تێگەیشتنی ئێمە بۆ ئیسلام كوردانەیە، نەك ئیسلامی هاوردەكراوی سعودیە و كەنداو و وڵاتانی دیكە

تێگەیشتنی ئێمە بۆ ئیسلام كوردانەیە، نەك ئیسلامی هاوردەكراوی سعودیە و كەنداو و وڵاتانی دیكە
كێشەی كورد و كوردستان، كێشەی خاك و نەتەوەیە، نەك كێشەی ئایین و مەزهەبگەرایی. ئەو پێكەوەژیان و فرەیی و لێبوردەییە بە درێژایی هەزاران ساڵ لە كوردستان بوونی هەبووە و بەرهەمی تێگەیشتنی كورد و زانایانی كورد بووە لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و لە نێو قوتابخانە ئایینییەكانی كوردستانیش بە سەدان سەركردە و شاعیر و بیرمەند هەڵكەوتوون، بۆیە ئەوەی جێگەی پرسیارە ئەوەیە: بۆچی لەسەر ئەم پاشخانە بێگەردە مێژووییە لێرەو لەوێ شێوازی توندڕەوی و توندوتیژی دەردەكەوێت؟ چی بكەین بۆ ئەوەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بە تێگەیشتنی كوردانە وەك خۆی لە كۆمەڵگە بمێنێتەوە و ببێتە هۆكارێك بۆ هەوێنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و پێكەوەژیان و لێبوردەیی؟ چۆن بە تێگەیشتنی كورد بۆ ئیسلام دژی تیرۆریستانی داعش و ئەوانەشی كە فیكری داعش بەرهەم دەهێنێن كار بكەین؟ بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە گرنگانە سەردانی د.عیرفان نەقشبەندی پرۆفیسۆری یاریدەر لە زانستە ئیسلامییەكانی زانكۆی سلێمانیمان كرد و لەم دیدارە تایبەتەدا بەمجۆرە بۆ گوڵان هاتە ئاخاوتن.
د.عیرفان نەقشبەندی پڕۆفیسۆری یاریدەر لە كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكانی زانكۆی سلێمانی بۆ گوڵان:تێگەیشتنی ئێمە بۆ ئیسلام كوردانەیە، نەك ئیسلامی هاوردەكراوی سعودیە و كەنداو و وڵاتانی دیكە



* ئێستا هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕێكی گەورەدایە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش، ئایا چۆن سەیری ئەم شەڕە دەكەن كە لە ژێر پەردەی ئایینی ئیسلامدا تیرۆریستان دژی كوردستان بەرپایان كردووە؟
- بە ناوی خوای بەخشندە و میهرەبان، دیارە گەلی كوردستان زۆربەی موسڵمانە و ئیسلامییەتیشی بە شێوەیەكی میانڕۆ پیادە كردووە و پارێزگاری لە ئایینی خۆیشی كردووە، ئەوەی جێگەی داخە ئەم گەلە موسڵمانە لەلایەن تاقمێكەوە رووبەڕووی شەرێك كراوەتەوە، كە نەك هەر پێویستە گومان لە ئیسلامبوونیان بكرێت، بەڵكو دەبێت گومان لە مرۆڤبوونیشیان بكرێت. بۆیە پێویستە وەزارەتی ئەوقاف كۆنفرانسێك ساز بكات و لەم كۆنفرانسەدا ئەو پرسیارە بورووژێندرێت بەوەی ئایا تیرۆریستانی داعش مرۆڤن، یان نە؟ چونكە گەلی كوردستان رووبەڕووی تاقمێك بۆتەوە كە گومان دەكرێت مرۆڤ بن، نەك باسی ئەوە بكرێت ئەمانە موسڵمانن یان نە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئێستا گەلی كوردستان لە پیرۆزترین قۆناخی بەرگریكردندایە و هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە جیهادێكی گەورەیەدا بۆ پاراستنی خاك و ئایین و مرۆڤایەتی، لەبەر ئەوەی تیرۆریستانی داعش دژی خاك و ئایین و مرۆڤایەتی و خەڵكی كوردستانن، هەر بۆیە وێڕای ئەوەی لەم شەڕەدا قوربانییەكی گەورەمان داوە، بەڵام گەلی كوردستان سەلماندی لەسەر گۆی ئەم زەوییە پارێزگاری لە كەرامەتی مرۆڤایەتی دەكات.
