دیندار دۆسكی سیاسەتمەدار و وەزیری پێشووی حكومەتی عێراق لەسەر لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بۆ گوڵان:جەنابی كاك مسعود بارزانی رەمزی كوردستانە و رۆڵی سەرەكی و یەكلاكەرەوە بۆ پرسی نەتەوەیی ك
April 2, 2015
دیمانەی تایبەت
ئەم قۆناخەی كوردستانی پێدا تێدەپەڕێت، لەگەڵ ئەوەی قۆناخێكی هەستیار و پڕمەترسییە، لەهەمانكاتدا دەرفەتێكیشە بۆ نەتەوەی كورد بۆ ئەوەی بە یەكگوتاری و یەكگرتوویی هەنگاو بۆ سەرفرازی یەكجارەكی هەڵبگرێت، لەم قۆناخە هەستیارەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ رەواندنەوەی مەترسی و هەڕەشەكانی تیرۆریستانی داعش بڕیاری یەكلاكەرەوەی (شەڕی مان و نەمانی) راگەیاند و لە ماوەی چەند مانگی رابردوو ئەم سەرۆكە وەك پێشمەرگەیەك هاوشانی پێشمەرگە لە سەنگەرەكانی بەرگری و ئازادكردنی بست بە بستی خاكی كوردستان بووە، لە ئێستاشدا هەموو هەوڵەكانی چڕكردۆتەوە بۆ ئەوەی بە یەكگوتاری و بە یەكهەڵوێستی رای گشتی جیهانی بگەیەنێتە ئەو قەناعەتەی كە كورد مافی خۆیەتی بڕیاری چارەنووسی خۆی بدات و خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بێت. بۆ قسەكردن لەسەر بارودۆخی ئێستای كوردستان و پێویستیی یەكڕیزی و یەكگوتاری لەم قۆناخە هەستیارەدا، ئەم وتوێژەمان لەگەڵ دیندار دۆسكی سیاسەتمەدار و وەزیری پێشووی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لە سەر لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان كرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.من خۆم لە دهۆكم و دەزانم جەنابی كاك مسعود بە مانگ لە بەرەكانی شەڕ بووە و لەناو كابینە خەوتووە و لە بەرەی شەڕەكانی شنگال هاوشانی پێشمەرگە لەسەنگەرەكاندا بووە
* ئێستا بارودۆخێك لە كوردستان و ناوچەكە هاتۆتە ئاراوە كە زۆر جیاوازە و هاوكات هەم بارودۆخێكی هەستیار و ترسناكە، هەمیش وەك فرسەتێك دەخوێندرێتەوە بۆ كوردستان، ئایا چۆن سەیری ئەم بارودۆخە دەكەیت؟
- ئەو بارودۆخەی ئێستا كوردستان و ناوچەكە پێایدا تێدەپەڕێت، وێڕای هەموو لایەنە هەستیار و مەترسییەكانی، بەڵام من بە شێوەیەكی گەشبینانە سەیری بارودۆخی هەر چوار پارچەی كوردستان و كوردستانی باشوور بەتایبەتی دەكەم، لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ كوردستان بۆتە هێزێكی كاریگەر لە سەر ئاستی جیهان و بەشێكە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی تیرۆریستانی داعش، ئەمەش وایكردووە كە كوردستان نەك هەر لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە، بەڵكو لەسەر ئاستی جیهان رۆڵێكی كاریگەر دەگێڕێت لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا و لەسەر ئاستی جیهان بە رێزەوە باسی قارەمانیەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكرێت، هەموو ئەمانەش بە خوێنی ئەو شەهیدە قارەمانانە هاتۆتە بەر كە لەپێناوی خاكی كوردستان قوربانییان داوە، بۆیە ئەوەی بۆ ئێستا گرنگە ئەوەیە ئێمە وەك كورد ئەم دەرفەتە لەكیس نەدەین و ئەم سەركەوتنانە بپارێزین، ئەمەش بە یەكڕیزی و یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دێتەدی و دەبێت هەموومان لە ئاستی ئەم بەرپرسیاریەتییەدا بین. راستە لە كوردستان فرەحزبی هەیە و بیروبۆچوونی جیاواز هەیە، بەڵام بەرامبەر بە كێشە سەرەكییە ستراتیژییەكانی نەتەوەییمان دەبێت هەموومان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بین. ئەوەی تائێستا هەستی پێدەكرێت سوپاس بۆ خوا تا رادەیەكی باش ئەم یەكڕیزی و یەكهەڵوێستییە بوونی هەیە، هەتا ئەگەر لە هەندێك پرسدا جیاوازی هەبووبێت، بەڵام نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی كاریگەری لە سەر ئامانجە ستراتیژییەكانی كوردستان هەبووبێت. هەر بۆیە ئەگەر لە سەرەتاوە تیرۆریستانی داعش هەڕەشە و مەترسی بوون لەسەر كوردستان، بەڵام ئێستا لە سایەی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بەشی هەرە زۆری خاكی داگیركراو ئازاد كراونەتەوە و چی دیكە تیرۆریستانی داعش ئەو هێزە نەماون كە هەڕەشە لەسەر هەرێمی كوردستان دروست بكەن.
