د. محەمەد تەها حەمدون وتەبێژی حەراكی شەعبی سوننە بۆ گوڵان:حەشدی شەعبی بریتیە لە 46 گرووپی میلیشیای شیعە و هەر یەكەیان ئاڵا و سەركردەی خۆی هەیە
April 2, 2015
دیمانەی تایبەت
هێرشی سعودیە و 10 دەوڵەتی دیكە بۆ سەر حوسیەكانی یەمەن، ئاماژەیەكی گرنگە بۆ شەڕێكی ئیقلیمی گەورە، هەروەها زیاتر دەركەوتنی شەڕێكی گەورەی مەزهەبگەرایی نێوان شیعە و سوننەیە، لەمەش زیاتر هەردوو دەوڵەتی توركیا و پاكستان وەك دوو دەوڵەتی ئیسلامی گەورەی غەیرە عەرەب پشتیوانی سعودیە دەكەن و هەریەك لە تاران و بەغداش پێیانوایە پەنابردن بۆ هێزی سەربازی كێشەكە زیاتر ئاڵۆزتر دەكات، ئێستا لە عێراقیشدا خەریكە شەڕی تیرۆریستانی داعش دەگۆڕێت بۆ شەڕێكی خوێناوی لە نێوان شیعە و سوننە، وەك نوێنەرانی عەرەبی سوننە باسی دەكەن، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لەگەڵ رزگاركردنی هەر ناوچەیەكی عەرەبی سوننە، تۆڵەش لە خەڵكەكەی دەكەنەوە، بۆ قسەكردن لەسەر ئاڕاستەی ئەم شەڕە و نیگەرانییەكانی عەرەبی سوننە، ئەم وتووێژەمان لەگەڵ د. محەمەد تەها حەمدون سامەرایی وتەبێژی فەرمی حەراكی شەعبی سوننە ئەنجامداو بەمجۆرە رای خۆی بۆ گوڵان خستەڕوو.* ئێوە وتەبێژی بزاڤی میللی عێراقن( الحراك الشعبی) ئایا ئەم بزاڤە نوێنەرایەتی كێ دەكات؟
- ئەم بزاڤەی ئێمە گوزارشت لە شەقامی سوننەی عێراق دەكات لە شەش پارێزگادا، لە رووی ئایینییەوە زیاتر لە زانایەكمان هەیە، لە رووی سیاسیشەوە چەند لیستێكمان هەیە لەوانە لیستی موتەحیدون كە زۆرینەی لایەنەكان دەگرێتەوە و ئەم بزاڤەش نوێنەرایەتی سەرجەم جەماوەر و لایەنەكانی سوننە دەكات.
* بەو واتایەی ئێوە دابەش بوونە بەسەر هەر شەش پارێزگادا، ژمارەی ئەوانەتان كە چەكیان هەڵگرتووە چەندە؟
- ئێمە بزاڤێكی ئاشتیخوازین و پەیوەندیمان بە چەكەوە نییە، ئێمە پەیوەندیمان باشە لەگەڵ سیاسەتوانان و زانایان و هەندێ لە سەرۆك عەشیرەتەكان، هەروەك گوتم ئاشتیخوازین و لە موسڵ و بەغداو ئەنبار و دیالە و كەركووك و سەلاحەدین، لە هەموو كاتێكدا پێمانوایە كە چەك كێشەكان چارەسەر ناكات و ئەو ململانێیەی هەیە لە نێوان ئێران و ئەمریكا و دەوڵەتانە، بۆیە بە ئاشتییانە كێشەكان چارەسەر ببن، باشترە.
* كەواتە ئەمڕۆ رۆڵی بزاڤی میللی چییە؟
- ئێمە لە هەموو پارێزگا و قەزا و ناحیەكان بنكەی راگەیاندنمان هەیە كە كاردەكەن بۆ كۆكردنەوەی رای گشتی لە هەمبەر هەموو پرس و بابەتەكانی رۆژانە، هەروەها لە دەرەوەی عێراقیش پەیوەندیمان پێوە دەكەن، وەك نوێنەرایەتیی شەقامی كۆمەڵگەی سوننە، تەنانەت رای سیاسی و پەیماننامەی چاكسازی كە لە 14 خاڵی داخوازییەكانمان پێكهاتووە و كاتی خۆی دەرمانكردووە، ئەو حكومەتەی ئێستاش لەسەر ئەو بنەمایە پێكهات.