* ئاماژەت بەوە كرد كە هێزی پێشمەرگە بەرگری لە ئایینی ئیسلام دەكات، ئەگەر لەسەر ئەم لایەنە روونكردنەوەی زیاتر بە خوێنەرانی گوڵان بدەیت؟
- دیارە ئایینی ئیسلام خۆی لە دەقەكانی قورئان و فەرموودەكانی پێغەمبەر (د.خ) دەبینێتەوە، ئایینی ئیسلام ئایینی ئاشتی و پێكەوەژیان و لێبووردەییە و رێز لە مرۆڤەكان دەگرێت، بۆیە كاتێك داعش دێت و مرۆڤەكان سەردەبڕێت و هێزی پێشمەرگە بەرگری دەكات، ئەوا ئەمە مانای ئەوەیە هێزی پێشمەرگە بەرگری لەو ئایینە دەكات كە ئایینی ئاشتییە بەو شێوەیەی كە پێغەمبەر (د.خ) پیادەی كردووە، بێگومان ئەگەر بە درێژایی مێژووش سەیر بكەین لەو مێژووەدا دەبینین ئێمە بە سەدان قوتابخانەی ئایینی ئیسلامیمان هەبووە و ئەم قوتابخانانە هەر هەموویان خەڵكیان بەو جۆرە پەروەردە كردووە كە بەرگری لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام بكەن، هەر ئەو پیاوە ئایینییانەش بەشێوەیەكی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ وڵاتی ئێمەیان بەڕێوە بردووە، لەوانە شێخ سەعیدی پیران، شێخ عەبدولسەلامی بارزانی، شێخ مەحمودی حەفید، قازی محەمەد، مەلا مستەفا بارزانی، هەر ئەم سەركردانەش بناخەی كوردایەتییان داڕشتووە و بناخەی ئەو پەرلەمان و حكومەت و دامەزراوانەیان داڕشتووە كە ئێستا لە كوردساندا بوونی هەیە، لەلایەكی دیكەوە و لەسەر ئاستی ئەدەبیاتی كوردی هەست دەكەین زۆربەی شاعیرە گەورەكان دەرچووی قوتابخانە ئایینییەكانی كوردستانن، لەوانە مەلای جزیری، ئەحمەدی خانی، مەحوی، مەلا خدری نالی و چەندانی دیكە. ئەم مێژووە پێمان دەڵێت: ئێمە وەك كورد خاوەنی باكگراوندێكی ئایینی خۆڕسكین، نەك بیروباوەڕێك لە دەرەوە هاوردەی كوردستان كرابێت، بۆیە ئەو بیروباوەڕەی كە لەناو داعش دەیبینین، ئەو بیروباوەڕە هاوردەكراوە و دژی مرۆڤایەتییە، بۆیە ئەو ئیسلامییەتەی ئێمە هەمانبووە، دەكرێت پێی بگوترێت ئیسلامی كوردی، ئەمەش زۆر گرنگە پێداگیری لەسەر بكەین، ئێمە ناتوانین پێداگیری لەسەر ئیسلامێك بكەین كە لە سعودیە، یان وڵاتانی كەنداو، یان وڵاتێكی دیكە هاوردە بكرێت، ئێمە ئیسلامێكمان دەوێت، ئیسلامێكی كوردی بێت، راشكاوانەتر ئیسلامێك بێت كە بریتی بێت لە تێگەیشتنی ئێمە وەك كورد بۆ دەقەكانی قورئانی پیرۆز، هەروەها بتوانین كەلتوور و فەرهەنگی خۆمان بپارێزین بە مەرجێ پێچەوانەی شەریعەتی پیرۆزی ئیسلام نەبێت، هەر بۆیە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، دەبینین سەدان ساڵە میللەتی ئێمە موسڵمانە، سەدان