سیناتۆر ئەیمیری مۆتیسكۆجێگری سەرۆكی لیژنەی دەرەوە و بەرگری لە ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا بۆ گوڵان:تا ئێستا نەمبینیوە هیچ سەرۆكێك وەك سەرۆك بارزانی كۆشكی سەرۆكایەتی بەجێبهێڵێت و خۆی راستەوخۆ لە
February 12, 2015
دیمانەی تایبەت
ئەیمیری مۆتیسكۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسایە و پێشتر ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا و پەرلەمانی فەرەنساش بووە، ئێستاش جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەرەوە و بەرگری لە ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسایە و ماوەی 15 ساڵ زیاترە لەگەڵ كورد كاردەكات. لە دوای هێرشەكانی خەلافەتی ئیسلامی داعشیشەوە بۆ سەر كوردستان لەگەڵ ئەوەی سیناتۆر ئەیمیری سەر بە حزبەكەی فرانسۆ هۆڵاندی سەرۆكی ئێستای فەرەنساش نییە، بەڵام زۆر باش بەرگری لە مافەكانی گەلی كوردستان كردووە لەناو پەرلەمانی فەرەنسادا، لە هەفتەی رابردووش سەردانی هەرێمی كوردستانی كردبوو، دوو رۆژنامەنووسی فەرەنسیشی لەگەڵ خۆی هێنابوو بۆ ئەوەی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە بە شێوەیەكی دیكۆمێنتاری تۆمار بكەن. گوڵان لە میانی ئەو سەردانەیدا بۆ كوردستان، ئەم دیمانە تایبەتەی لەگەڵ ئەنجامداو بەمجۆرە رای خۆی بۆ گوڵان خستەڕوو.* وەك سیناتۆرێك لە پەرلەمانی فەرەنسا و ئەندامی لیژنەیەكی گرنگی وەك كاروباری بەرگری و دەرەوە، لە كەیەوە بایەخ بە پرسی كورد دەدەی و سەرەتای ئەم بایەخدانە بۆ چ ساڵێك دەگەڕێتەوە؟
- بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2001 یان 2002 بوو چاوم بە سەرۆك بارزانی كەوت و دواییش سەرۆك تاڵەبانی بۆ كۆنفڕانسی موعارەزەی عێراقی كە لە پێش رووخانی رژێمەكەی سەددامدا لە ناو پەرلەمانی فەرەنسا گرێدرا، بانگهێشتی (سەرۆك بارزانی)ـم كردووە و من یەكێك بووم لەو كەسە رۆژئاواییانەی كە لەو كۆنفڕانسە بەشدار بووم، لەو كاتەوە پەیوەندیم لەگەڵ سەرۆك بارزانی هەیە و بەردەوامیش بایەخم بە كێشەی كورداوە، هەتا ئێستاش 12 بۆ 13 جار سەردانی كوردستانم كردووە، دوایین جار لە 13ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ لە ناو پەرلەمان داوام لە حكومەتی فەرەنسا كرد راستەوخۆ هاوكاری سەربازی كوردستان بكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و داوام كردووە هاوكارییەكی باشی كورد بكرێت، چونكە هەر هێزەكانی پێشمەرگە بوون كە لە گۆڕەپانی شەڕدا توانیویانە پێش بە هێزەكانی داعش بگرن.