* ئەگەر لەسەر ئاستی ناوچەكە بە شێوەیەكی گشتی سەیری گۆڕانگارییەكان بكەین، ئایا تاچەند ئەم بارودۆخە ناوچەكە بەرەو گۆڕانكارییەكی گەورە هەم لەسەر ئاستی سیاسی و هەمیش لەسەر ئاستی جوگرافی دەبات؟
- جوگرافیای سیاسیی ناوچەكە و ئەو دەوڵەتانەشی لەم ناوچەیە دروستكراون، هەمووی بەرهەمی رێككەوتنی (سایكس پێكۆ)یە كە پێش شەڕی یەكەمی جیهانی لە نێوان بەریتانیا و فەرەنسا ئیمزای لە سەر كراوە، بۆیە دوای ئەم گۆڕانكارییانە زۆر زەحمەتە بتواندرێت لە سنووری ئەو دەوڵەتە دروستكراوانە جارێكی دیكە بارودۆخەكە رێكبخرێتەوە، ئەمە وەك هەموو جیهانیش باسی دەكات، پێویستی بە دەستكاری و دووبارە داڕشتنەوە هەیە و دەبێت بەپێی سروشت و تایبەتمەندی ئەو نەتەوانەی لەم ناوچەیە دەژین، دووبارە سنوورەكان بكێشرێنەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەم دەوڵەتانە نەبوونە هۆكاری ئەوەی خواستی ئەو نەتەوانەی تێدا دەژین بهێنرێتەدی، ئاشكراشە نەتەوەی كورد بە شێوەیەكی زۆر تایبەتی قوربانی ئەم سنوورە دەستكردانە بووە و غەدرێكی زۆر گەورە لە كورد كرا كە بە سەر چوار وڵاتدا دابەشكرا، ئەمە لەگەڵ ئەوەی عەرەبەكانیش گلەییان لە سایكس پێكۆ هەیە، لەبەر ئەوەی ئەوانیش داوای یەك دەوڵەتیان دەكرد، بەڵام وەك دەبینین 23 دەوڵەتیان هەیە، لە ماوەی 100 ساڵی رابردووش و دوای سەپاندنی ئەم سنوورانە بەردەوام ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرچاوەی كێشە و هەڕەشە و ئاژاوە بووە بۆ ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، بۆ ئێستاش گرنگە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كاتێك هەوڵدەدا سەقامگیری و ئاشتی بۆ ئەم ناوچەیە بگێڕێتەوە دەبێت چاوخشاندنەوە بە سایكس پێكۆدا بكات، بەڵام بۆ ئێمە وەك كورد لەم بارودۆخەدا نابێت تەنها چاوەڕێی ئەوە بین بزانین كەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەم هەنگاوە هەڵدەگرێت، بەڵكو پێویستە هەموو هەوڵەكانی خۆمان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بخەینە گەڕ بۆ ئەوەی رای گشتی نێودەوڵەتی لە مەترسی مانەوەی ئەم سیستمە ئاگادار بكەینەوە، هەروەها پێویستە لەسەر ئاستی میللی هەموو دەنگی خۆمان بەرز بكەینەوە بۆ ئەوەی جیهان بگاتە ئەو قەناعەتە كە ئیدی كاتی ئەوە هاتووە نەتەوەی كورد خاوەنی كیانی سیاسی خۆی و خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆی بێت.