زانای گەورە لە مێژوودا هەڵكەتوون، كەچی لەو مێژووەدا بە رێكەوتیش لەنێوان دوو بیروبۆچوونی ئایینی جیاوازدا توندوتیژی رووینەداوە، لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی دانیشتووانی كوردستان موسڵمان بوون، بۆ نموونە ئەگەر سەیری سلێمانی بكەین تەنها 100 خێزانی كریستیانی هەبووە لە گەڕەكی سەرچیمەن كەنیسەیەكی كریستیانەكانی لێیە، پێشتر جوولەكە هەبووە، گەڕەكێكی سلێمانی ناوی گەڕەكی جوولەكەكان بووە، ئەمە لە شارەكانی دیكەی كوردستانیش هەر بەهەمان شێوە بووە، رۆژێك لە رۆژان كەس زۆری لێ نەكراوە، كەواتە ئێمە پێویستمان بەم ئیسلامە كوردییە هەیە، ئەمەشمان لە پێغەمبەر (د.خ) بۆ ماوەتەوە، بەڵام لێرەدا هەقە گلەیی خۆم ئاڕاستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەم كە وەك پێویست بایەخی بەم لایەنە نەداوە و هەتا ئێستا لە ناو ئەنجوومەنی وەزیراندا راوێژكارێكی ئایینی بوونی نییە.
* بەڵام لە حكومەتی هەرێمی كوردستاندا وەزارەتێك بەناوی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەیە، ئایا ئەركی ئەم وەزارەتە نییە ئەو كەموكورتییانە چارەسەر بكات؟
- من پێموایە دانانی كەسێك لە شوێنی خوێدا نەبێت دەبێتە هۆكاری سەرەكی بۆ كەموكورتییەكان، پێغەمبەر(د.خ) دەفەرموێت: (إذا وُسِّدَ الأمر إلي غير أهله فانتظر الساعة)، ئەمەش واتە ئەگەر یەكێك لە شوێنی خۆی دانەنرا و كەسەكە پسپۆڕ نەبوو لە كارەكەی خۆیدا، ئەوا دەبێت چاوەڕوانی خراپبوونی بارودۆخەكە بكەین، ئەمەش لەسەر ئەو بنەمایەی ئەگەر كەسێك لە شوێنێك دانرا، پێویستە لانیكەم لە 55%ی كارەكانی خۆی پسپۆڕ بێت و بۆ 45%ی پەنا بۆ راوێژكار، یان كەسەكانی دیكە بەرێت، لەم چوارچێوەیەدا گرنگ بوو وەزارەتی ئەوقاف خوێندنەوەیەكی تازەی بۆ دیاردەی داعش بكردایە، كۆنفڕانسێكی گرێبدایە و زانا گەورەكانی جیهانی بانگهێشت بكردایە، لایەنێكی دیكە كە دەبوو لەبەرچاو بگیرایە، ئەویش مەسەلەی وتاربێژی سەر مینبەری مزگەوتەكانە، ئێمە ئەم هەموو مزگەوتەمان هەیە، ئایا توانیومانە هێندەی ژمارەی ئەو مزگەوتانەی نوێژی هەینییان تێدا دەكرێت، كادری وتاربێژ پەروەردە بكەین؟ بۆ نموونە وتاربێژی نوێژی هەینیمان كەسێكە دەرچووی پەیمانگەی ئایینی، یان كۆلێژی زانستە سیاسییەكانە، كەسێكی لاوی كەم ئەزموونە و خولی وتاربێژی بۆ نەكراوەتەوە، راستەوخۆ كراوەتە وتاربێژ و چۆتە سەر مینبەری مزگەوت و بەجۆرێك و بە حەماسەوە قسەی كردووە و توندوتیژی بڵاوكردۆتەوە كە ئەسڵەن نازاندرێت چ دەستێكی لەپشتەوەیە.
