حەیدەر سەعید راوێژكاری مەڵبەندی توێژینەوەی ستراتیژی لە عەممان:میلیشیاكانی عەسائبی ئەهلی حەق بۆ پشتگیریی ئەسەد لە سووریا بوون دوای كەوتنی موسڵ بۆ عێراق گەڕانەوە
February 26, 2015
دیمانەی تایبەت
عێراق بۆتە وڵاتی میلیشیای چەكداری، لە ئێستادا لە بە دەیان ناو زیاتر میلیشیای شیعە بوونی هەیە و لەگەڵ ئەوەی فەرمین و سەرۆكەكانیان ئەندامی پەرلەمانی عێراقن، یان بەپرسانی باڵای شیعەن، بەڵام جۆرێك لە لامەركەزییەتیان هەیە و مەرج نییە هێندێكیان هێندەی پابەندن بە فەرمانی دەرەكی، هێندە پابەندبن بە فەرمانەكانی حكومەتی عێراق، بۆ قسەكردن لەسە ئەم پرسە ئەم وتووێژەمان لەگەڵ حەیدەر سەعید راوێژكاری مەڵبەندی توێژینەوەی ستراتیژی لە عەممانی پایتەختی ئەردەن ئەنجامداو بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە.* دەربارەی حەشدی شەعبی وەك میلیشیا، هەندێك دەڵێن: ئەو هێزە بۆ ئەوە پێكهاتووە كە تەنیا داكۆكی و بەرگری لە شیعە بكات، نەك شەڕ دژی تیرۆریستان بكات، راتان لە بارەیەوە چییە؟
- ئەم هێزە فەرمییە و پەرلەمانتار ساڵح فەیاز سەرۆكایەتی دەكات و میلیشیا شیعەكانی پێشوو لەخۆ دەگرێت، واتا دوای كەوتنی موسڵ ئیرادەیەكی بەهێز بۆ زۆر لەو میلیشیایانە دروستبوو، لەوانە عەسائبی ئەهلی حەق و هێزی بەدر و عاشوورا و سەلامی سەر بە رەوتی سەدر، دیارە چۆن پێشتر و لەسەردەمی رژێمی پێشوو جەیش شەعبی و هەندێ پێكهاتەی دیكە هەبوون، ئێستاش رەوشەكە وادەخوازێت هێزێك هەبێت بەرگری لە وڵات بكات و پشتیوانی سوپای عێراق بێت، چونكە لەم بارودۆخەدا بوونی ئەم هێزە زۆر پێویستە، لە راستیدا ئەم هێزانە سەر بە شیعەن و مەهدی موهەندیس كە سەركردەیەكی ئەم هێزانەیە دەڵێت: ئێمە ناچینە نێو شەڕی موسڵ و ئەنبار و سامەڕا، بەڵكو بەرگری لە ناوچە شیعەنشینەكان دەكەین، بەڵام لە هەندێ ناوچە تێكەڵن لە شیعە و سوننە، بۆ نموونە لە جەرفولسەخر و دیالە و باكووری میقدادیە و ئامرلی، ئەو هێزانە بەشداری شەڕیان كرد، تاكە ناوچەی سوننە كە حەشدی شەعبی رووی تێكرد، شارۆچكەی بێجی بوو، بەڵام نەیتوانی لە 48 سەعات زیاتر تێیدا بمێنێتەوە و دەرئەنجام لێی كشایەوە و دواتر جارێكی دیكە داعش دەستی بەسەر بێجیدا گرتەوە. لەم چەند رۆژەی دواییدا هەندێ گرفت لە نێو سەركردەكانی شیعە هاتەئاراوە بە هۆی جیاوازیی بۆچوونیان لەسە ر پێكهاتەو شوێنی كاركردنی ئەو هێزانە و پەیوەندییان بە دەوڵەتەوە، دواتر هەندێ رووداوی دیكە هاتنەپێش لەوانە ئەو پێكدادانەی لە گەڕەكی كەرادەی بەغدا و ئینجا تیرۆركردنی شێخ قاسم ئەلجەنابی و پاسەوانەكانی، لەهەموویان دیارتر رفاندنی ئەندام پەرلەمانی عێراق زەید ئەلجەنابی، ئەمانە هەموویان بوونە مایەی مشتومڕ لە نێوان شیعەكان لەسەر پەیوەندیی نێوان حەشدی شەعبی و دەوڵەت.
