فەریق جەمال محەمەد سوپاسالاری پێشمەرگە بۆ گوڵان:سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە میحوەری رۆژئاوای دیجلە سەرەتای كۆتایی تیرۆریستانی داعشە
February 26, 2015
دیمانەی تایبەت
میحوەری رۆژئاوای دیجلەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان یەكێكە لە بەرە سەرەكییەكانی شەڕی پێشمەرگەی كوردستان لە دژی تیرۆریستانی داعش، شكاندنی داعش لەو میحوەرە بووە هۆكاری بەتاڵكردنەوەی ئەو ئەفسانەی كە هەندێك پێیانوابوو داعش ئەو هێزەیە تێكناشكێندرێت، ئەو ناوچانەی لەم میحوەرە ئازادكراون، بە چەندین هەزار كیلۆمەتری چوارگۆشە و بە درێژی 200 كیلۆمەتر رێگەیە، بۆ قسەكردن لەبارەی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەم میحوەرە و گرنگیی ستراتیژیەتی ئەو ناوچە ئازادكراوانە، گوڵان سەردانی میحوەری رۆژئاوای دیجلەی كرد و لەگەڵ فەریق جەمال محەمەد سوپاسالاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئەم دیدارە تایبەتەی ئەنجامداو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.لای جەنابی سەرۆك بارزانی هەموو بەرەكانی شەڕ وەك یەك بایەخیان هەیە، ئەوەی بۆ میحوەری رۆژئاوای دیجلە كردوویەتی بۆ كۆبانێ و مەخموور و كەركووك و تا جەلەولاشی كردووە
* میحوەری رۆژئاوای دیجلە بەیاخ و گرنگیی خۆی هەبووە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و ئازادكردنی ناوچەیەكی بەرفراوان لە دەستی تیرۆریستانی داعش، ئایا بە چەند قۆناخ ئەم سەركەوتنە گەورەیە لەسەردەستی پێشمەرگە بەدەستهاتووە؟
- لەدوای هێرشی تیرۆریستانی داعش لە 2ی ئابی 2014 و داگیركردنی شنگال و چەندین شوێنی دیكە لەو ناوچەیە، میحوەری رۆژئاوای دیجلە بە سەرپەرشتی راستەوخۆی جەنابی سەرۆك بارزانی بەرنامەی بۆ ئازادكردنەوەی ئەم ناوچانە دەستی پێكردووە، هەروەها لەو بەروارەشەوە هەتا ئێستا بە بەردەوامی جەنابی سەرۆك بارزانی خۆی لەم میحوەرە سەرپەرشتی شەڕەكانی كردووە و بەرنامە و پلانی سەربازی بۆ داڕشتووە و هەر خۆیشی راستەوخۆ سەرپەرشتی جێبەجێكردنی كردووە، جێگەی ئاماژەیە لە رۆژی 2ی ئابەوە بەڕێز مسرور بارزانی وەك راوێژكاری ئاسایشی ئەنجوومەنی نیشتمانی لەم میحوەرە بووە و رۆڵێكی هێجگار دیاری لە ئاشناكردنی هێزی پێشمەرگە بە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش گێڕاوە، لەبەر ئەوەی ئەم شەڕە بۆ پێشمەرگە نوێ بوو، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ئەزموونی شەڕی تیرۆریستانی هەبوو، بۆیە بوونی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەم میحوەرە بووە هۆكاری ئەوەی پێشمەرگە باشتر بتوانێت شەڕی تیرۆریستانی داعش بكات. بۆ ئەمەش جەنابی سەرۆك بارزانی پلانی بۆ ئەم ناوچە فراوانە بەچەند قۆناخێك بوو بەمجۆرە:
1- قۆناخی یەكەم لە سەرەتای مانگی ئابی رابردوو لە دووڕیانی سحێلا دەستی پێكرد بەرەو گوندەكانی عومەر خالید و بۆ لای وەلید و قاهیرە، ئەم ناوچانە هێڵی نەوت دەبەستنەوە بە سووریا، هەتا گەیشتە ناوچەكانی بەردیان و بەرزاركان ئەم ناوچانە هەمووی ئازادكران و لە تیرۆریستانی داعش پاككرانەوە.