* لەم قسانە ئەوە دەردەكەوێت كە وتاری رۆژی هەینی پێویستی بە رێكخستن هەیە و وتاربێژەكان پێویستیان بە خولی راهێنان و پسپۆڕی و تایبەتمەندی هەیە، ئایا مەبەستت ئەوەیە؟
- بەڵێ، بێگومان لەبەر ئەوەی لە هیچ وڵاتێكدا ئەمە بوونی نییە كە ئێستا لە كوردستان بوونی هەیە، هەتا پێشتر لە عێراقدا، ئەو مزگەوتانەی بۆ نوێژی هەینی قەرەباڵغ بوون، كەسی ئەكادیمی و خاوەن بڕوانامەی دكتۆرا لە زانستی ئیسلام دادەنران وتار بدەن، لەبەر ئەوەی نەك ئەو وتاربێژە قسەیەك بكات لە سەر مزگەوت، یان حكومەت بكەوێت، بۆیە من پێشنیار دەكەم بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی ئەوقاف پەیمانگەیەك بكاتەوە جیاواز لەم پەیمانگەیەی ئێستا هەیە و تایبەت بێت بە پەروەردەكردنی وتاربێژ و بانگخوازی ئیسلامی، پڕۆگرامی ئەم پەیمانگەیە لەلایەن كۆمەڵێك كەسی زانا و بیریار لە زانستی ئیسلامی و میانڕۆ دابنرێت و لەگەڵیدا وانەكانی مێژووی كورد و كوردۆلۆژی و دەروونناسی و كۆمەڵناسی بخوێندرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كاتێك ئەو مامۆستایە بۆ وتاردان دەچێتە سەر ئەو مینبەرە، دەبێت شارەزای سایكۆلۆژیەت و كۆمەڵناسی ئەو كۆمەڵە بێت كە قسەیان بۆ دەكات و نابێت بە شێوەیەك قسە بكات برینداریان بكات، یان تەشهیریان پێبكات.
* بەڵام لە ئێستادا چەندین مزگەوت هەیە كە وتاری رۆژی هەینی تێدا دەخوێندرێتەوە و وتارەكان هانی توندوتیژی دەدەن، ئایا لەمبارەوە وەزارەتی ئەوقاف دەتوانێت هیچ شتێك بكات، یان چ سنوورێكیان بۆ دابنێت؟
- ئێستا ژمارەیەكی ئێجگار زۆری مزگەوتەكان نوێژی هەینی تێدا دەكرێت و هەمووشیان وتاری تێدا دەخوێندرێتەوە، بۆیە دەبێت لەم رووەوە وەزارەتی ئەوقاف پێداچوونەوەیەكی ورد بكات، هەر بۆ نموونە تەنها لە ناو شاری سلێمانی لە 100 مزگەوت نوێژی هەینی دەكرێت و وتاری تێدا دەخوێندرێتەوە، من ئەو پرسیارە دەكەم: ئایا ئێمە 100 وتاربێژمان هەیە كە هێندە بەتوانا بێت تەنها رووداوە راستییەكانی هەفتە بۆ موسڵمانان بخاتەڕوو، پاشان پارێزگاری لە شار و وڵاتی خۆیشی بكات، بە بڕوای من هەڵەی وەزارەتی ئەوقاف لەو خاڵەدایە كاتێك بڕیار لە كردنەوەی مزگەوتێك دەدات، بیر ناكاتەوە وتاربێژەكەی كێیە؟ دەبێت لە پێشدا بیر لە وتاربێژەكەی بكرێتەوە، ئینجا بڕیار لە كردنەوەی مزگەوتەكە بدرێت، پاشان بڕیار بدرێت نوێژی هەینی تێدا بكرێت.
