مایكل نایت راوێژكار بۆ بونیادنانەوەی سوپا و هێزەكانی ئاسایش لە عێراقدا بۆ گوڵان:ئەگەر هێزەكانی سوپای عێراق بەرەو موسڵ بجووڵێندرێن، حەشدی شەعبی مەترسییەكی گەورە لەسەر بەغدا دروست دەكات

مایكل نایت راوێژكار بۆ بونیادنانەوەی سوپا و هێزەكانی ئاسایش لە عێراقدا بۆ گوڵان:ئەگەر هێزەكانی سوپای عێراق بەرەو موسڵ بجووڵێندرێن، حەشدی شەعبی مەترسییەكی گەورە لەسەر بەغدا دروست دەكات
پڕۆفیسۆر مایكل نایت بەڕێوەبەری پڕۆگرامەكانی دیراساتی عێراق لە ئامۆژگای واشنتۆن و ئێستا راوێژكارە لەگەڵ ئیدارەی ئەمریكا بۆ دووبارە بونیادنانەوەی هێزەكانی سوپا و ئاسایشی عێراق لەلایەن ئەمریكاوە. پڕۆفیسۆر نایت لە دوای دروستبوونی میلیشیای حەشدی شەعبی بە ئاشكرا ئەو مەترسییەی راگەیاندووە كە لەوانەیە حەشدی شەعبی پرۆسەیەك بێت عێراق بەرەو شێوەیەك لە چەكدارەكانی حزبوڵڵای لوبنانی بەرێت، سەبارەت بە مەترسیی ئەو هێزە میلیشیایەش لەسەر كەركووك و هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ گوڵان بەمجۆرە راوبۆچوونی خۆی خستەڕوو.
ئاشكرایە ئەمە كێشەیەكی جددییە كە میلیشیا شیعەكان لە هەندێ شوێنی وەك دوزخورماتوو، كەركووك و شوێنی هاوشێوە بەهێز دەبن، ئەمانە ئەو شوێنە سەرەكییانەن كە كێشەیان تێدا دروست دەبێت. پێدەچێت سەركردایەتی كورد زۆر لە نزیكەوە كار لەگەڵ سەركردە شیعەكاندا بكەن، كەسێكی وەك هادی عامری و عەبدولمەهدی ئەلموهەندیس، هێشتا هاوكارییان هەیە لە بەرەكانی شەڕەكەدا، ئەگەر لە شەڕەكەی بەشیر بڕوانین، ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە شیعە ببێتە ئەڵقەی پەیوەندیی نێوان پیشمەرگە و حەشدی شەعبی. بەڵێ راستە كێشە هەیە، بەڵام هێشتا لە شوێنێكی وەك دوز و بەشیر هاوكاری یەكتری دەكەن. بینیمان هادی عامری سەردانی سەرۆك بارزانی كرد لە هەولێر. ئاشكرایە هەردوولا درك بەوە دەكەن كە كێشە دروست دەبێت و هەردوولاش هەوڵ دەدەن مەودای كێشەكان كەم بكەنەوە. لەوەش زیاتر، هەروەها پێشمەرگە بڕیاریداوە كە نەچێتە ناوچە عەرەبییەكان، تەنها ئەو كاتە نەبێت كە دانیشتووانی عەرەبی ئەو ناوچانە داوای ئەوەیان لێ بكەن. لە دەرئەنجامدا ئەو شوێنانەی كە میلیشیای شیعە شەڕی تێدا دەكەن لە حەویجە و رەشاد و ریاز و تكریت و بێجی، ئەمانە شوێنگەلێكن كە پێشمەرگە بەرەو ئەو شوێنانە پێشڕەوی ناكات، تەنها ناوچەگەلێكی بچووك هەن كە بە یەكداچوون و من زۆر نیگەران نیم لە بارەی كەركووكەوە، لەبەر ئەوەی لە كەركووك ژمارەی توركمانە شیعەكان و عەرەبەكان كە پشتیوانی «عصائب اهل الحق» یان «كتائب حزب الله» دەكەن، رێژەیەكی كەمن، ئەمە لەو راستییەوە بەدی دەكەین كە ماوەیەكی زۆری پێدەچێت بۆ ئەوەی بتوانن لە كەركووك هێز كۆبكەنەوە، بۆ ئەوەی هێرش بكەنە سەر بەشیر، لە باشووری عێراق، یەك رۆژ دوای فەتواكەی ئایەتوڵڵا سیستانی لە مانگی حوزەیران سەد هەزار خۆبەخش كۆبوونەوە، بەڵام لە كەركووك لە دوای حەوت مانگ لە فەتواكەی سیستانی هێشتا لە هەوڵی ئەوەدان هێزێكی پێنج هەزار كەسی كۆبكەنەوە بۆ رزگاركردنی بەشیر، لەبەر ئەوە ئاشكرایە لە ناوچەی كەركووك پشتیوانییەكی كەمتر بۆ حەشدی شەعبی هەیە. بەڵام دروستبوونی ملیشیای حەشدی شەعبی بە دڵنیاییەوە بۆ ئایندە مەترسی هەیە- هەروەك من لەم بارەیەوە نووسیومە- پێموایە مەترسییەكی زۆر گەورە روو لە بەغدا دەكات كە حەشدی شەعبی ببێتە هێزی چەكداری سەرەكی، بەتایبەتی كە سوپای عێراق بەرەو موسڵ بجووڵێندرێن ئەوا بەغدا بۆ حەشدی شەعبی جێدەهێڵدرێت، بەڵام ئەگەر بگوترێت حەشدی شەعبی هەڕەشەیەكی گەورەیە بۆ كوردستان، ئەوا من باوەڕم وا نییە، لەبەر چەند هۆكارێك، لەوانە ئێرانییەكان پەیوەندییەكی بەهێز و باشیان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەیە، پێموایە ئەوە دەبێتە هۆی سنوورداركردنی هەڕەشە لەو ناوچانەدا، كێشەیەكی زۆر هەبوو لە دەوروبەری دوز و كفری و كەلار، بەڵام هێوركرانەوە. كەواتە ئێرانییەكان هۆكارێكن بۆ ئەوەی دۆخەكە لە كۆنتڕۆڵ دەرنەچێت. هۆكارێكی دیكە ئەوەیە هێزەكانی پێشمەرگە بەهێزترن لە سوپای عێراق و پێشمەرگەش رێگەنادات هێزێكی وەك حەشدی شەعبی كۆنتڕۆڵی شوێنێكی وەك كەركووك بكات، چانسی روودانی ئەوە لە ئارادا نییە. سێیەم نەسەلمێندراوە مالیكی لایەنێكی بەهێزی هەیە لە نێو حەشدی شەعبیدا، ئەو رۆژنامەنووسانەی لە بەغدا بوون و لە بارەی مالیكیەوە نووسیویانە باس لەوە دەكەن مالیكی دەیەوێت سەركردایەتی حەشدی شەعبی بكات، بەڵام كەسانێكی دیكە هەن و رایدەگەیەنن، نەخێر رێگەی پێنادەن، وەك هادی ئەلعامری، ئەو نایەوێت مالیكی سەركردایەتی حەشدی شەعبی بگرێتەدەست، بەڵكو دەیەوێت خۆی ببێتە سەركردەی حەشدی شەعبی.
Top