2- قۆناخی دووەم چەند رۆژێك دوای قۆناخی یەكەم دەستمان پێكرد كە بریتی بوو لە ئازادكردنی ناوچەی مەحمودیە پێش ئەوەی بگەینە رەبیعە لەوێوە بەرەو ئەو هێڵە نەوتییەی دێت بۆ سەفیە و عەین فەرەس و بەرەو كۆمپانیای نەوتی عەین زالە.
3- قۆناخی سێیەم بەرنامە بوو بۆ ئازادكردنی ناوچەی زوممار، كە لەم دیوەوە ناوچەكانی زوممار، گەڕبڕ، حوگنە و كەهرێز و قەسریج بوو، لەو دیویشەوە ناوچەكانی جەسە و عەین مانع و كانی شرین تا دەگاتە نزیكی سەدی موسڵ، لەم ئۆپەراسیۆنەشدا توانرا ئەم ناوچانە هەموویان ئازاد بكرێت و لە تیرۆریستانی داعش پاكبكرێتەوە.
4- قۆناخی چوارەم پلانی ئازادكردنی چیای شنگال بوو كە لە هەموو قۆناخەكان گرنگتر بوو، جەنابی سەرۆك زۆر مەبەستی بوو ئەو رێگەیە پاكبكرێتەوە كە دەچێتە چیای شنگال، بۆیە سەرۆك بارزانی هەموو كات جەختی لەسەر ئەوە دەكردەوە كە دەبێت بە هەرنرخێك بێت، چیای شنگال لە نزیكترین كاتدا ئازاد بكرێت، بۆ ئەمەش تونرا ناوچەكانی رەبیعە لە سنووری سووریا ئازاد بكرێت. دوای ئازادكردنی ئەو ناوچانە پلانی سەربازی پێشمەرگە بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی بوو بۆ ئازادكرنی ناوچەیەكی فراوان لە كەهرێزەوە بەرەو چیای شنگال، ئەمەش رێگەیەكی درێژ و نزیكەی 40 كیلۆمەتر بوو، هەموو گوندەكانی عەرەب بوون، ئەو گوندە عەرەبانەش بەشی زۆریان پێیانخۆش بوو تیرۆریستانی داعش لەو ناوچەیە بوون و هاوكارییان كردبوون، بەڵام كە دەستمان پێكرد لە ماوەی دوو رۆژ لە قەسریجەوە گەیشتینە حەردان و بەرەو سنونێ و تەڕبەگە و ئەم ناوچانە كە هەمووی ناوچەی كوردانی ئێزدی بوون هەموویان پاككرانەوە و سەركەوتووانە گەیشتینە سەرچیای شنگال، ئەم قۆناخە كە قۆناخێكی یەكلاكەرەوە بوو لە شەڕەكە لە رۆژی 17ی 12ی 2014 دەستمان پێكرد و لە رۆژی 21ی 12 چیای شنگال ئازاد كراو و جەنابی سەرۆك خۆی هاتە سەر چیایەكە و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەم سەركەوتنە گەورەیەی راگەیاند.