* وەك ئاماژەت پێكرد ئێستا كورد لەناو هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتییە كە 60 دەوڵەت لەخۆی دەگرێت، ئەمەش لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دیپلۆماتییەكان رۆڵێكی كاریگەری گێڕاوە، ئایا ئەم هەوڵانە جێگەی ئومێدن بۆ ئەوەی بە گەشبینی لە ئایندە بڕوانین؟
- وەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد ئەو دەرفەتەی ئێستا بۆ كوردستان هاتۆتە ئاراوە لە ماوەی سەد ساڵی رابردوو بێ وێنەیە، لە هەمانكاتدا دەبێت ئەوەش بزانین لەم بارودۆخەدا هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان كارێكی ئاسان نییە، بۆیە پێویستمان بەوەیە كە هەموو هەوڵەكان لە هەموو ئاستەكانی سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان و حكومەت و هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكان یەكبخەین و هەموو پێكەوە هەوڵبدەین زیاتر ئەم هەوڵانە بەرەو پێشەوە ببەین و هەوڵبدەین لەسەر هەموو ئاستەكان هەوڵە دیپلۆماتییەكان فراوانتر بكەین، لەبەر ئەوەی ئەو ئامانجەی ئێمە خەباتی بۆ دەكەین و دەمانەوێت هەنگاو بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ هەڵبگرین، ئامادەباشییەكی زۆر باشی دەوێت، پێش هەموو شتیش پێویستی بەوەیە كە هەموومان شان بدەینە بەر ئەم ئەركە قورسەو لەوە ئاگاداربین كە ئەمە كارێكی ئاسان نییە، بەتایبەتی كە پرسەكە پەیوەستە بە گۆڕینی جوگرافیای سیاسی ناوچەكە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا دەبێت بڕوامان بە خۆمان هەبێت و دەبێت بزانین ئەم پرسە ئەگەر زۆر قورسیش بێت، بەڵام مەحاڵ نییە. ئەوەی گرنگە لەم قۆناخە ئەوەیە كورد یەك گوتاری بەرامبەر عێراق و ناوچەكە و جیهان هەبێت، بۆ ئەوەی جیهانیش وەك داخوازی گەلی كورد سەیری ئەم گوتارە یەكگرتووە بكات.
* لەو كاتەی داعش هێرشی كردە سەر هەرێمی كوردستان، سەرۆك مسعود بارزانی بڕیاری شەڕی مان و نەمانی لە دژی تیرۆریستانی داعش راگەیاند، ئەم بڕیارەی بارزانی تەنانەت پێش بڕیاری ئەمریكا و هاوپەیمانانیش بوو لە دژی تیرۆریستانی داعش، ئایا وەك سیاسەتمەدارێك چۆن سەیری ئەو بڕیارەی بارزانی دەكەیت؟
- هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر كوردستان هەڕەشەیەكی زۆر گەورە بوو بۆ سەر هەموو نەتەوەی كورد، بۆیە بڕیاری جەنابی كاك مسعود بارزانی بە راگەیاندنی شەڕی سەرتاسەری دژی تیرۆریستانی داعش، بڕیارێكی بوێرانە و حەكیمانە بوو، یەكێك بووە لەو ئەركانەی لە چوارچێوەی دەسەڵاتی خۆیدا وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە زۆر حەكیمانە هەنگاوی بۆ هەڵگرتووە، پاشانیش لەم شەڕەدا هەموو خەڵكی كوردستان پشتیوانی و پشتگیری بڕیارەكەی جەنابی كاك مسعودی كردووە، دوای ئەوەش پشتگیری هاوپەیمانان هاتووە و بۆتە بڕیارێكی ستراتیژی دژی تیرۆریستانی داعش، بۆیە ئەم بڕیارەی