پڕۆفیسۆر جۆناسان كلاونس تایبەتمەند لە كەلتووری ئایین بۆ گوڵان:دەبێت كوردستان شانازی بەو كەلتووری لێبوردەییەوە بكات كە هەیەتی و دەبێت ئەم كەلتوورە شوێنی دیكەش بگرێتەوە

پڕۆفیسۆر جۆناسان كلاونس تایبەتمەند لە كەلتووری ئایین بۆ گوڵان:دەبێت كوردستان شانازی بەو كەلتووری لێبوردەییەوە بكات كە هەیەتی و دەبێت ئەم كەلتوورە شوێنی دیكەش بگرێتەوە
پڕۆفیسۆر جۆناسان كلاوسن، ئوستادی دیراساتی ئایینە لە زانكۆی بۆستن و تایبەتمەندە لە بەراوردكاری ئایینەكان، بۆ قسەكردن لەسەر بەرهەمه ێنانی كەلتووری لیبوردەیی و پێكەوەژیان و رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و تیرۆریستان كە ئەمڕۆ كێشەی بۆ هەموو جیهان دروست كردووە، چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی كرد و بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە.
* یەكێك لەو كێشانەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی رووبەڕووی دەبنەوە، نەمانی كەلتووری لێبوردەیی و پێكەوەژیانە، لە بری ئەمە كەلتووری توندوتیژی و یەكتری سڕینەوە جێگەی گرتۆتەوە، ئایا تاچەند كەلتووری لێبوردەیی بۆ ئیستای ناوچەكە گرنگە؟
- ئاشكرایە لێبوردەیی نەك هەر بۆ ئایندەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵكو بۆ پاشەڕۆژی جیهانیش پێویستە. پێناچێت لە ئێستادا لێبوردەییەكی زۆر هەبێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تەنها چەند ناوچەیەك نەبێت، كە ئاستێك لە لێبوردەییان هەیە، بەڵام بە دڵنیاییەوە شوێنگەلێك هەیە لە ئەمریكا، هەروەها لە ئەوروپاش كە جوولەكە و مەسیحی و موسڵمانەكان دەتوانن تیایدا پێكەوە هەڵبكەن.
* لەبەرامبەر ئەم دۆخە هەستیارە و ئەو كوشتوبڕەی لەم ناوچەیە هەیە، هەست دەكرێت جۆرە بێدەنگی و بێ هەڵوێستییەك لەسەر ئاستی جیهان بەگشتی و دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی بەتایبەتی بوونی هەیە، ئایا هۆكاری پشت ئەم بێدەنگییە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- من دڵنیا نیم لەوەی كە بێدەنگییەكی تەواو هەبێت لە هەمبەر كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر ئاستی جیهان، لەوەش تێدەگەم كە بۆچی وا دەردەكەوێت كە بێدەنگی هەیە، ئەمەش دەوەستێتە سەر ئەوەی لە چ روانگەیەكەوە لێی دەڕوانیت، سەرۆكی میسر پتر دەنگی بەرزكردۆتەوە. جگە لەوەی كە دەیڵێن، ئەوا بەلای كەمەوە هەندێ لە دەوڵەتە عەرەبییەكان هەوڵ دەدەن بەرەنگاری دەوڵەتی ئیسلامی داعش ببنەوە، هەڵمەتی هێرشی ئاسمانی رانەوەستاوە. لەبەر ئەوە من هاوڕا نیم لەگەڵ بناغەی پرسیارەكەتاندا، بەلای كەمەوە لە تێڕوانینی منەوە.
* مەبەست لە بێدەنگی ئەوەیە بۆچی نەتەوە یەكگرتووەكان هاوكاری ئەوروپا ناكەن بۆ دروستكردنی بەرەیەكی بەرفراوان بۆ شەڕكردن لە دژی تیرۆریزم؟
- لێرە سەرۆك ئۆباما بەرنامەیەكی خستۆتەڕوو، ئەگەرچی مایەی مشت و مڕە و من دڵنیا نیم ئەم بەرنامەیە بە تەنها چی لێ چاوەڕوان دەكرێت.