* ئەوەی لەم میحوەرە جێگەی سەرنجە، ئەوەیە وێڕای ئەوەی جەنابی سەرۆك بارزانی خۆی بە شەخسی سەرپەرشتی هەموو بەرەكانی شەڕ دەكات لە كۆبانێ تا جەلەولا، بەڵام لەم میحوەرە بەڕێزیان زۆر مایەوە و خۆی لە سەنگەرەكانی پێشەوە بوو، ئایا بایەخی ئەم میحوەرە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش چییە؟
- پێش هەموو شت، لای جەنابی سەرۆك بارزانی هەموو بەرەكانی شەڕ وەك یەك بایەخیان هەیە، ئەوەی بۆ میحوەری رۆژئاوای دیجلە كردوویەتی بۆ كۆبانێ و مەخموور و كەركووك و تا جەلەولاشی كردووە، بەڵام تایبەتمەندیی جوگرافی و دیمۆگرافی ناوچەكە و هەروەها ئەم ناوچانە بەشێكی زۆریان سەر بە پارێزگای نەینەوان و خۆشتان دەزانن، داعش دوای كەوتنی موسڵ، خەلافەتی ئیسلامی راگەیاند، بۆیە موسڵ بە پایتەختی خەلافەتەكەیان دەزانن، لەمەش زیاتر ئەم ناوچانە موسڵ بە سووریاوە گرێدەداتەوە، ئەوان ئەگەر ئەم ناوچانەیان بەدەستەوە بێت، دەتوانن بەئاسانی جووڵە بكەن، بۆیە ئەم ناوچانە لەچەند لایەنێكەوە پێویستیان بەوە بوو شەخسی سەرۆك بارزانی خۆی سەرپەرشتی بكات، ئەم ناوچانە ناوچەی تێكەڵن، بەشی زۆری گوندەكانی دەوربەری گوندی عەرەبنشینن، لەم حاڵەتە ئەگەر جەنابی سەرۆك خۆی پلان بۆ شەڕەكە دانەنێت، لەوانەیە شەڕەكە ئاراستەی شەڕی كورد و عەرەب وەربگرێت، لەلایەنێكی دیكە كە لایەنی سەربازییە، دیارە تیرۆریستانی داعش هێرشەكانیان وەك هێرشی سەربازی تەقلیدی نێوان دوو دەوڵەت نییە، لەبەر ئەوەی تیرۆریستانی داعش زیاتر شێوازی پارتیزانی بەكاردەهێنن، لەم رووشەوە دیارە سەرۆك بارزانی ئەزموونی زیاتر لە 50 ساڵی شەڕی پێشمەرگایەتی هەیە و لە زۆر باری سەخت و ئاڵۆزدا بۆخۆی سەرپەرشتی دەیان داستانی لە شۆڕشی كوردستاندا كردووە، بۆیە لە رووی سەربازیشەوە بوونی سەرۆك بارزانی لەم میحوەرە، تەنها بۆ دانانی پلانی سەربازی نەبووە، بەڵكو بۆ جێبەجێكردنی پلانەكەش بووە، لەبەر ئەمە سەرۆك بارزانی خۆی لە سەنگەرەكانی پێشەوە سەرپەرشتی سەنگەرەكانی پێشمەرگەی كردووە، لایەنێكی دیكە بەرفراوانی بەرەی ئەم شەڕەیە لەم میحوەرە، كە زۆر بەرفراوانە، ئەوەی لەم چوار قۆناخە ئازادمان كردووە، زیاتر لە 190-200كیلۆمەتری بەرەی شەڕەكەیە، ئەمەش واتە ئەم میحوەرە پێنج یەكی هەموو بەرەی شەڕی پێشمەرگەیە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش، لایەنێكی دیكەی زۆر گرنگ لە رووی سەربازییەوە، تۆپۆگرافیای ئەم ناوچەیەیە، لەبەر ئەوەی ئەم ناوچەیە دەشتاییە، لەوانەیە ئازادكردنی ناوچەكە زۆر قورس نەبێت، بەڵكو پاراستنی ناوچەكە قورستترە، ئەمەش لایەنێكی دیكە بوو، كە سەرۆك بارزانی پلانی بۆ داڕشتبوو، دیارە ئەو ئیمكانییەتە كەمەی لەبەردەستی پێشمەرگە بوو، ئێستاش لەو ئاستە نییە، بەڵام سەرۆك بارزانی بە چۆنیەتی بەكارهێنانی ئەو ئیمكانییەتە كەمە و بە هەماهەنگی لەگەڵ فڕۆكەكانی هاوپەیمانان، بە جۆرێك سوودیان لێوەرگرت كە بە سەركەوتنی پێشمەرگە و بەتاڵكردنەوەی ئەفسانەی تیرۆریستانی داعش كۆتایی پێ بێت.