* سەردانی بەڕێز فرانسۆ هۆلاند سەرۆكی فەرەنسا بۆ كوردستان لە كاتی شەڕی داعشدا لای خەڵكی كوردستان گرنگییەكی زۆری هەبوو، ئایا چۆن سەیری سەردانەكەی هۆلاند بۆ كوردستان دەكەیت؟
- سەردانی سەرۆكی فەرەنسا، فرانسوا هۆلاند بۆ هەرێمی كوردستان خۆی لە خۆیدا نیشانەی گرنگیدان و بایەخپێدانی فەرەنسایە بە كوردستان، بە هەمان شێوە سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگریی فەرەنسا سەردانی كوردستانیان كردووە، كەسانی دیكەش هەن بەنیازن سەردانی كوردستان بكەن و لە بەرنامەیاندایە، ئەمانە ئاماژەی ئەوەن هەرێمی كوردستان پێگەیەكی تایبەتی هەیە لە سیاسەتی دەرەوەی فەرەنسا و بە گرنگییەوە لەم هەرێمە دەڕوانن. بەڵگەی راستگۆیی ئەو قسەیەشم كە فەرەنسا بە گرنگییەوە لە هەرێمی كوردستان دەڕوانێت، ئەوەیە كە من لە حزبەكەی سەرۆكی فەرەنسا نیم و سەر بە موعارەزەم، بەڵام كاتێك دەبینم-حكومەتی فەرەنسا- هەنگاوی باش هەڵدەنێت، ئەوا پشتیوانی لێدەكەم و ئەمەش رێزگرتنە لەو خەبات و تێكۆشانەی لە دژی داعش دەیكەن. ئەوەی زۆر لای من ئازاربەخش بووە، ئەوەیە لە كاتێكدا كورد لە گۆڕەپانی شەڕدایە و بەر بە پێشڕەوی داعش دەگرێت، بەڵام بۆ كۆنفرانسی لەندەن بانگهێشت نەكران كە تایبەت بوو بە بەرەنگاربوونەوەی داعش، ئەمە لای من شتێكی زۆر ناخۆش بوو، بۆیە من لەم گەشتەمدا دوو رۆژنامەنووسی بەناوبانگی فەرەنسیم لەگەڵ خۆم هێناوە، یەكێكیان رۆژنامەنووسێكە كە خەڵاتێكی بە ناوبانگی لە ئەوروپا بە ناوی «ئەلبێرت لۆندر» بەدەستهێناوە، هەمیشە رووماڵی شەڕ و قەیرانەكان دەكات و بە شێوەیەكی مەیدانی كارەكانی ئەنجام دەدات، پێشتر راپۆرتی لەسەر لیبیا و سووریا ئامادە كردووە، هەروەها سێ مانگ پێش ئێستا هاتووە و نزیكەی سەرجەم بەرەكانی شەڕی لێرە (كوردستان) بەسەر كردۆتەوە و گۆڤارەكەی لە پڕفرۆشترین گۆڤارەكانە لە فەرەنسا و ئەوروپاشدا گەورەترین تیراژی لێ دەردەچێت و رەنگە هیچ ماڵێك نییە ئەو گۆڤارەی نەبێت، كە ناوی «پاری ماچ»ـە، ئەو گۆڤارە راپۆرتێك لەسەر بارودۆخی كوردستان بەتایبەتی و رەوشی بەرەكانی شەڕ ئامادە دەكات، بە هەمان شێوە وێنەگرێكم لەگەڵ خۆم هێناوە كە خاوەن ناوبانگێكی جیهانییە و ناوی «عەلی دیقەتی»یـە كە لە ساڵی 1979ـەوە كار لەگەڵ كورددا دەكات، ماوەیەكی زۆریش لە دەزگای مەدام میتران لە پاریس و لەسەر پرسی كورد كاری كردووە كە توانیویەتی لە رێی وێنەكانیەوە سەرنجی رای گشتیی فەرەنسا بۆ پرسی كورد راكێشێت. ئەوەی زۆر گرنگە بەلای ئەوەوە ئەوەیە كە خەڵكی فەرەنسا بزانن لێرە كورد چ هەوڵ و تێكۆشانێك دەدات و لە چ میحنەتێكدایە و لەگەڵ ئەوەشدا كوردەكان لە هەموو لایەكەوە شەڕی بەرگری و بەرەنگاربوونەوە دەكەن، بەڕاستی شەڕی مان و نەمان دەكەن. هەر لەبەر ئەوەشە كە لە وتارەكەمدا كە لە 13ی مانگدا لە ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا پێشكەشم كرد، ئەوەم روون كردۆتەوە كە كوردەكان لە بری ئێمە شەڕی تیرۆر دەكەن و شەڕی دژ بە داعش لە كوردستان دەستی پێكردووە، بۆیە دەبێت بە هەموو شێوەیەك یارمەتی هەموو كورد بدرێت.