* ئایا بەرنامەكەی ئۆباما پەیوەستە بە پەرەپێدانی لێبوردەیی و پێكەوەژیان؟
- پەیوەستە بە بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی لە ناوەوەی وڵاتەكەوە. بەڵام دەكرێت هەندێك بە گەشبینی سەیری وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بكەین، چونكە لە مەسیحیەتیشدا ئەگەری ئەوە هەیە بە شێوەیەك سەرچاوە تەقلیدییەكان بەكار بهێندرێنەوە كە توندوتیژی لێبكەوێتەوە، لە رابردووشدا كەسانێك هەبوون ئەم كارەیان كردووە لە نێو مەسیحییەكاندا. لە ئێستادا گرووپێكی موسڵمانت هەیە كە پەنا بۆ داب و نەریتە موحافیزكار و توندڕەوەكان دەبەن.من دەزانم كە توندڕەوەكان پێكدادانی شارستانیەتیان دەوێت، بەڵام ئەوە دەبێت لیبڕاڵەكانی نێو هەموو توراسە ئایینەكان رێگری لە روودانی بكەن.
* كوردستان تاكە هەرێمە كە لێبوردەیی تێدا پیادە كرێت، ئایا جیهان تا چەند بە بایەخەوە لەوە دەڕوانێت كە كوردستان ببێتە مۆدێلێك بۆ ناوچەكە؟ ئەمە لە كاتێكدا كە مەسیحییەكانی عێراق روویان كردۆتە كوردستان، بۆ نموونە لە دووەم گەورەترین شاری عێراقدا كە موسڵە، مەسیحییەكان ناچار دەكرێن ببنە ئیسلام، یان باج بدەن، یاخود شوێنی خۆیان جێبهێڵن، كڵێساكانیشیان دەتەقێندرێتەوە، ئایا دەكرێت لە سەدەی بیست و یەكدا رێگە بە روودانی ئەم كردەوانە بدرێت؟
- من هاوسۆزم لەگەڵ هەموو ئەو قوربانییانەدا و ئەمە پشێوییەكی بێئەندازە خراپە لەو شوێنانەدا كە لێبوردەییان تێدا نەماوە. من سەرم لە چۆنیەتی داڕشتنی پرسیارەكەتان سوڕماوە، چونكە پێموایە دەبێت كوردستان شانازی بەو لێبوردەییەوە بكات و دەبێت ئەو لێبوردەییەش درێژ بێتەوە بۆ نێو موسڵمانەكان. لەم رووەوە هەندێ ناوچە هەن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا- رەنگە كەمتر بن لەوەی ئێمە ئومێدی بۆ دەخوازین- وەك لوبنان و هەروەها ئەگەر ناكۆكی فەلەستین و ئیسڕائیلیش چارەسەر بكرێت، ئەوا دەبێت توندڕەوەكان تێكبكشێندرێن، بەڵام دەبێت بیرۆكەی لێبوردەیی بەرفراوان بمێنێتەوە و لێبوردەیی هەمووان لە خۆبگرێت.
* چۆن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەرە بە لێبوردەیی دەدرێت؟
یەكێك لە رێگەكانی دەستپێكردن بەم كارە، ئەوەیە كە رەخنە لە نێو توندڕەوەكانی توراسەكە بگیرێت، نەك خودی توراسەكە، بە شێوەیەكی حەتمی ئیسلام سەرناكێشێت بۆ ئەلقاعیدە و دەوڵەتی ئیسلامی، رەنگە ئەمە یەكێك بێت لە ئەگەرەكان، بەڵام دەكرێت ئەمە لە توراسە ئایینییەكانی دیكەشدا رووبدات، واتە ئەگەری ئەوە هەیە توندڕەوەكان سوود لەو توراسە وەربگرن، بەڵام دەبێت بیر لەوە بكرێتەوە، چۆن جیاوازییە ئایینییەكان بە ئاڕاستەیەكی پتر لێبوردەییدا ببردرێت. بۆ ئێوەش من پێم باشە خۆتان لە توندڕەوی لابدەن و شانازی بە لێبوردەییەوە بكەن كە لەوڵاتەكەتاندا بوونی هەیە.
Top