* ئایا ئەمە نابێتە هۆی دروستبوونی سانسۆر لەسەر وتاربێژەكان؟ ئایا لە شوێنانی دیكە ئەمە چۆن رێكخراوە؟
- كێشەی سەرەكیی وتاربێژی كەم ئەزموون ئەوەیە بە شێوەیەكی ئیرتیجالی وتار دەدات و حەماس دەیگرێت و پاشان دەكەوێتە هەڵەوە، بۆیە گرنگە ئەمە بەدواداچوونی لەسەر بكرێت و وتارەكان بنووسرێتەوە بۆ ئەوەی ئەوە روونەدات، هەروەها لە هەندێك گەڕەكی سلێمانی لە 6 مزگەوت نوێژی هەینی دەكرێت، با كەمبكرێتەوە و لە 2 مزگەوت نوێژی هەینی بكرێت، ئەوكات كۆنتڕۆڵی ئەو حاڵەتانە دەكرێت، ئەمە لە وڵاتانی دیكەش وایە، بۆ نموونە لە سعودیە و لە هەردوو مزگەوتی حەرەمی مەككە و مەدینە، وتاربێژی رۆژی هەینی وتارەكەی بۆ نووسراوە و دەیخوێنێتەوە، وتارەكەش لەلایەن لیژنەی هوشیاری ئایینی سعودیەوە نووسراوە، بەمەش ئەو حاڵەتە، یان هەڵە روو نادات.
* ئایا پێویستە پێداچوونەوە بە پڕۆگرامی خوێندنی ئیسلامیدا بكرێت؟
- من پێموایە پڕۆگرامی قوتابخانە و ئامۆژگا و كۆلێژەكانی زانستی ئیسلامی دەبێت هەر هەموویان لەلایەن لیژنەیەكی پسپۆڕەوە پێداچوونەوەی وردی بۆ بكرێت، هەروەها دەبێت پێداچوونەوە بە كادر و مامۆستاكانیش بكرێت كە وانە دەڵێنەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر پڕۆگرامەكەش میانڕۆ بێت، بەڵام مامۆستاكە، یان كادرەكە توندڕۆ بێت، پڕۆگرامەكە بەرەو توندڕۆیی دەبات.
* ئەی سەبارەت بە ئایین و حزبایەتی، یان دروستكردنی حزبی سیاسی لە ئیسلامدا، ئایا ئەمەیان چۆن رێكخراوە؟
- دروستبوونی حزبی ئیسلامی لە خاڵێكدا جائیزە، ئەگەر زاڵمێك هەبوو زۆرداری بكات، كۆمەڵێك كۆدەبنەوە بەناوی ئایین رووبەڕووی دەبنەوە، یان گرووپێك كۆدەبنەوە و حزبێكی ئیسلامی پێكدەهێنن كە بەرگری لە خاكی خۆیان بكەن، تا ئێرە هیچ كێشەیەك نییە، بەڵام گرفتەكە لەو كاتە دروست دەبێت كەسانێك بە ناوی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە حزبێك دروست بكەن، كە نە بتوانێت بەرگری لە ئیسلام بكات، نە وەك پێویستیش بتوانێت خزمەتی گەل و وڵاتەكەی خۆی بكات.