* چۆن لە رۆڵی سەرۆك بارزانی دەڕوانن، كە ئێستا كۆشكی سەرۆكایەتی جێهێشتووە و خۆی راستەوخۆ لە بەرەكانی شەڕە و سەرپەرشتی مەیدانی بەرەنگاربوونەوە دەكات و لە بری هەموو جیهان شەڕی تیرۆریستان دەكات، بەتایبەتی كە هاوكارییە نێودەوڵەتییەكانیش لە ئاستی پێویستدا نین؟
- بە دڵنیاییەوە رۆڵی سەرۆك بارزانی زۆر بەرز دەنرخێنم و وا بزانم تەنها سەرۆكێكە كە شوێنی كاری خۆی جێهێشتبێت و بچێت لە بەرەكانی شەڕ هاوبەشی ئێش و ئازار و مەینەتی و نەهامەتییەكانی پێشمەرگەكان بێت و لەگەڵیاندا نانی پێشمەرگایەتی بخوات و لەگەڵیاندا لە سەنگەرەكاندا بخەوێت، ئەوە حاڵەتێكی بێوێنە و زۆر كەمە و ئێمە شتی وامان نەبینیوە، هەر لەبەر ئەوە بەڕاستی بەلای منەوە رۆڵی سەرۆك بارزانی نموونەیە لە ناوچەكەدا، هەر ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات كە ورە و قارەمانێتی پێشمەرگە لە كوێوە سەرچاوەی گرتووە، چونكە ئەوان دەبینین كە سەرۆكەكەیان لەگەڵ خۆیاندایە و جیا نین لە یەكتر و بوونەتە یەك بەش و یەكپارچە، هەر بۆیە توانیویانە وا قارەمانانە بەرامبەر بە دوژمن بوەستن.
* پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی فەرەنسا هەوڵ نادات هاوكاری سەربازی زیاتر و بە شێوەیەكی راستەوخۆ بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكات، ئایا چ رێگرییەك هەیە لەوەی فەرەنسا راستەوخۆ یارمەتی سەربازی كوردستان بدات؟
- ئەوەندەی من بزانم تا ئێستا هاوكارییەكانی فەرەنسا بۆ هەرێمی كوردستان لە چەند دۆشكەیەكی20 ملم زیاتر نەبووە، كە ئەوانیش بەكارهاتوون و نوێ نەبوون، هەر بۆیە لەو وتارەمەدا لە بەردەم ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا داوام كردووە ئاستی ئەو یارمەتییانە زیاتر بكرێت و چەكی قورس و ئەو هاوكارییانە راستەخۆ بە هەرێمی كوردستان بدرێت، نەك رەوانەی بەغدا بكرێت، چونكە هیچ مانایەكی نییە كە ئێوە شەڕەكە دەكەن، بەڵام چەكەكە بۆ لایەكی دیكە بڕوات، هەروەها من ئەوەم دووپات كردۆتەوە كە بۆ ئەوەی لە فەرەنسا شەڕی داعش نەكەین، ئەوا دەبێت لێرە لە ناویان ببەین، چونكە ئەگەر داعش لێرەدا بێهێز نەكرێت و لە ناو نەبردرێت، ئەوا دەبێت لە فەرەنسا رووبەڕووی ببینەوە و شەڕی لەگەڵدا بكەین.
* كورد خەونی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان هەیە و عێراقیش بە یەكگرتوویی نەماوەتەوە، هەروەها ئێستا رەوشەكە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە ئاراستەیەكە كە سنوورەكان شكێندراون، ئایا فەڕەنسییەكان چۆن لەم رەوشە نوێیە دەڕوانن و چ خوێندەوەیەكیان بۆی هەیە؟
- بە ناوی فەڕەنسییەكانەوە قسە ناكەم، بەڵام بە رای من دۆخەكە بەم شێوەیە كە نزیكەی 40 ملیۆن و بگرە زیاتریش كورد لەم ناوچەیەدا دەژین و خاكێكیان هەیە چەند هەزار ساڵە لەسەری دەژین و مێژووییەكی كۆنیان هەیە و كەلتووری خۆیان هەیە و زمانێكیان هەیە كە لە هەر شوێنێك لەگەڵ یەكتر قسە بكەن لە یەكتر تێدەگەن- بە هەر شێوەیەك بێت-، واتە هەموو توخم و پێكهاتەكانی بە دەوڵەت بوونیان تێدا هەیە، بەڵام ئەوەندەی من دەیبینم ئەوەیە ئەو وڵاتانەی كوردەكانیان بەسەردا دابەش كراوە- توركیا و ئێران و عێراق و سووریا- ئەوانە كێشەی گەورەن.