* بەو ناوەی كە وتەبێژی بزاڤی میللی سوننین، چۆن رەوشی ئێستای عێراق دەخوێننەوە لەو شەڕ و پێكدادانەی كە زۆربەی ناوچەكانی عێراقی گرتۆتەوە؟
- من پێموایە شەڕی ئەمڕۆ عێراقی نییە، بەڵكو زیاتر ئیقلیمی و نێودەوڵەتییە و تەنیا لەسەر خاكی عێراق دەكرێت، قوربانییەكانیشی هاووڵاتی عێراقین، تەنانەت بڕیادەری لیژنەی ئاسایش لە پەرلەمانی عێراق بە ئاشكرا رایگەیاندووە كە لە ئێستادا زیاتر لە 30 هەزار چەكداری ئێرانی لە عێراقن، ئێران بوونی شەڕی داعشی قۆستەوە بۆ ئەوەی بێتە نێو عێراقەوە و هەژموون و دەسەڵاتی خۆی زیاتر لە عێراق بچەسپێنێت، ئەوەی لێرەدا زەرەرمەندە سوننە و كوردە، هەروەكو دەزانن كە سەبارەت بە ئێمە زۆربەی شەڕەكان هەر لە ناوچەكانی ئێمەدایە و هاووڵاتیان ئاوارەبوون و ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ هێشتووە و بە هەزاران كەسمان لێ كوژراوە و سوننە كەوتۆتە نێو بەرداشی داعش و میلیشیاكانەوە، بۆیە بە هەردووكیان دەستدرێژیمان دەكەنەسەر و لێمان دەكوژن و دەربەدەرمان دەكەن، بێ ئەوەی هیچ یاسایەك رێگەیان لێ بگرێت.
* ئایا دەتوانین بڵێین كە ئەم شەڕە بەو شێوەیە كە هەروەكو دەگوترێ شەڕی شیعە- سوننەیە؟
- ئەوەی لە ئێستادا لە ناوچەكە روودەدات، بەتایبەتی شەڕی یەمەن و حوسییەكان ئەو ئاڕاستەیە دەگەیەنێت، بەڵام پێمانوایە كە ئەوەی روودەدات بە ئاشكرا فراوانكردنی دەسەڵاتی ئێرانە لە ناوچەی عەرەبیدا، ململانێی نێوان ئێران و نەیارەكانی لە دەوڵەتانی عەرەبی ئەم دەرئەنجامانەی لێكەوتۆتەوە، ئێران بە بیانووی پارێزگاریكردن لە شیعە مەزهەبەكانی عەرەب لە ناوچەكەدا پەل بۆ یارمەتیدانی ئەوانە دەهاوێژێت.
* حەشدی شەعبی كە ئێستا لە چەندین بەش و لایەن پێكدێت و چەكیان هەڵگرتووە و چەكداری رێكخراوەیین واتا حكوومی نین، ئێوە چۆن لەوانە دەڕوانن؟
- لە راستیدا ئەوانە تەنیا بە ناو پێیان دەگوترێت حەشدی شەعبی، ئەوانە 46 تاقمی میلیشیای چەكدارن و هەر یەكەیان ئاڵای خۆیان و سەركردەی خۆیان هەیە، بە واتای ئەوەی چەكدارانی عەسائبی ئەهلی حەق لەگەڵ سەرایای سەلام و هێزی بەدر جیاوازن، ئەوانە سەر بە ئێرانن، ئەگەر لە چاوپێكەوتنی تەلەفزیۆنی لێیان بپرسن مەرجەعی ئێوە كێیە، ناڵێن (سیستانی)یە، بەڵكو دەڵێن مەرجەعی ئێمە (خامنەئی)یە، ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ ماڵپەڕەكانیشیان وێنەی خامنەئی دەبینن، هاوكات ململانێ هەیە لە نێوان حەوزەی قوم و حەوزەی نەجەف، دوای لێدوانەكەی ئەم دواییەی رۆحانی دوای شەڕی عەلەم و دۆر، كاتێ گوتی: بەغدا پایتەختمانە و هەموو ناوچەكانیش هی ئێمەیە، بۆیە مەرجەعیەتی نەجەف وەڵامی دایەوە، بەڵام لە راستیدا دوا قسەو كردار هەر بۆ ئێرانە و قاسم سولێمانی سەركردەیە و هەموو فەرمانێكی بەدەستە. تەنانەت سەركردەكانی سوننە ئەگەر ویستیان وتووێژ بكەن دەگەڕێنەوە بۆلای ئەبو مەهدی ئەلموهەندیس، یان قاسم سولەیمانی.