* ئەگەر بگەڕێینەوە سەر رۆڵی پێشمەرگە لە شەڕ تیرۆریستاندا، دیارە بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش لەم شەڕەدا خۆی هەر وەك پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕ بووە، ئایا تاچەند مامۆستایانی ئایینی توانیویانە لە وتارەكانی رۆژی هەینی پشتگیری پێشمەرگە بكەن؟
- لەم دواییەدا مامۆستایانی ئایینی لە كوردستان رۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان بەرز نرخاندووە، راستە لە هەندێك مزگەوت هەندێ قسە كراوە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی مامۆستایانی ئایینی ئەوەیان بۆ خەڵكەكە روونكردۆتەوە كە نوێژكردنمان بە ئازادی و سەقامگیری و ئاسایشی وڵات و كاروكاسبیمان بەرهەمی خۆڕاگری و قوربانیدانی پێشمەرگەیە، هەروەها حەواندنەوەی دوو ملێون ئاوارە لە كوردستان و ئەو سەركەوتنانەی بەدەست هاتوون، دوای فەزڵی خوای پەروەردگار بەرهەمی قارەمانی پێشمەرگە و سەرۆكەكەیەتی كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی كوردستانە، ئەگەر پێشمەرگە سنگی خۆی نەكات بە قەڵغان و پارێزگاری لە خەڵك و خاكی كوردستان نەكات، ئێمە چۆن دەتوانین لێرە بە ئازادی بژین؟ دیارە هەموو هێزێكیش پەیوەستە بەو ئاڕاستە و بەرنامەیەی كە سەرۆكەكەی بۆی دادەنێت و ئاڕاستەی دەكات و فەرمان لەسەر جێبەجێكردنی پلانە سەربازییەكان دەدات، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا بەشێكی گرنگی ئەم سەركەوتنانە بۆ رۆڵی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە كە لەم قۆناخەدا سەركردایەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كردووە.
* هەر لە میانەی شەڕی تیرۆریستانی داعش لەسەر راسپاردەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بڕیاری پەرلەمان پێشمەرگە چووە كۆبانێ بۆ هاوكاری كوردانی رۆژئاوا، ئایا چۆن سەیری چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ دەكەیت؟
- راسپاردەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ناردنی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ هەنگاوێكی حەكیمانە و بوێرانە بوو، ئەم هەنگاوە وەڵام بوو بۆ چەند پرسیكی گرنگ لەوانە:
1. وەڵامێك بوو بۆ ئەو وڵاتانەی بەشێكی كوردستانیان لە بندەستە بەوەی هەر كاتێك ئێمە دووچاری گەورەترین شەڕیش ببینەوە، ئەوا كوردستان یەك پارچەیە، بۆیە نەك 150 پێشمەرگە، بەڵكو یەك پێشمەرگەش بچوایە زۆر بوو.
2. ئەم هەنگاوە سەلماندنی گەلی كوردستان پێش ئەوەی ببێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆش، لە هەر شوێنێك زۆرداری و چەوسانەوە هەبێت، هێزی پێشمەرگە لەوێ بوونی هەیە.
3. سەركەوتنی كورد لە كۆبانێ بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ چوون و هاوكارییەكانی پێشمەرگە، كە ورەیەك بوو بۆ كۆبانێ.