* دوای ئازادكردنی چیای شنگال و بەشێكی ناو شاری شنگال، هەست دەكەین پێشمەرگە لەو كاتەوە تائێستا ناو شاری شنگالی ئازاد نەكردووە، ئایا هۆكاری دواكەوتنی ئازادكردنی شاری شنگال چییە؟
- بەرنامەی ئازادكردنی شوێنێك لە رووی سەربازییەوە، تەنها ئازادكردنی ئەو ناوچەیە نییە، بەڵكو زامنی پاراستنی ئەو ناوچەیەیە لە رووی سەربازییەوە، ئەگەر ئێستا ئێوە بچنە شنگال، دەبینین ئەو ناوچانەی پێشمەرگە لەناو شاری شنگال تا دەگاتە دامێنی چیای شنگال ئازادی كردوون، هەموو ناوچەی ستراتیژین، ئەگەر پرسەكە تەنها ئازادكردنی ناو شاری شنگال بێت، ئەوا دەتوانرێت بەرنامە دابنرێت و بە رۆژێك ئازاد بكرێت، بەڵام زامنكردنی شنگال پێویستی بە زامنكردنی چەندین ناوچەی دیكەی دەوروبەری شنگال هەیە، بۆ ئەمەش دەبێت بەرنامەیەكی رێكوپێك هەبێت، بۆ نموونە دەبێت لە رۆژئاوای شنگال باب شەلۆ ئازاد بكرێت كە 30 كیلۆمەتر لە رۆژئاوای شنگالە و لە سنووری سووریایە، هەروەها لە رۆژهەڵات دەبێت ئوم شەبابیش ئازاد بكرێت كە نزیكی تەلەعفەرە، ئەگەر ئەم ناوچانە ئازاد نەكرێن، رۆژانە لەو شوێنانەوە هێرش دەكرێتەوە سەر شنگال، راستە پێشمەرگە دەتوانێت بەرپەرچی هێرشەكان بداتەوە، بەڵام ئامانج لە رزگاركردنی شنگال گەڕانەوەی دانیشتووانەكەیەتی، بەڵام بەبێ ئازادكردنی ناوچەكانی دەوروبەری ناتوانرێت خەڵكەی بگەڕێتەوە، هەروەها چەند ناوچەی گرنگی دیكە كە هەموو ناوچەكانی كوردی ئێزیدین دەكەونە دەرەوەی شنگال و هەموویان ئاوارە بوون، دەبێت ئەو ناوچانەش ئازاد بكرێن بۆ ئەوەی هەموو ئاوارەكان بگەڕێنەوە. ئەمانە هەمووی لەلایەك لەلایەكی دیكە، هەتا ئێستا عێراق نەهاتۆتە سەرخەت، بۆیە ئەگەر عێراق لەلای تەلەعفەرەوە بێتە سەرخەت و تەلەعفەر ئازاد بكات، ئەوا ئەو كات ئازادكردنی شنگال زۆر ئاسانتر دەبێت.
* هەر لە میحوەری رۆژئاوای دیجلە یەكێك لە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە گرتنی ئەو رێگە ستراتیژییە بوو كە تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریا لە یەكتری دادەبڕێت، ئایا تاچەند گرتنی ئەم رێگە ستراتیژییە گرتنەوەی موسڵ ئاسان دەكات؟
- ئەو رێگە ستراتیژییە بریتیە لە رۆژهەڵاتی چیای بادوش و ئەسكی موسڵ بۆ سێڕیانی كەسك، موسڵ، تەلەعفەر، گرتنی ئەم رێگە ستراتیژییە بووە هۆكاری ئەوەی چیدیكە تیرۆریستانی داعش نەتوانن لەو رێگەیەوە بە ئاسانی لەگەڵ سووریا هاتوچۆ بكەن، یان لە سووریاوە بێنە موسڵ و هاریكاری لە نێوان هێزەكانیان هەبێت، دوای گرتنی ئەم رێگە ستراتیژییە هێزەكانی تیرۆریستانی داعش بۆ ئەوەی بگەنەوە هێزەكانیان لە سووریا دەبێ بچنەوە جەزیرە و ماوەی زیاتر لە چوار كاتژمێر بە ئۆتۆمبیل بڕۆن، هەر بۆیە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە ئەم رێگە ستراتیژییە بگرنەوە، چەندین هێرشیان كردووە، بەڵام هێرشەكانیان لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە هەموو جارێك تێكشكێندراوە.
