەسەلەی داعش ئەردۆگان خۆی دوورخستەوە لەوەی بڕیارێكی بەپەلە بدات، ئاگادارن لە سەرەتاوە 49 دیپلۆماتكاری توركی لە كونسوڵخانەی توركیا لە موسڵ لەلایەن داعشەوە دەستبەسەر كران، بۆیە دەبوو توركیا لە مەسەلەی داعش بە حەزەرەوە هەنگاو هەڵبگرێت، بەڵام ئەگەر بە شێوەیەكی گشتی سیاسەتی توركیا بخوێننەوە توركیا هەڵوێستی بەرامبەر بە داعش بەوجۆرە نییە.
* هەست دەكرێت كە شا سەلمانی پادشای سعودیە لە ماوەیەكی كەم و خێرا بڕیارێكی قورسی داوە. ئێستا پێنج دەوڵەتی كەنداو و میسر و سودان هاتوونەتە ژێر سەركردایەتی سعودیە و پشتگیری دەكەن. لەلایەكی تریشەوە توركیا و پاكستان پشتگیری خۆیان دووپات كردەوە. ئایا وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی سوننە رازین بە سەركردایەتی سعودیە بۆ ئەو هاوپەیمانییە سەربازییە؟
- سەرەتا دەبێ وا لێكیبدەینەوە كە ئەم هێرشە بە پاڵپشتی ئەمریكا ئەنجام دەدرێت. واتە هێرشێكی هاوپەیمانییە. لە لایەكی تریشەوە لەگەل ئەم 10 دەوڵەتدا، بێگومان بەشداری میسر زۆر گرنگ بوو كە ئەركی ئابووری و سەربازی هێرشەكان لەسەر ئەستۆی میسر و سعودیەیە. لێرەدا توركیا دوور خراوەتەوە، چونكە توركیا لەبەر ناتۆ ناتوانێ بێتە ناو سوپای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوانیش نایانەوێ توركیا بەشداربێت چونكە پەیوەندی توركیا لەگەڵ زۆر لە دەوڵەتە عەرەبییەكان باش نییە. پەیوەندی لەگەڵ لیبیا و میسر و ئەسەد خراپە. واتە لە هەر شوێنێك سەیری شەڕی یەمەن بكەین، دەبینین كە توركیا دوور خراوەتەوە. ئیستاش چووەتە نێو شەڕێكی راگەیاندن لەگەڵ ئێران، كاردانەوەكانی ئەم دواییەی ئێران بەرامبەر لێدوانەكانی ئەردۆگان ئەمە دەخاتەڕوو.
* هاتنە ناوەوەی پاكستان و توركیا وەك دوو دەوڵەتی غەیرە عەرەب، تا چەند پەیوەندی بە هەژموونی ئێران لە ناوچەكەدا هەیە؟
- لە ئێستادا ئێران راستەوخۆ بەشداری هێزی سەربازی ناكات، بەڵام دەیەوێت بە پشتگیریكردنی ئەم گرووپە كاریگەر بێت. ئەوەی من دەیبینم ئەمریكا و دەوڵەتە عەرەبییەكان نایانەوێت ئێران لە ناوچەكەدا كاریگەر بێت. هەر بۆیە بە خێرایی هێرشەكان دەستیپێكرد بە سەرۆكایەتی سعودیە، بەڵام بە پشتگیری ئەمریكا. چونكە بێ ئاگاداری ئەمریكا سعودیە ناتوانێت هەنگاوێكی وا بنێت، هەموو هەنگاوێكی هێرشەكە لە ژێر كۆنتڕۆڵی ئەمریكاوە ئەنجام دەدرێت و بنكەی سەربازی شەشەمی ئەمریكا لە دەوحەیە. بەڵام وا پیشان دەدرێت كە سعودیە سەرپەرشتی دەكات.
* ئەو دەوڵەتانەی بەشداری لە لێدانی حوسییەكان دەكەن هەموویان هاوپەیمانی نێودەوڵەتین دژی تیرۆریستانی داعشیش، ئایا تا چەند دروستكردنی هێزێكی عەرەبی سەرەتایەكە بۆ هێرشكردنە سەر داعش لە عێراق و سووریا؟
- بەڵێ دەبێت. ئێستا ئەمریكا بەشداری لە كۆنترۆڵكردنەوەی تكریت دەكات لەگەڵ سوپای عێراقی و لە سووریاش بەردەوامە لە بۆردومانكردنی داعش. لە لێدوانەكانی ئەسەد بۆ ئەمریكییەكان وا نیشان دەدات كە ئەویش نایەوێت بكەوێتە ململانێ لەگەڵ ئەمریكا. با ئەوەش بڵێم كە ئیستا ئەمریكا لە دانوستاندایە لەگەڵ بەشار ئەسەد. وتەكانی ئەسەد ئەمە دەخاتەڕوو كاتێك وتی: «هیچ كەسێكی عاقڵ حەز ناكات پەیوەندی لەگەڵ ئەمریكا خراپ بێت».