* ئەمە مانای وایە حكومەتی عێراق هیچ دەسەڵاتی بەسەر ئەو میلیشیایانەدا نییە؟
- بەڵێ، هیچ دەسەڵاتێكی بەسەریاندا نییە، زۆرجار لە دانوستانی یەكێتیی هێزەكانی سوننە لەگەڵ عەبادی بە دەست بەتاڵییەوە دەرچوون و گوتیان ئەو هیچ توانایەكی بەرامبەریان نییە و ناتوانێت یەك زیندانی بەربدات، ئەوانە ناسنامەیان هەیە، بەتایبەتی لایەنگرانی هادی ئەلعامری كە كەس ناتوانێت لێپێچینەوەیان لەگەڵ بكات، تەنانەت فەرماندەی ئۆپەراسیۆن لە سامەڕا ناتوانێت قسە لەگەڵ یەك چەكداری میلیشیاكاندا بكات.
* پێتانوایە ئەوانە هەر وا دەمێننەوە، دوای كۆتایی شەڕی داعش، ئایا دەچنە نێو سوپای عێراقەوە، یان هەر بەم شێوەیە كاردەكەن؟
- لە راستیدا پێشتر یاسایەك هەبوو بە ناوی پاسەوانی نیشتمانی كە سوننە داوایان كرد هێزێك لە عەشیرەتەكان پێكبێت بۆ پارێزگاریكردن لە ناوچە سوننەنشینەكان، كێشەكە لەوەدایە كە ئەو یاسایە ناوەڕۆكەكەی بەتاڵ كرا و ئەم میلیشیایانە قۆستیانەوە، ئەمڕۆ ئێران پلانێكی بەدەستەوەیە بۆ پێكهێنانی هێزێك لە عێراق لە شێوەی حزبوڵڵا كە وەك بەسیج بێت كە چەكەكەی لە پۆلیس زیاتر و لە سوپا كەمترە، لە راستیدا ئەم هێزە لە ئێستادا هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات و سەر بە ئێرانە و مایەی هەڕەشەیە بۆ سەر كورد و سوننە، ئەم هێزە هەروەكو ئەمریكا دەڵێت: لە داعش مەترسیدارترە، داعش كۆتایی دێت، بەڵام ئەو هێزە دەمێنێتەوە و دواتر ركابەری سوپا و پۆلیس دەكات، واتا سەر بە فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق نابێت، بەڵكو سەر بە ئێران دەبێت، كە بەم شێوەیەش ئێران دەتوانێ دەسەڵاتی خۆی زیاتر بەسەر عێراقدا بسەپێنێت.
* دەربارەی ئەوە چی دەڵێن كە گوایە حەشدی سوننەش هەیە؟
- ئەمە بڕگەیەكی راگەیاندنە تەنیا بۆ گاڵتەپێكردنە، هیچ هێزێكی سوننە نییە، نموونەت بۆ بێنمەوە لە دیالە رێككەوتن كرا لەسەر سەلیم جبوری، لەگەڵ هادی عامری و حەیدەر عەبادی و قاسم سلێمانی و مەهدی ئەلموهەندیس بە پێكهێنانی هێزێكی 3000 كەسی لە عەشیرەتەكانی دیالە، بەڵام جێبەجێ نەكرا، كە دواتر ئەو ماڵانەی ئاگریان تێبەردرا لە دیالە ماڵی ئەو كەسانە بوو كە ناوی خۆیان بۆ ئەم مەبەستە تۆماركردبوو، تەنانەت لە دۆڕ ماڵی ئەو كەسانە سووتێنرا و كاول كرا كە لە پاڵ ئەو میلیشیا شیعانە شەڕ دەكەن.