* هەندێك لە چاودێرانی سەربازی باس لەوە دەكەن، شەڕی تیرۆریستانی داعش، ئەزموونێكی گرنگ بوو بۆ هێزەكانی پێشمەرگە، ئەم شەڕە پێداویستی و كەموكورتییەكانی هێزی پێشمەرگەی دەرخست، ئایا تاچەند پشتگیری ئەم بۆچوونە دەكەیت؟
- پێش هەموو شت ئەم شەڕە دەریخست كە دەبێت هێزی پێشمەرگەی كوردستان یەك هێز بێت و یەك فەرماندەی گشتی هەبێت و لەژێر سەرپەرشتی وەزارەتی پێشمەرگەدا بێت، ئێمە لە ساڵی 2009 لە وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاومان بۆ ئەمە هەڵگرتووە و توانیومانە 14 لیوای پێشمەرگە كە راستەوخۆ لە ژێر سەرپەرشتی وەزارەتی پێشمەرگە بێت دروست بكەین، هەموو فەوجەكانی ئەم 14 لیوایە مەشق پێبكەین، لە هەر چوار پارێزگای كەركووك و هەولێر و سلێمانی و دهۆك، هەر فەوجێك بۆ ماوەی 45 رۆژ، لە هەمانكاتدا یەكەی 70 و یەكەی 80ش هەیە، بۆیە ئێمە سێ جۆر هێزمان هەبووە، ئێستا سەرۆك بارزانی رێنمایی دەركردووە و پەرلەمان بڕیاری دەركردووەو سەرۆك پەسەندی كردووە بۆ ئەوەی ئەم هێزانە هەموویان بكرێنە یەك هێز، بەڵام ئەمەش لە بارودۆخی ئەم شەڕە پێویستی بە كاتی زیاترە، لە رووی چەك و تەقەمەنی و ئالیاتی سەربازی، هەموو لایەك دەزانێت، چەكی دەستی پێشمەرگە، كەم و كۆن بووە، لەبەر ئەوەی هێزی پێشمەرگە بە هاوتای سوپای عێراق پڕچەك نەكراوە، تەنانەت حكومەتی بەغدا بودجەشی نەداوە بە پێشمەرگە، بۆیە ئەم شەڕە دەریخست پێویستە پێشمەرگە پڕچەك بكرێت و مەشقی زیاتری پێبكرێت، بۆ ئەمەش هاوپەیمانان هەندێك چەكیان ناردووە كە ئێمە پێویستمان بە چەكی زیاترە.
* لە ئێستادا پێداویستیی سەرەكیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ چ جۆرە چەك و تەقەمەنییەكە؟
- ئێمە لە ئێستادا زۆر پێویستمان بەچەكی دژە تانكە، بەتایبەتی وەك ئەو وەجبە چەكەی میلان كە ئەڵمانیا بۆی ناردین، دەخوازین ئەمریكاش هاوشێوەی ئەڵمانیا چەكی دژە تانكمان بۆ بنێرێت، هەروەها پێویستمان بە چەكی سووكی دەستی پێشمەرگەیە، چەكی دەستی پێشمەرگە لە ئێستا كلاشینكۆفە كە هەموویان لەسەدەی رابردوو دروستكراون، چەكە كۆنەكانی رژێمی پێشووی بەعسن كە بەشێكیان لە 1991 كەوتنە دەستی پێشمەرگە و بەشێكی دیكەشی لە دوای 2003، هەروەها پێویستمان بە دەبابە و ئۆتۆمبیلی زرێپۆشی هاوشێوەی هامەر هەیە، لەبەر ئەوەی ئەو بڕە كەمەی كە وەك تانك هەمانە، دروستكراوی سەدەی رابردوون و تەمەنیان تەواو بووە، بۆیە ئێمە دواكاریمان بۆ پڕچەككردنی پێشمەرگە زۆرە، بەڵام داواكردن شتێكە و جێبەجێكردنی داواكارییەكان شتێكی دیكەیە، ئێمە وەك هێزی پێشمەرگە سوودێكی زۆرمان لە چەكی میلان وەرگرت، بەڵام بە درێژایی 1050 كیلۆمەتر بەرەی شەڕمان لەگەڵ داعش هەیە، ئایا ئەو ژمارەیەی بۆمان هاتووە بەشی ئەو بەرە فراوانە دەكات؟ یان 8000 پارچە چەكی ئەڵمانیمان بۆ هاتووە، ئایا ئەمە ئەگەر دابەشبكرێت لە كۆبانێ تا جەلاولا بەشی چی دەكات؟ من وەك خۆم هاریكاریی هاوپەیمانان بە هێرشە ئاسمانییەكانی فڕۆكە و بە ناردنی چەك و راوێژكاران بۆ مەشقی پێشمەرگە بەرز هەڵدەسەنگێنم و رۆڵی كاریگەریان هەبووە، بەڵام ئەم شەڕە شەڕی هەموو جیهانە و تەنها شەڕی كوردستان نییە، بۆیە ئەگەر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بیەوێت ئەم شەڕە بباتەوە، ئەوا دەبێت راستەوخۆ پێشمەرگە پرچەك بكات و مەشق و راهێنانی زیاتری پێبكات.
* ئەوەی لە هێرشەكانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هێزی پێشمەرگە، ئاستەنگ بۆ پێشمەرگە دروست دەكات، زیاتر چییە؟
- دیارە تیرۆریستانی داعش لە هێرشكردنیاندا، چەندین هۆكاری جیاواز بەكاردەهێنن، یەكەمیان خۆكوژە، واتە خۆی دەبێتە چەكێكی ئاگرین، دووەم ئۆتۆمبیلی زرێپۆشە، واتە ئەو ئۆتۆمبیلانەی بە چەكی دەستی پێشمەرگە وەك ئار پی جی ناشكێت، لەگەڵ ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژكراو، لە سەرەتای شەڕەكە ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژكراو زۆر كاریگەری لەسەر پێشمەرگە هەبوو، لەبەر ئەوەی ئەو ئۆتۆمبیلە بۆمبڕێژكراوە، بەچەكی دەستی پێشمەرگە تێكنەدەشكێندرا، بۆیە جەنابی سەرۆك زۆر ئاگاداری دەكردینەوە چەندی دەكرێت پێشمەرگە خۆی لە ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژكراو بپارێزێت، بۆ ئەوەی قوربانی پێشمەرگە زۆر نەبێت، بۆ ئەمەش جەنابی سەرۆك فەرمانی دا كە بۆ هەر بەرەیەك شۆڤڵێك یان حەفارەیەك ببەین، بۆ ئەوەی خەندەق دروست بكەین و ئەو ئۆتۆمبیلانە نەگەنە ئامانجی خۆیان، بەڵام دوای هاتنی ئەو وەجبە چەكەی كە توانای ئەوەی هەبوو تانك بشكێنێت، ئەوە سوودی زۆری هەبووە و توانرا مەترسی ئەو ئۆتۆمبیلانەش كەم بكرێتەوە.
* هێندەی ئاگاداری لەم میحوەرە تیرۆریستانی داعش چەند جار بە ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژكراو هێرشیان كردووە؟
- ئەوەی لەم میحوەرە من ئاگادار بم، لە مانگی ئابەوە تا ئێستا زیاتر لە 40 ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژكراو هێرشیان كردۆتە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە، لەم ژمارەیە هەندێك تەقیونەتەوە و هەندێكیش لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە تێكشكێندراون، تەنانەت وەك لە شەڕەكانی ئەم دواییە تەلەفزیۆنەكان بڵاویان كردەوە، تانكێكی پێشمەرگە خۆی كێشا بە یەكێك لەو ئۆتۆمبیلە بۆمبڕێژكراوانە و رێگەی نەدا بگاتە شوێنی خۆی و زیان بە هێزەكانی پێشمەرگە بگەیەنێت.