كاك مسعود بارزانی بڕیارێكی بوێر بووە و لە قۆناخێكی هەستیار و پڕمەترسیدا ئەم بڕیارەی داوە و بەم بڕیارەی تەحەمولی بەرپرسیاریەتییەكی قورسی كردووە كە ئەو بڕیارە بدات و كوردستان لەو مەترسییە دووربخاتەوە، لەم شەڕەدا دەبێت بە تەقدیر و رێزەوە سەیری رۆڵی كاك مسعود بارزانی بكرێت، من خۆم لە دهۆكم و دەزانم جەنابی كاك مسعود بە مانگ لە بەرەكانی شەڕ بووە و لەناو كابینە خەوتووە و لە بەرەی شەڕەكانی شنگال هاوشانی پێشمەرگە لەسەنگەرەكاندا بووە، بۆیە ئەگەر كاك مسعود ئەو رۆڵەی نەگێڕابایە و بۆخۆی وجوودی مەیدانی لە بەرەكانی شەڕ نەبوایە، ئەوا ئەو سەركەوتنانە بەوجۆرە بەدەست نەدەهاتن و شەڕەكە بەو جۆرە ئاسان نەدەبوو كە ئێستا دەیبینین. هەموو لایەك دەزانن هێزی تیرۆریستانی داعش هێزێكی گەورە بوو، ئەوان لە دەروازەی بەغدا بوون و خەریك بوو سوپای عێراق هەمووی لە بەریەك هەڵبوەشێنن، لە موسڵ ئەو هەموو هێزەی سوپای عێراق نەیانتوانی چەند كاتژمێرێك لە بەرامبەر داعش رابوەستن، بۆیە شەڕی پێشمەرگە لەگەڵ داعش شەڕێكی گاڵتە نەبوو، بەڵام وجوودی مەیدانیی جەنابی كاك مسعود لە بەرەكانی شەڕ هاوكێشەكەی پێچەوانە كردەوە و بووە هۆكاری ئەوەی ورەی پێشمەرگە بەرز ببێتەوە، هەروەها خەڵكیش كە بینییان سەرۆك خۆی لە بەرەكانی شەڕە، زیاتر پشتیوانی پێشمەرگە و بڕیارەكەی كاك (مسعود بارزانی)یان كرد.
* ئەوەی لەماوەی ئەم شەڕە بینیمان سەردانی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بوو بۆ لای بارزانی لە بەرەكانی شەڕ، ئایا تاچەند بەرەكانی شەڕ هۆكارێك بوو بۆ یەكڕیزیی هەموو هێزە سیاسییەكان؟
- جەنابی كاك مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە و ئێمەش وەك حزبە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستان پشتیوانی لە بڕیار و هەوڵەكانی كاك مسعود بارزانی دەكەین، هەروەها ئێمە وەك لایەنە سیاسییەكان و خەڵكی كوردستان هەرچیمان پێبكرێت دریغی ناكەین لە پێناوی ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان سەركەوتن بەدەست بهێنن، لایەنێكی دیكە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەر پرسە نەتەوەیی و ستراتیژییەكان بەردەوام راوێژی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان كردووە و كۆبوونەوەی بەردەوام لە نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حزبە سیاسییەكانی كوردستان هەبووە، لەبەر ئەوەی ئەم هەڕەشەیەی تیرۆریستان بۆ سەر هەر تاكێكی كوردستانە و پشتیوانی و پشتگیری ئێمەش بۆ هەوڵەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هیچ منەتێكی تێدا نییە و ئەرك و واجبی خۆمان جێبەجێ كردووە. بۆیە من دەڵێم لەم قۆناخە زۆر گرنگە بەردەوام هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستان پشتیوانی هەوڵەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بن.
