فلیپ شمیتەر پسپۆڕ لە زانستی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بۆ گوڵان:گرنگە جۆرێك لە هاوسەنگی لە نێوان پاراستنی ئاسایش و تایبەتمەندی و ئازادی تاك رابگیرێت

فلیپ شمیتەر پسپۆڕ لە زانستی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بۆ گوڵان:گرنگە جۆرێك لە هاوسەنگی لە نێوان پاراستنی ئاسایش و تایبەتمەندی و ئازادی تاك رابگیرێت
پڕۆفیسۆر فلیپ شمیتەر ئوستادی زانستی سیاسەتە لە زانكۆی ئەوروپا لە فلۆرەنسا لە ئیتاڵیا و پسپۆڕ و تایبەتمەندە لە پرسی ئاشتی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، بۆ قسەكردن لەسەر راگرتنی هاوسەنگیی نێوان پاراستنی ئاسایش و پاراستنی تایبەتمەندی و ئازادییەكانی تاك و چۆنیەتی ئیستغلالكردنی هۆیەكانی راگەیاندن و پەیوەندی لەلایەن تۆرە تیرۆریستییەكانەوە، ئەم وتووێژەمان لەگەڵی ئەنجامدا و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* حاڵی حازر جیهان دووچاری قەیرانگەلێك بووە بە هۆی تیرۆریستانەوە كە ئاسایشی ناوخۆیی و دەرەكیی وڵاتان كەوتۆتە بەر مەترسی و ئەمەش هەموو كەسێكی نیگەران كردووە، بە چەشنێك بۆ پاراستنی ئاسایش هێزەكانی پۆلیس هەندێ جار ناچار دەبن تایبەتمەندی تاكەكەسەكان و ئازادییەكانیان پێشێل بكەن، چونكە ئێستا تیرۆریستان بە شێوەیەكی بەربڵاو سۆشیال میدیا بەكار دەهێنن. ئایا چۆن هاوسەنگییەك لە نێوان پاراستنی ئاسایش و پاراستنی ئازادییە تاكەكەسییەكان دروست بكەین؟
- ئێوە بە شێوەیەكی دروست گوزارشتتان لێكرد، ئاشكرایە ناكرێت بە بێ جۆرێك لە راگرتنی هاوسەنگی لە نێوان پاراستنی ئاسایش و ئازادیی تاك، ئاسایش بهێنرێتەدی، ئەمەش دەوەستێتە سەر سیاسەتی ناوخۆیی وڵاتێكی دیاریكراو. لە ئەوروپا بەگشتی و لە ئەمریكا بەتایبەتی، نەك هەر تەنها هەستارییەكی زیاد لە ئەندازە هەیە لە بەرامبەر كێشەكانی پەیوەست بە مافەكانی مرۆڤەوە، بەڵكو ژمارەیەكی زۆری رێكخراو هەن ئەم مافانە دەپارێزن و رێكخراوێك هەیە پێی دەگوترێت: (American Civil Liberty Union) كە ئێستا سكاڵای یاسایی بەرزكردۆتەوە دژی دەزگای هەواڵگری ئەمریكا (CIA) لە بەرامبەر سیخۆڕیكردنی بەسەر هاووڵاتیانی ئەمریكاوە، ئەمە هەرگیز لە ئەوروپا روو نادات، چونكە رێكخراوێكی هاوشان نییە لە ئەوروپا، كەواتە جیاوازییەكە هەر لە پارتە سیاسییەكاندا نییە، ئاشكرایە كاتێك حزبی موحافیزكار لە دەسەڵاتدا بێت، ئەوا تای تەرازووەكە پتر بەلای ئاسایشدا دەشكێت و كەمتر بەلای ئازادیی تاكەكەسیدا دەبێت، كاتێكیش چەپ لە دەسەڵاتدا بێت، ئەوا تەرازوەكە بەلاكەی دیكەدا قورستر دەبێت و ئاسایشێكی كەمتر لە ئارادا دەبێت، بەڵام ئازادییەكی زیاتر، یان دادپەروەرییەكی كۆمەڵایەتی زیاتر، -یان هەر ناوێكی لێ دەنێیت- دێتەئاراوە، بەڵام جیاواز لە پارتە سیاسیەكان لایەنگەلێكی دیكە هەن، كە پێیان دەڵێین رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، كە بە زۆری رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و كۆمەڵەی پارێزەرانن و رێكخراوی زۆر لە وڵاتە جیاوازەكاندا هەن، كە بە دڵنیاییەوە داكۆكی لە مافەكانی مرۆڤ دەكەن، لەلایەكی دیكەوە هێزەكانی ئاسایش هەن، بە زۆری سوپا و پۆلیس و پۆلیسی نهێنین، كە دیراسەتكردن و تێگەیشتن لێیان قورسترە، چونكە ئەم دەزگایانە بە نهێنی كاردەكەن. بەڵام لە كاری رێكخراوێكی كۆمەڵگەی مەدەنی تێدەگەین كاتێك ناڕەزایەتی دەردەبڕێت، لەبەر ئەوەی بە ئاشكرا ئەم كارە دەكات. ئەوەی نایزانین ئەوەیە چۆن دامەزراوەكانی دەوڵەت- مەبەستم لە دامەزراوە ئەمنییەكانە- كار دەكەن، چۆن فشار لەسەر حكومەت دروست دەكەن بۆ كەمكردنەوەی مافە مەدەنی و سیاسییەكان.