* هەندێ لایەن بەتایبەتیش عەسائبی ئەهلی حەق لێدوانەكانیان زۆر توندە و گوێ نادەن بە سوننە، یان كورد، بۆچوونەكانیان زیاتر سەربازییە لەوەی نیشتمانی بێت، واتە نەتەوەچێتیی مەزهەبییە، ئەمە وێڕای پەیوەندییان بە ئێران و لوبنان و دیمەشقەوە، رات بەرامبەر ئەوە چییە؟
- عەسائبی ئەهلی حەق پێشتر بەشێك بوون لە سوپای مەهدی و دواتر جیابوونەوە، دیارە مالیكی رۆڵی هەبوو لە بەهێزكردنی ئەم هێزانە و ئێستاش نوێنەریان لە پەرلەمانی عێراق هەیە، چەند كەناڵێكی ئاسمانی و تەلەفزیۆنیان هەیە، ئەوانە گوێ لە مەرجەعەكانی شیعەی عێراق ناگرن و سەر بە راسپاردەو بۆچوونەكانی ئێرانن، بەتایبەتیش خامنەیی و هەندێ مەرجەعی دیكەی ئێرانی، بۆیە كاتێ شەڕی سووریا روویدا، ئێران بەشدارییەكی تەواوی لەم شەڕەدا كرد و پشتیوانی لە رژێمی سووریا كرد، لێرەش مالیكی بەشداری كرد، یەكەم هێز لەم رووەوە پشتی بە عەسائب بەست كاتێ هێزێكی بۆ بەرگریكردن لە عێراقەوە رەوانەی سووریا كرد كە بە چەند هەزار چەكدار مەزەندە دەكرا، بەڵام دوای كەوتنی موسڵ ئەم هێزە گەڕایەوە عێراق، بۆیە ناكرێ بڵێین كە هەموو ئەو سەركردە شیعانە و میلیشیاكان هەڵوێستیان وەكو یەكە، بۆ نموونە سەرایای سەلام كە سەر بە موقتەدا سەدرە بەر لە چەند رۆژێك چالاكییەكانیان وەستاند.
* ئایا پێتوانییە كە لە ئێستادا ئەو حەشدی شەعبیەی پێكهێندراوە توانیویەتی ببێتە ئەلتەرناتیڤێك لە رووی سەربازییەوە بۆ وەزارەتی بەرگری كە دەسەڵاتی وەزارەتی ناوخۆش لاواز دەكات، واتا ئەگەر وەزارەتی بەرگری بەدەست سوننەوە بووبێت، بەم هێزە دەتوانرێت وەزارەتەكە بۆ شیعە بقۆزرێتەوە؟
- من پێم باش نییە لە ئێستادا بە دوای چارەسەری سەربازیدا بگەڕێین لە پەیوەندی لەگەڵ رۆڵی بەرگریی ئەم هێزانەدا، بەڵكو پێویستە بە دوای چارەسەری گواستنەوەدا بگەڕێین، هیچ سەركردەیەكی شیعە ناتوانێت هیچ بڕیارێك دەربكات تایبەت بە میلشیاكان بە هۆی شكستی دەزگا ئەمنییە فەرمییەكان، جا لەبەر ئەوەی تا ئێستا نەتوانراوە دەزگایەكی بەتوانای ئەمنی لە عێراق پێكبهێندرێت، بۆیە ئەو میلیشیایانە هەر دەمێنن، بۆ بیرهێنانەوە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران رایگەیاندبوو كە پێویستمان بە چەند ساڵێك هەیە بۆ بونیادنانەوەی دامەزراوەی سەربازی لە وڵات، بۆیە لە قۆناغی داهاتوودا دەكرێ پەیوەندیی ئەو میلیشیایانە بە دەوڵەتەوە هەڵبەسەنگێندرێت، من پێم باشە ئەو هێزانە ببنە هێزی سێیەم دوای بەرگری و ئەمن، یان وەك حەرەس وەتەنی كە ئێستا مشتومڕی زۆری لەسەرە، بەڵام ئەگەر ئەو هێزانە رێكبخرێن و بە سیستەم بكرێن، ئەو كاتە هەموو پەیوەندیەكی هەندێ لایەنیان لەگەڵ دەرەوەی عێراق نەمێنێت و ببێتە هێزێكی عێراقی، دەكرێ سوودیان لێ ببیندرێت، هاوكات دەبینین هێزی عەشیرەتەكانیش هەموویان سوننەن، ئەوانیش دەبێ رێكبخرێن، بەڵام دوای نەمانی داعش كە پێویستە شێوازێكی دیكەیان بۆ بدۆزرێتەوە، جا چ بخرێنە دەزگای ئەمنیی فەرمییەوە، یان وەك كوتلە كە برێمەری حاكمی سەربازیی ئەمریكی لە عێراق بۆی پێكهێنابوون، یان لە ناو پۆلیس و هێزی دیكەدا جێیان بكەنەوە، من پێموایە لە ئێستاوە وا باشترە بەرنامەیەك دابندرێت تاكو ئەم كارە سەربگرێت، تاكو پاشەڕۆژی ئەوان و ئەم عێراقەش دابین بكرێت.