* خەریكە لێدانی حوسییەكان گرێدەدرێتەوە بە رووخانی رژێمی ئەسەد، ئەمەش لەبەر ئەوەیە هاوپەیمانییەكە بە سەركردایەتی سعودیە، حوسییەكان و بەشار ئەسەد بەو جۆرە سەیر دەكەن كە شەرعیەتییان نییە. ئایە تا چەند ئەم هێرشەی سەر یەمەن سەرەتایەكە بۆ رووخانی رژێمی ئەسەد؟
- پێموایە ئەسەد لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە، چونكە لە ئێستادا ئەسەد لە پلەی سەرۆك دەوڵەتێكە كە رووبەڕووی گرووپە توندڕەوەكان دەبێتەوە. بە پێچەوانەوە ئەسەد بەهێزتر بووە. راستە توانای زۆری لەدەست دا، بەڵام دووبارە دەستی هێرش و لێدانی گرووپەكانی داعش و بەرەی نوسرەی كردۆتەوە. بەتایبەتی كە چەند لایەنێك یارمەتی دەدەن وەك رووسیا و چین و هیندستان. بۆیە بەشار ئەسەد تەنیا نییە. لە لایەكی تریشەوە ئەو دەوڵەتە عەرەبییانەی دژی ئەسەدن زۆر نین. لە ئێستادا پەیوەندی نێوان سووریا و میسر زۆر باشە. ئەوەی لێی قەوماوە توركیایە، چونكە دواتر عەرەبەكان لەگەڵ ئێران دەكەونە رێككەوتن و توركیاش لە دەرەوە دەمێنێتەوە. بۆیە توركیا دەبێت زۆر بە حەزەر بێت. لە دوای ئەم خاڵەدا توركیا هیچ دەرفەتێكی نییە بۆ ئەوەی لە گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشداربێت. ئەوەی كە قەدەری ناوچەكە دیاری دەكات، ئێران و سعودیە و میسر دەبن.
* حكومەتی بەغدا هاوپەیمانی ئێرانە و دژی ئەو هێرشەیە بۆ سەر حوسییەكان. ئایا تا چەند حكومەتی عێراق لەم هاوكێشەیەدا زەرەرمەند دەبێت ئەگەر خۆی لەم پرسە بە دوور نەگرێت؟
- نزیكبوونەوەی عێراق لە ئێران لەو چوارچێوەیە دەبێت كە ئەمریكا بۆ عێراقی داناوە و ناتوانێت زیاتر نزیكی ببێتەوە. لە لایەكی تریشەوە نزیكبوونەوەیەكی ئێران و ئەمریكا هەیە و دەبێ ئەمەش ببینین. ئێستاش لایەنی هاوبەشی عێراق و ئێران و ئەمریكا رووبەڕووبوونەوەی داعشە. وتەی دوژمنی دوژمنم دۆستمە نزیكی كردوونەتەوە.
* لە كۆتاییدا چ پەیڤێكتان بۆ خوێنەرانمان هەیە؟
- دژایەتیكردنی گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەكان لە سەروویانەوە ئیخوان، ئامانجی هاوبەشی هەندێك وڵاتی عەرەبی و رۆژئاوایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لەبەر ئەمە لە رۆژانی داهاتوودا رێككەوتنی نوێ و كارەكتەری نوێ سەرهەڵدەدات لە ناوچەكەدا. بەڵام ناوچەكە لە ژێر كۆنتڕۆڵی ئەمریكا و رۆژئاوا بەردەوام دەبێت. هەر هێرشێكی سەربازی بكرێت، بە یارمەتی هێزە هاوپەیمانەكان دەبێت. لەبەر ئەوە حوسییەكان لە یەمەن بە هیچ شێوەیەك سەرناكەون، چونكە باس لە سوپایەكی 100 هەزار كەسی دەكرێت. ئەمەش دەبێتە هۆی درووستبوونی سوپایەكی هاوبەشی عەرەبی كە كاریگەری ئێران لە ناوچەكەدا كەم دەكاتەوە. ئێران پشتگیری حزبوڵڵای لوبنانی و حوسییەكانی لە یەمەن كردووە. ئەمەش واتە پشتگیری گرووپە توندڕەوەكان دەكات، لەلایەكی دیكەشەوە لە سووریا پشتگیری لە ئەسەد دەكرد دژی گرووپە توندڕەوەكان، ئەمەش دوو هەڵوێستی پێچەوانەی یەكە.
Top