* بەرەوپێشچوونی تەكنەلۆژیا لایەنی باش و خراپی هەیە، دەبینین تیرۆریستان زۆرترین سوودی لێوەردەگرن بۆ بڵاوكردنەوەی پەیامی خۆیان، هەروەها دەزگاكانی راگەیاندن بەكار دەهێنن بۆ پەخشكردنی ئەو كارانەی ئەنجامیان دەدەن، كەواتە راگەیاندن كەوتۆتە خزمەتی ئامانجەكانی ئەوانەوە، پرسیارەكە ئەوەیە چۆن بتوانین كارێك بكەین راگەیاندن ببێتە هۆكارێك بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم؟
- لە بنەڕەتدا ئەوەی ئێوە دەیڵێن ئەوەیە: ئایا ئەنتەرنێت و هۆكارەكانی دیكەی پەیوەندیكردن باشن، یان خراپن بۆ دیموكراسی؟ لێرەدا دەستەواژە سەرەكییەكە تەمومژاوییە، یاخود ئەوەیە مەسەلەكە بە هەردوولادا دەڕوات. واقیعەكە ئەوەیە زۆربەی سیستمەكانی ئەنتەرنێت لە دەستی كۆمپانیا تایبەتە سەرمایەدارییەكاندان. كەواتە مەسەلەكە ئەوە نییە بڕیار بدەین باشترین رێگەچارە چییە؟ - ئەگەر گوزارشتەكە راست بێت-، یاخود ئایا هاووڵاتیان چ مافێكیان هەیە كاتێك ئەنتەرنێت بەكار دەهێنن و ئایا مافی ئەوەیان هەیە هەندێ شت بلۆك بكەن؟ یاخود ئایا حكومەت دەتوانێت دەستێوەردان بكات؟ دەكرێت ئەمانە رووبدات و دەكرێت زۆر كاراش بێت، وەك كوبا و چین و كۆریای باكوور و ئەو حكومەتانەی دیكە كە كۆنتڕۆڵی دەستڕاگەیشتن بە ئەنتەرنێت دەكەن، یاخود سنوورداری دەكەن، كەواتە دەكرێت ئەمە رووبدات و ئەوەش راست نییە كە بكرێت ئەنتەرنێت بە هەموو شوێنێك بگات، لەم رووەوە سیاسەتی حكومەت زۆر گرنگە. كێشەكە لە رۆژئاوادا ئەوەیە راگەیاندن لە دەستی كۆمپانیا تایبەتییەكاندایە، ئەو كۆمپانیا تایبەتانەش بەرژەوەندی خۆیان هەیە و لە بنەڕەتیشدا ئەوان تەنیا سەرقاڵی بەدەستهێنانی پارەن، سەربەخۆشن لە پرسی دیموكراسی و ئاسایشدا، كەواتە مەسەلەكە هەر ئەوە نییە سازشێكی سیاسی بكرێت لە نێوان ئاسایش و ئازادیدا، بەڵكو دەبێت تەبا و هەماهەنگ بێت لەگەڵ ئەو كۆمپانیانەی كە خاوەندارێتی تێیاندا تایبەتە و كۆمپانیای سەرمایەدارین.