* ئێمە وەك كورد گەلێكی موسڵمانین، بەڵام هەرچی بەسەرمان هاتووە لەلایەن عەرەب و فارس و تورك كە خۆیان بە موسڵمان دەزانن بە سەرماندا هاتووە، ئایا لەمبارەوە وەك زانایەكی ئایینی ئیسلام راتان چی چییە؟
- بێجگە لە نەتەوەی كورد، هەموو گەلانی جیهانی ئیسلامی سوودیان لە ئیسلام وەرگرتووە بۆ سەركەوتنی نەتەوەی خۆیان، ئەمەش هەقیقەتە، ئەگەر سەیری عەرەب بكەین، توانیویانە بە سوود وەگرتن لە ئیسلام جۆرێك لە سیاسەتی خۆیان لە ناوچەكە بسەپێنن، تورك و فارسیش بە هەمان شێوە، بەڵام ئەگەر سەیری گوتار و تێڕوانینی كورد بكەین، هەست دەكەین هەوڵیداوە بۆ پرسی نەتەوەكەی خۆی لە ئیسلام دووربخاتەوە و نەیتوانیوە سوودی لێوەربگرێت، هەر بۆ نموونە ئێمە خەبات بۆ سەربەخۆیی دەكەین، هیچ ئایینێكیش نییە هێندەی ئیسلام جەخت لەسەر سەربەخۆیی بكاتەوە، هەر بۆ نموونە خودا لە قورئاندا دەفەرموویت: (ياأيها الناس إنا خلقناكم من ذكر وأنثى وجعلناكم شعوبا وقبائل لتعارفوا إن أكرمكم عند الله أتقاكم)، ئەمەش واتە ئێمە ئێوەمان لە نێر و مێ دروستكردووە و كردوومانن بە گەل و هۆز بۆ ئەوەی یەكتری بناسن، ئەمەش واتای ئەوەیە كاتێك من یەكتری ناسین لەگەڵ گەلێكی دیكە دەكەم، ئەو سەروەریی خۆی هەیە و دەبێت گەلی منیش سەروەری خۆی هەبێت، پاشان لەناو دەوڵەتی ئیسلامیدا جۆرێك لە فیدڕاڵی هەیە، هەر هەرێمێك داهاتی سەر زەوی و ژێر زەوی بۆ خۆیەتی و بۆ ئەوەیە گەلەكەی خۆشگوزەران بكات، بۆیە دەكرێت لەم لایەنەوە سوود لە ئیسلام وەربگرین، پاشان لەمەش گرنگتر ئەو دەوڵەتانەی ئێستا دەوڵەتیان هەیە، هەموویان بێجگە لە كورد وڵاتی خۆیان نییە و داگیریان كردووە، ئەو دەوڵەتە عەرەبیانەی ئێستا زۆربەیان لەسەردەمی فتوحاتی ئیسلامی دروستبوون و هیچیان خاكی عەرەب نین، بەڵام كورد بە درێژایی مێژوو هەر لە ماددەكانەوە تائێستا لەسەر خاكی خۆی خەباتی كردووە، عەرەب هاتووە گوتاری خۆی لەسەر بنەمای ئوممەی عەرەبی و ئیسلامی داڕشتووە، وەك ئەوەی عەرەب و ئیسلام دووانەیەك بن لێكجیانەكرێنەوە، لە كاتێكدا عەرەب نەتەوەیە و ئیسلام ئایینە، هەروەك چۆن كورد نەتەوەیە، راستە زۆرینەی موسڵمانە، بەڵام كوردی ئێزیدی و كریستیان و كاكەیی و ...هتد هەن، ئەم نەتەوەیە راستە ئایینی جیاوازی تێدایە، بەڵام هەموویان یەك نیشتمانیان هەیە و هەموویان لەیەك سەنگەرەوە بەرگری لێدەكەن، بەڵام ئێمە خۆمان نەمانویستووە كە سوود لە مێژووی خۆمان وەربگرین، هەر بۆ نموونە ئێمە وەك كورد عەلامەیەكی گەورەی وەك مامۆستا سەعیدی نەورەسیمان هەیە كە ساڵانە توركیا كۆنفڕانسی بۆ گرێدەدات و هەموو نووسینەكانی بۆ زمانەكانی جیهان وەرگێڕاون، بەڵام ئێمە خۆمان سوودمان لێ نەبینیوە و نەمانتوانیوە كۆنگرەیەكی بۆ گرێبدەین، لەكاتیكدا ئەم زانا گەورەیە خەڵكی نەورەسی كوردستانی باكوورە و زۆر كات هەر بە سەعیدی كورد ناسراو بووە.
