لە مێژووی نوێماندا شتێكی تازەیە بەمجۆرە خەڵكی ئەڵمانیا پشتگیریی پێدانی چەك بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكات

لە مێژووی نوێماندا شتێكی تازەیە بەمجۆرە خەڵكی ئەڵمانیا پشتگیریی پێدانی چەك بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكات
پڕۆفیسۆر هێنار فۆرتیگ بەڕێوەبەری ئامۆژگای GIGAی ئەڵمانییە بۆ دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پسپۆڕ و تایبەتمەندە لەسەر پرسەكانی میسر، دەوڵەتانی كەنداو و عێراق، بۆ قسەكردن لەسەر وەرچەرخانەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو شەڕە هەمەلایەنەی ئێستا لەناوچەكە بوونی هەیە، ئەم وتوویژەمان لەگەڵ ئەنجامداو بەمجۆرە راو سەرنجەكانی بۆ گوڵان خستەڕوو.
پڕۆفیسۆر هێنار فۆرتیگ بەڕێوەبەری ئامۆژگای GIGAی ئەڵمانی بۆ گوڵان:لە مێژووی نوێماندا شتێكی تازەیە بەمجۆرە خەڵكی ئەڵمانیا پشتگیریی پێدانی چەك بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكات


* رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو شەڕی هەمەلایەن و هاوپەیمانی تێكەڵ هەنگاو هەڵدەگرێت، وەك پسپۆڕێك چۆن سەیری پەرەسەندنەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەیت؟
- بەلای كەمەوە لە دوای بەهاری عەرەبییەوە، یان لە ساڵی 2011ـەوە هاوسەنگیی هێز لە ناوچەكە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشێوی تێكەوتووە و پەرەسەندنی بنەڕەتی هاتوونەتە ئاراوە، هاوپەیمانێتی نوێ و یەكێتی نوێ و كەلێنی نوێ دروست بوون. هەروەها پشێوی لە رەوشەكەدا دروست بووە كە ئێستا دەوڵەتە تەقلیدییەكانی وەك عێراق و سووریا چیتر یاریزانی چالاك نین، لەبەر ئەوەی بەلای كەمەوە بەشێكیان لەلایەن هێزەكانی وڵاتانی دیكەوە داگیركراون، بۆ نموونە لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامی داعشەوە. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەمیشە ركابەری هەبووە لە نێوان سعودیە و ئێراندا، بەڵام ئێستا مەترسی راستەقینە لە نێوان هەردوو وڵاتەكەدا هەیە، ئەمەش شتێكی زۆر نوێیە. ئێستاش ئەو شەڕەی لە یەمەندا هەیە هەڵكشانێكی دیكەی ئەو ركابەرییەیە كە زۆر كۆنترە.
* لەو هێرشەی سعودیە بۆ سەر حوسییەكانی یەمەن تاچەند سعودیە پێش ئەم هێرشەی ئەمریكای ئاگادار كردۆتەوە؟
- سعودیە بە چەند سەعاتێك پێش ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان لە دژی حوسییەكان لە یەمەن ئەمریكای لێ ئاگادار كردەوە، ئەمە شتێكی زۆر نائاساییە لەبەر ئەوەی پرس و راوێژی بەهێز هەبوو لە نێوان سعودیە و ئەمریكا، هەروەها ئەمە ئاماژەیەكی بەهێزە كە سعودیە زیاتر سەربەخۆیە و بەڕاستی گوێ بۆ راوێژەكانی ئەمریكا ناگرن لەو رووەوە ئەوان خۆیان بڕیار دەدەن و بەشێك نین لە حكومەتی ئەمریكا، یان ناتۆ، یان هەر لایەنێكی دیكە لە رۆژئاوا. ئەوان هەوڵ دەدەن بڕیارێك بدەن كە كاریگەریی راستەقینەی هەبێت، پێموایە حكومەتی سعودیە پتر سەربەخۆیانە هەڵسوكەوت دەكات.
•ئێستا توركیاش بە توندی هاتۆتە سەرخەت و راشكاوانە دژایەتی ئێران و پشتگیری سعودیە دەكات، ئایا ئەم هەڵكشانە چۆن دەبینن؟
- بە دڵنیاییەوە حكومەتی توركیا و ئەردۆغان رۆڵێكی دیاریكراویان هەبووە لە بەهاری عەرەبیدا و لەگەڵ رووخاندنی رژێمەكەی حوسنی موبارەكدا بوون، پشتیوانێكی بەهێزی سەرۆك مورسی و میسری سەردەمی ئیخوان موسلمین بوون. بەڵام دوای رووخانی مورسی و گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن سیسی و دەستپێكردنی شەڕ لە دژی ئیخوان موسلمین، هەڵوێستی توركیا گۆڕانكاری بەسەردا هات، لە ئێستاشدا توركیا پشتیوانی و هاوكارییەكی زۆری سعودیە دەكات، لەبەر ئەوەی دوای رووخانی ئیخوان دۆخێك دروستبووە كە بووە هۆی ئەوەی دواتر توركیا بكەوێتە گۆشەگیرییەوە بەهۆی ئەو پشتیوانییانەی بۆ مورسی و ئیخوان موسلمین هەیبوو، ئێستا دەرفەت و هەلێكی باش هەڵكەوتووە بۆ توركیا بۆ ئەوەی دووبارە بگەڕێتەوە بۆ شانۆكە و ببێتە هاوپەیمانێكی بەهێزی سعودیە و هاوپەیمانەكانی لە دژی ئێران. بۆ توركیا ئەمە دەرفەتێكی زۆر باشە بۆ ئەوەی ببێتە یاریزانێكی گەورە، نەك تەنها تەماشاكاری پەرەسەندنەكان بێت.