* دیارە لەو ناوچانەی ئازادتان كردوون، ژمارەیەكی زۆر گوندنیشنی عەرەب هەن، وەك ئاماژەت پێكرد، بەشێكی ئەو گوندە عەرەبانە هاوكاریی تیرۆریستانی داعشیان كردووە، ئایا مامەڵەتان لەگەڵ عەرەبەكانی ئەو ناوچەیە چۆنە؟
- ئەمە پرسێكە لە یەكتری جیامان كردۆتەوە، هەر بۆ نموونە لە سنونێ تا رەبیعە هەموو گوندنشینی عەرەبە، لە رەبیعە هەتا تەڕبەگ كە 50 كلیۆمەتر رێگەیە هەمووی گوندی عەرەبنشینن، هەروەها لە لەگوندی قاهیرە تا رەبیعە ئەویش 22 كیلۆمەتر رێگەیە هەمووی گوندی عەرەبن، ئەم گوندانە سەر بە هۆزی شەممەڕن و بەشدارییان لەگەڵ داعش نەكردووە، بۆیە ئێستا ژیانی ئاسایی خۆیان بەسەر دەبەن و دەزگای خێرخوازیی بارزانی دووجار هاوكاری كردوون، جارێك هاوكاری 3-4 هەزار خێزان و جارێكی دیكە لە ناوچەی ئەسكی موسڵ هاوكاری 5 هەزار خێزانی عەرەب كراون، بۆیە ئەو عەرەبانەی كە هاوكاری داعشیان نەكردووە ئەوە كەس هەقی بەسەریانەوە نییە و هاوكاریش دەكرێن، بەڵام ئەگەر گومانێك هەبێت، ئەوا دەزگاكانی ئاسایش لێكۆڵینەوە دەكەن و لە چوارچێوەی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەن، بەڵام سەبارەت بە ناوچەكانی قەسریجە تا دەگاتە شنگال، ئەمانە ژمارەیەك گوندی عەرەب بوون و هاوكاری داعشیان كردووە و خراپ بوون لەگەڵ ئێزیدییەكان، ئەمانە لە ترسی پێشمەرگە خۆیان رۆیشتوون و دوای تیرۆریستانی داعش كەوتوون و ناوچەكانیان چۆڵكردووە، بۆیە ئەوەی هاوكاری تیرۆریستانی داعشی نەكردبێت، ئێمە سەلامەتیان دەپارێزین و ئەگەر گومانێكیش هەبێت، ئەوا ئاسایش بە رێگەی یاسایی لێكۆڵینەوەی خۆی دەكات.
* ئەگەر دواپرسیارمان سەبارەت بە ئەو شوێنانە بێت كە دوای ئازادكردنی بۆمبڕێژ دەكرێت، یان لەسەر رێگەكان بۆمب دەچێنن، ئایا چۆن ئەمەتان چارەسەر كردووە بۆ ئەوەی خەڵك بگەڕێنەوە بۆ ناوچە ئازادكراوەكان؟
- لە ناوچەی زوممار و گوندەكان گەڕبڕ تا دەگاتە تەلمۆز، دەتوانم بڵێم بەشێوەیەكی گشتی هەموو ماڵێكیان بۆمبڕێژ كردبوو، بەداخەوە بەهۆی ئەمەوە ژمارەیەك پێشمەرگە و هاووڵاتی شەهیدبوون، لەوانە شەهید عەقید فاخر كە خانەنشین و كەمئەندام بوو، بەڵام بۆ هەڵگرتنەوەی ئەو بۆمبە چێنراوانە گەڕایەوە و بەداخەوە شەهید بوو، بەڵام لە ئێستادا توانراوە هەموو ئەو ناوچانە پاكبكرێنەوە و خەڵكی ئەو گوندانە بەشی زۆریان گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و رۆژ لەدوای رۆژیش خەڵكی زیاتر دەگەڕێتەوە.