* لایەنێكی دیكە كە لەگەڵ هاتنی داعش بەرچاومان كەوت و پێشتریش هەندێك گرووپی توندڕۆی ئیسلامی ئەنجامیانداوە، تەقاندنەوەی نزرگە و شوێنی پێغەمبەران و شوێنەوارە دێرینەكان بووە، ئایا تاچەند لە مێژووی ئیسلامدا ئەمە بوونی هەبووە و تاچەند ئیسلام رێگە بەم كارە دڕندانەیانە دەدات؟
- هەر میللەتێك شارستانییەتی نەبێت، پێی ناگوترێت میللەت، ئەو شوێنانەش بەشێكن لە شارستانییەتی نەتەوەیەك و مرۆڤایەتیش، بەڵام تیرۆریستانی داعش هاتوون مێژووی گەلان بسڕنەوە، لە مێژووی ئیسلامدا كردەوەی وا بوونی نەبووە، هەر بۆ نموونە كاتێك ئیسلام میسری فەتح كرد، پەیكەرەكانی فیرعەون هەبوون، كاتێك عێراقی فەتح كرد ئەو پەیكەرانەی ئاشورییەكان هەبوون، هەروەها كاتێك ئەفغانستانی فەتح كرد پەیكەری بوزا هەبوون، هیچیان نەشكێندران و تێكنەدران، بۆیە ئەم مەسەلەیە هەڵەیە، سەبارەت بەوەی لەسەردەمی پێغەمبەردا ( د.خ) پەیكەرەكان شكێندراون، لەبەر ئەوە بووە ئەو پەیكەرانە پەرستراون، بەڵام خۆ ئەو پەیكەرانە ئێستا ناپەرسترێن، بۆیە تێكدانی ئەو پەیكەرانە تەقاندنەوەی نزرگەی پێغەمبەران و پیاوچاكان، هەوڵێكە بۆ سڕینەوەی شارستانییەتی ئیسلامی.
* ئەوەی هەستی پێدەكەین لەم شەڕەی داعش وڵاتانی ئیسلامی زۆر هاوكاری كوردستانیان نەكرد، بەپێچەوانەوە رۆژئاوا زیاتر هاوكاری كرد، لەسەر ئەم لایەنە راتان چییە؟
- لەم لایەنەوە گلەیی لە وڵاتانی ئیسلامی دەكەین و هەروەها دەبێت گلەیی لە خۆشمان بكەین، دیارە هەموو وڵاتانی ئیسلامی زۆر كەمتر لە وڵاتانی رۆژئاوا هاوكاری كوردستانیان كردووە، بۆیە لەم لایەنەوە گلەیی لە هەڵوێستی وڵاتانی ئیسلامی دەكەین لەبەر ئەوەی ئەگەر پێیانوایە پریشكی تیرۆر لە وڵاتێك هەبێت و ئەوان ناگرێتەوە، ئەمە هەڵەیە، بەڵام گلەیی لە خۆشمان دەكەین دەبوو چالاكانەتر لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامی كارمان بكردایە، بەتایبەتی عەرەبستانی سعودی كە ئێستا سەرۆكایەتی هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتی دەكات دژی حوسییەكان لە یەمەن، هەروەها قەتەر و دەوڵەتانی دیكەی عەرەبی و ئیسلامیش.
* ئێستا خەریكە شەڕی تیرۆریستانی داعش، دەبێتە شەڕێكی خوێناوی لە نێوان شیعە و سوننە، ئایا تاچەند گرنگە كورد لەم شەڕەدا بێلایەن بێت؟
- شەڕی تیرۆریستانی داعش مەسەلەیەكە و شەڕی مەزهەبگەرایی نێوان شیعە و سوننە مەسەلەیەكی دیكە، ئێمە شەڕی تیرۆریستانی داعشمان كرد لە بەر ئەوەی هێرشیان كردە سەر كوردستان، بەڵام شەڕی مەزهەبی نێوان شیعە و سوننە هیچ پەیوەندییەكی بە كوردەوە نییە و ئێمە ئایینی ئیسلاممان قبووڵ كردووە و بڕاوەتەوە، زۆریش ویستوویانە بە ناوی ئایین كورد سەركوت بكەن، بەڵام شەڕی نێوان شیعە و سوننە، پاشماوەی شەڕی نێوان ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوییە، شەڕی ئێمەی كوردیش شەڕی ئایینی نییە و شەڕی نەتەوەیەكە، ئەو هەڵوێستەی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش زۆر حەكیمانەیە كە دەڵێت: كورد نابێتە بەشێك لە شەڕی سوننە و شیعە.




د.عیرفان رەشید شەریف، پڕۆفیسۆری یاریدەدەرە لە كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكانی زانكۆی سلێمانی. سەرۆكی لیژنەی فەتوای یەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستانە لقی سلێمانی و وتاربێژە لە مزگەوتی دارولسەلام لە سلێمانی.
Top