* ئێوە ئاگادارن ماوەیەكی زۆرە بەڕێز مسعود بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی ئەوەدایە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان پێكەوە كۆبكاتەوە و كورد لەم قۆناخە خاوەنی گوتارێكی سیاسی یەكگرتوو بێت، ئایا تاچەند گرنگە لەم قۆناخە هەموو لایەنەكان پشتگیری هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی بكەن؟
- ئەوە گومانی تێدا نییە كە جەنابی كاك مسعود بارزانی لە ئێستادا كەسایەتییەكی نێودەوڵەتییە و پێویستە كورد لەم قۆناخە سوود لە شكۆی كەسایەتی كاك مسعود بارزانی وەربگرێت، كە لە ئێستادا لەسەر ئاستی هەردوو تەوەری ناوخۆ و دەرەوەش كەسایەتییەكی كاریگەرە، لەسەر ئاستی دەرەوە بۆ ئەمریكا و ئەوروپا و هەموو جیهان، كەسایەتیی كاك مسعود بارزانی رۆڵی سەرەكی و یەكەم بۆ پرسی نەتەوەیی كورد دەگێڕێت و ئەو قەناعەتشم هەیە كە بێجگە لە كاك مسعود بارزانی كەسی دیكە ناتوانێت ئەو رۆڵە بگێڕێت، ئەو رۆڵەش كە دەیگێڕێت و ئەو ئامانجەش كە هەوڵی بۆ دەدات، جێگەی تەقدیر و رێزە بۆ هەموو لایەكمان، لەم قۆناخەدا كەسایەتی كاك مسعود بارزانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ پرسی نەتەوەییمان زەروورەتە و رۆڵێكی گەورە و یەكلاكەرەوەی هەیە بۆ ئەوەی رای گشتی جیهان بە خواستەكانی نەتەوەی كورد قانیع بكات، بەتایبەتیش ئەمریكا و ئەوروپا، لەسەر ئاستی تەوەری ناوخۆش ئەوە گومانی تێدا نییە و هەموو لایەك دەبینین جەنابیان چ رۆڵێكی كاریگەری لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش گێڕاوە و ئەو سەركەوتنانەی بەدەست هاتوون هەمووی بە سەرپەرشتی جەنابیان بووە، لەسەر ئاستی كۆكردنەوەی هێز و لایەنە سیاسییەكان و دروستكردنی گوتارێكی یەكگرتووش كاك مسعود بارزانی هەوڵێكی زۆری داوە و توانیویەتی رۆڵێكی كاریگەر بۆ یەكڕیزی و یەكهەڵویستی هەموو لایەنەكان بگێڕێت، بۆیە تەئكید دەكەمەوە جەنابی كاك مسعود بارزانی رۆڵێكی كاریگەر و ستراتیژی لەم قۆناخە گێڕاوە و من تەمەننای ئەوە دەكەم لە داهاتوودا رۆڵێكی گەورەتر و كاریگەرتریش بگێڕێت.
* ئەگەر لە سەر قسەكانتان ئەو پرسیارە بكەین، ئایا تاچەند بۆ ئێستا گرنگە كە بەڕێز مسعود بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەم ئەركە نەتەوەییانە تەواو بكات، بەتایبەتیش لە ئێستادا كە باس لەوە دەكرێت پرسی سەرۆكایەتی هەرێم بەرەو كۆتایی دەچێت؟
- لێرەدا گرنگە لەم پرسەدا دوو مەسەلەی گرنگ لە یەكتری جیا بكەینەوە، یەكەمیان كەسایەتی جەنابی كاك مسعود بارزانی لەلایەك و مەسەلەی پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم لەلایەكی دیكە، بەلای منەوە مەسەلەی سەرۆكایەتی هەرێم پرسێك نییە پەیوەست بێت بە كەسایەتی كاك مسعود بارزانی، ئەوە پرسێكی یاساییە و دەبێت هێز و لایەنە سیاسییەكان لەسەری رێكبكەون و پاشان لە پەرلەمان بە یاسا چارەسەر بكرێت، بەڵام سەبارەت بە كەسایەتی كاك مسعود بارزانی، كەسایەتی جەنابیان لەسەر ئاستی كوردستان جێگەی تەقدیر و رێزی هەموو لایەنە سیاسییەكانە و هەموو لایەكیش دەزانن ئەم كەسایەتییە بۆ ئێستا تا چەند گرنگە، وەك رای خۆیشم من بەو جۆرە سەیری كەسایەتی كاك مسعود بارزانی دەكەم، ئەو ئێستا یەكێكە لە رەمز و سونبولەكانی كوردستان و ئەگەر سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش نەبێت، ئەو رۆڵەی ئێستا دەیگێڕێت، ئەو رۆڵە هەر دەگێڕێت، واتە ئەگەر سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش نەبێت، بە كەسایەتی خۆی كە ئێستا كەسایەتییەكی نێودەوڵەتییە و بەو مێژووەی هەیەتی دەتوانێت لەسەر ئاستی ناوخۆی كوردستان و دەرەوە و جیهانیش، هەمان رۆڵ بگێڕێت.