* لەم هاوكێشەیەدا حكومەتی عێراق كەوتۆتە بەرەی پشتگیری لە ئێران و دژی سعودیە، ئایا تاچەند ئەمە لە ئایندەدا كاریگەری لەسەر عێراق دەبێت؟
- بە دڵنیاییەوە ئەمە پرسیارێكی زۆر قورسە و دەگەڕێتەوە بۆ رووخانی سەددام حوسێن و شەڕی عێراق، ئەوە پتر لە دە ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە و هەروەك هەموو لایەك دەزانن لە ساڵی 2003دا دەستی پێكرد كە پێكهاتەیەكی ئیتنی و نەتەوەیی تایبەتی هەیە و ئاشكرایە لە سەدا 60ی ئەو پێكهاتەیە شیعەن و حكومەتێكی شیعە لە ئارادایە. ئێستا بەراورد بە رابردوو پەیوەندییەكی زۆر بەهێزە هەیە لە نێوان ئێران و ئەو گرووپ و پارتانەی دەسەڵاتیان بەدەستە لە عێراقدا، ئەمە گومانی تێدا نییە. لەلایەكی دیكەوە ناسیۆنالیزمێكی عەرەبی بەهێز هەیە لە عێراقدا، بەلای كەمەوە لە حكومەتدا كەسانێكی عەرەب هەن كە نابنە بووكەڵەی دەستی ئێران، كەواتە سەرەڕای پەیوەندی بەهێزی نێوانیان، ئەوا هێشتا حكومەتی عێراقی حكومەتێكی عەرەبییە.
* هێرشكردنە سەر حوسییەكان لەیەمەن، رژێمی ئەسەد لە رووخان نزیك دەكاتەوە؟
- چەند شوێنێك هەن لە ناوچەكەدا كە بوونەتە جێی ئەولەوییەتی ئەمریكا و باوەڕم وا نییە چیتر سووریا لە سەرووی ئەولەوییاتەكانی ئەمریكاوە بێت. بە دڵنیاییەوە ئێران و گفتوگۆكانی پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی كە لای ئەمریكا زۆر گرنگە، هەروەها لە یەمەن دەڕوانن و لە داعش لە عێراقدا. لەو رووەوە چیتر ئەسەد لە سەرووی ئەولەوییاتەكانی واشنتۆنەوە نییە لەم كاتەدا.
* بەڵام ئەو وڵاتانەی بەشدارن لە لێدانی حوسییەكان بەشێكیشن لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە رێكخراوی تیرۆریستی داعش. ئایا ئەمە چۆن دەخوێندرێتەوە؟
- رەنگە ئەمە حاڵەتەكە بێت، بەڵام عێراق و سووریا، یەمەن نین، چونكە بە دڵنیاییەوە دەستێوەردانی عەرەبی، یان سەربازی لە عێراق و سووریا دۆخەكە زۆر دژوارتر دەكات. پێموایە دووجار بیر دەكەنەوە لەوەی ئایا بەڕاستی كاتەكە گونجاوە بۆ بوونێكی تۆكمەی سوپای عەرەبی، یان سوپای عەرەبی هاوبەش لە باكووری سووریا، یان لە عێراق. تەنانەت بیرۆكەی هێزێكی عەرەبی هاوبەش كە عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر لە لوتكەی عەرەبیدا پێشنیاری كرد، ئەمە تەنها پێشنیارێكە و جێی گومانە هێزێكی عەرەبی هاوبەش لە كۆتایی ئەمساڵدا پێكبهێندرێت، دەكرێت بیرۆكەكە لە ئارادا بێت، بەڵام واقیعەكە شتێكی دیكەیە. من لە ئایندەیەكی نزیكدا پێشبینی روودانی شتێكی لەم چەشنە ناكەم.
* كورد، هاوكارییەكانی ئەڵمانیا بۆ پێشمەرگە بەرز دەنرخێنن، ئایا چۆن لە پێگەی پێشمەرگە دەڕوانن لەم كاتەدا كە شەڕ لەگەڵ دوژمنی جیهاندا دەكات و ئایا راتان لەسەر بەرگرییەكانی هێزی پێشمەرگە لە دژی داعش چییە؟
- بە دڵنیاییەوە پێشمەرگە كارێكی زۆر زۆر گرنگی ئەنجامدا لە شەڕكردن لە دژی تیرۆریستان و بێگومان لە بەرەی پێشەوەدایە و شایستەی هەر هاوكاری و هەر پشتیوانییەكە، لەبەر ئەوە خەڵكی ئەڵمانیا پشتیوانییەكی زۆری پێشمەرگەیان كرد. ئەمە شتێكی نوێیە لە مێژووی ئەم دواییەی ئەڵمانیادا كە خەڵكانێكی زۆر پشتیوانی پێدانی هاوكاری سەربازی بكەن بۆ هێزێكی وەك پێشمەرگە كە شەڕ لە دژی داعش دەكات، ئەمەش ئاماژەیەكە كە ئێمە - بە دڵنیاییەوە كە دەڵێم ئێمە خۆیشم دەگرێتەوە-پشتیوانێكی زۆر بەهێزی خەباتی ئێوەین لە دژی داعش.
Top