*رادیكاڵەكان لە ئەوروپا سوود لەو ئازادی و مافانە وەردەگرن كە لە رۆژئاوادا فەراهەم كراون و دەستەبەربوون، ئەمەش بەكار دەهێنن بۆ بڵاوكردنەوەی بیروبۆچوونەكانیان و هەروەها بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین، چۆن لەو فەزای ئازادییەدا رێگری لە بڵاوبوونەوەی بیروبۆچوونە رادیكاڵییەكان دەكرێت؟
- ئێوە قسە لەگەڵ كەسێك دەكەن كە هەم باوەڕی بە سیاسەت و هەم باوەڕی بە دیموكراسی هەیە، من باوەڕم بەوە هەیە كە تەنانەت لێدوانی ئەوپەڕی ئاگرین بڵاو بكرێتەوە، بەڵام هیوادارم زۆربەی میدیاكان دیمەنی راستەوخۆی كوشتنەكانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش بڵاو نەكەنەوە، بەڵام پێدەچێت نەتوانن رێگرییان بكەین لەوەی ئەم كارە لەسەر تۆڕی ئەنتەرنێت بڵاو نەكەنەوە، كە ئەنجامدانی ئەم كارەش خراپترە لە رێگەپێدانی، لەبەر ئەوە دەبێت وریا بین دەرمانەكە لە دەردەكە خراپتر نەبێت. لە ئەوروپای رۆژئاوا و لە ئەمریكادا ئەو جۆرە سنووربەندییانەی هەن، تەنها سنووربەندی نین لەسەر بەرهەمهێنان، یان بڵاوكردنەوەی زانیارییەكان، بەڵكو سنووربەندین لەسەر توانای حكومەت لە گەڕاندا بە دوای ئەو كەسەی گوێ بۆ زانیارییەكە دەگرێت، ئەوانە دوو ڕووی هەمان دراون، بەرهەمهێنانی زانیاری، یاخود ئەوەی چ لایەك مافی ئەوەی هەبێت هەر پەیامێك بەرهەم بهێنێت كە دەیەوێت، لایەنەكەی دیكەش بریتییە لەوەی بە پێی چ مەرجێك حكومەت دەتوانێت چاودێری بكات و گوێ لە قسەی خەڵك بگرێت و ئەوەش وەك ئامرازێك بۆ سەركوتكاری بەكار بهێنێت.
*كێشەكە ئەوەیە تیرۆریستان بە شێوەیەكی ستوونی خۆیان رێكنەخستووە، بەڵكو بە شێوەیەكی ئاسۆیی و بەدوورن لە چاوی هێزەكانی پۆلیس و هاوكات تۆڕەكانی فەیسبوك و تویتەر بەكار دەهێنن، هەروەها شارەزایان پێیانوایە شەڕی تیرۆر فرەلایەنە و شەڕی هەمووانە لەبەر ئەوە پرسیارەكەی ئێمە ئەوەیە: ئایا راگەیاندن دەتوانێت رۆڵ ببینێت لەم شەڕەدا بەوەی بۆچوونی میانڕەوەكان بڵاو بكاتەوە، نەك توندڕەوەكان؟
- كێشەكە ئەوەیە زۆرێك لە رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و ئافرەتان و رێكخراوەكانی دیكەش ئەو هۆكارانە بەكار دەهێنن، واتە ئەگەر دەست بدەیتە كۆنتڕۆڵكردنیان و دەست بدەیتە چاودێریكردنیان ئەوا رێگری دەكەیت لە بەكارهێنانی هۆكارەكانی پەیوەندیكردن كە هۆكارگەلێكی زۆر بایەخدارن. ئەو دەستەواژەیەی ئێمە لەم بارودۆخەدا بەكاری دەهێنین بریتییە لە فرەیی، ئەوەی گرنگە ئەوەیە راگەیاندن رەنگدانەوەی بازنەیەكی بەربڵاوی بۆچوونەكان بێت، نەك لایەنداری لە لایەك بكات، كەواتە بۆچوونی جیاوازت دەبێت كە لەلایەن راگەیاندنی جیاواز و سەرچاوەی جیاوازەوە گوزارشتیان لێدەكرێت، بە دڵنیاییەوە لەم پرۆسەیەدا زۆرێك لە بابەتە بڵاوكراوەكان جێی متمانە پێكردن نین، ئەگەر گوزارشتەكە راستیش بێت، بەڵام گریمانەكە ئەوەیە ململانێی نێوان ئەم سەرچاوە جیاوازانە وەڵامێكی مانادار بەرهەم دەهێنێت، ئەمە ئەو گریمانەیە كە دەكرێت.
Top