* سەرۆك مسعود بارزانی رایگەیاندبوو كە پێشوەختە حكومەتی پێشووی ئاگاداركردبۆوە لە هاتنی هێزێك بەرەو موسڵ، دواتر رۆڵی ئەو لە پێكهێنانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، چۆن ئەمەتان خوێندەوە و چ قسەیەكتان لەسەر ئەم بابەتە كردبوو؟
- ئێمە دووجار چاومان بە جەنابی كاك مسعود كەوت، ئەو پیاوی ئەم قۆناغەیە، زۆر كەس پێیوایە ئەو دانایی و لێهاتوویی و سەركردایەتییەی هەیەتی مایەی رێز و پێزانینی سەركردەكانی سوننەیە، تەنانەت غەیری سوننەش، جەنابیان لەم قۆناغەدا توانیویەتی كە ببێتە مایەی پشت پێ بەستن و متمانە پێكردنی زۆربەی سیاسەتوانان، هەر خۆی بەو رەفتار و مامەڵەكردنە نەرم و دانایانەی توانیویەتی سەرنجی شەقامی سوننە و عەرەب بە گشتی بۆ خۆی رابكێشێت و ئومێد وایە كە بتوانێت خزمەت بە هەموو لایەك بكات.
* ئایا سوننە ئامادەییان تێدایە رووبەڕووی داعش ببنەوە، هەندێك دەڵێن تا ئێستا سوننە شەڕی لەگەڵ داعش نەكردووە، ئێوە دەربارەی ئەمە چی دەڵێن؟
- سوننە دەرفەتیان نەبووە كە شەڕی داعش بكەن، ئەوەی داعشی لە قاعیدە جیاكردەوە ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی بوون، بۆیە سوننە زیاتر بۆتە ئامانجی داعش و زیانی زۆری پێ كەوتووە، هەر ئێمە بووین داوای یاسای پاسەوانی نیشتمانیمان كردبوو، حكومەت ناهێڵێت سوننە چەكداربن، ئەوەتا لە ئەنبار عەشیرەتەكانی سوننە داوای پێكهێنانی هێزی چەكدار دەكەن بۆ شەڕكردن لەگەڵ داعش، بەڵام حكومەت پێیان نادات، بۆیە دەبینین هاوكاریی ماددی و مانەوی و لۆجستیش هەمووی بۆ حەشدی شەعبییە، لێدوانەكانی پارێزگاری ئەنبارو سەرۆكی پارێزگا و عەشیرەتەكان هەموویان بەو شێوەیەن كە حكومەت پشتی تێكردوون تا شەڕی داعش بكەن، بە شێوەیەك كە كار گەیشتە ئەوەی خشڵ و ئاڵتوونی ژنەكانیان بفرۆشن، تاكو چەكی لە بازاڕی رەش پێ بكڕن بۆ شەڕكردن دژی داعش.
* بەڵام گوێمان لێ بووە، كە هەندێك لە هێزی عەشیرەتەكانی سوننە چوونەتە ئەمریكا بۆ وەرگرتنی چەك، ئایا ئەمە بەكوێ گەیشت؟
- ئەمە راستە، بەڵام ئەمریكا پەشیمان بووەوە، بە بیانووی ئەوەی چەك تەنیا بە رێگەی حكومەتی ناوەندەوە دەدات، بێگومان ئەگەر بیداتە بەغدا ئەویش لە جیاتی ئەوەی بیداتە سوننە دەیدات بە حەشدی شەعبی، بۆیە سكاڵامان پێشكەش كرد كە رەنگە ئەمریكا چاو بەمەدا بخشێنێتەوەو راستەوخۆ بیداتە عەشیرەتەكان.
* ئایا داواتان كردووە كە پێشمەرگە بەشداری لە ئازادكردنی موسڵ بكات ؟
- ئێمە پێمانوایە لە موسڵ و دیالەش بەشداریكردنی پێشمەرگە باشترین چارەسەرە، بەڵام هەر وەك دەزانن ئازادكردنی موسڵ هەر وا ئاسان نییە، هەروەها 15 هەزار چەكدار بۆ موسڵ ئامادە كراوە، بەڵام پێمانوایە كە نابێ هەر پێشمەرگە قوربانی بۆ بدات، بەڵكو با هاوكاری و پشتیوانیمان بكات و هەموومان لەم شەڕەدا بەشدار بین.