* كوردستان بۆتە شوێن و پەناگەی پێكەوەژیان، كە ئێستا یەك ملیۆن و شەش سەد هەزار ئاوارە لە مەسیحی و ئێزیدی و عەرەبی سوننە و شیعە لە كوردستاندا هەن كە بەسەر 29 كامپدا دابەش كراون، دابینكردنی هەمو پێداویستییەكانی ئەوان لە توانای هەرێمی كوردستان بەدەرە، ئایا فەرەنسا بۆ هاوكاریكردنیان چی كردووە؟
- من هەست دەكەم كە ئاوارەكان بارێكی ئێجگار قورسە لەسەر شانی كورد و حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمە وەك ئەوە وایە كە بیست ملیۆن ئاوارە رووبكەنە فەرەنسا. ئێمە ئاواتەخوازین وڵاتە عەرەبییەكانی دەوروبەر، بەتایبەتی ئەوانەی زۆر دەوڵەمەندن، لە سەرەتاشەوە پێنەدەچوو زۆر دژی داعش بن، قەرەبووی ئەو سیاسەتە هەڵەیەی خۆیان بكەنەوە و هەر هیچ نەبێت یارمەتی كورد بدەن بەرامبەر ئەو مەترسییە رابوەستێت، فەرەنساش بتوانێت بە شێوەیەك لە شێوەكان ئەو كارە بكات.
* وەك دەزانن كوردانی ئێزیدی بەم دواییە بە چەشنی هەڵەبجە و ئەنفال رووبەڕووی كارەسات و كوشتنی بەكۆمەڵ بوونەوە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا بەڕێزتان و وڵاتی فەرەنسا چ هەوڵێكیان داوە بۆ ئەوەی ئەم رووداوە بە جینۆساید بناسرێت؟
- من وەك سیاسەتمەدار و سیناتۆرێك ئەوەم بۆ یەكلابۆتەوە كە ئەو تاوانەی بەرامبەر ئێزیدییەكان كرا، بەلای من و هاوەڵەكانیشمەوە جینۆسایدە و هیچ گومان لەوەدا نییە، بەڵام ئێوە لە دەرەوە وەك پێویست و بە شێوەیەكی گشتی كارتان نەكردووە بۆ ناساندنی ئەو تاوانانەی لە دژی ئێزیدییەكان و لە دژی كورد بەگشتی كراوە، ئەمە وەك هەواڵێكی لێهاتووە، بۆ نموونە بیهێننە بەرچاوی خۆتان فەرەنسییەك لە ماڵەكەی خۆیدا دانیشتووە و هەواڵێك دەنووسرێت كە ئەوەندە هەزار ئێزیدی كوژراون، دواتر هەواڵێكی دیكە دێت و دەڵێت ئەوەندە كەس بە پێكدادانی ئۆتۆمبێل كوژراون و ئینجا هەواڵێكی دیكە باسی ئەوە دەكات كە ئەوەندە كەس لە شوێنێكی دیكە كوژراون، مەبەستم ئەوەیە ئەو گرنگییەی – ئەم رووداوە- هەیەتی بۆ خەڵكی كورد لێرە، تا ئێستا ئەو گرنگییەی بۆ خەڵكی فەرەنسا نەبووە، بە چەشنێك بڵێن با كاری بۆ بكەین تا رایگرین. كێشەكە لەوەدایە. لێرەدا دەمەوێت ئەوە بڵێم كە كاتێك من ئەوەم پرسی پێشمەرگە مانای چییە، پێیانوتم بە مانای بەپیرەوەچوونی مەرگ دێت، من چیرۆكی سێ مۆسكیۆتەرەكەم بیركەوتەوە، كە بە مانای سێ تفەنگدارەكە دێت، ئەمانە پیاوی پاشا و جێی باوەڕ و متمانەی پاشا بوون و سەركردایەتی بەرەكانی شەڕیان پێ دەسپێردرا، وەك فەرماندەی میحوەرەكان لێرە، دروشمی ئەوانیش ئەوە بوو كە مەرگ لە هەر كوێیەك بێت، ئێمە دەچین بۆ ئەوێ و سڵی لێناكەینەوە و لێی ناترسین، بۆیە ئەوان بە ئازایەتی بەناوبانگ بوون. بۆیە كاری ئێوەیە لێرە چەند دەكرێت ئەو تاوانانە بە دۆكیۆمێنت بكرێت و بۆ ئەوەی لەبیر نەچنەوە و ئەوانەی ماون و شایەتحاڵن، وتەكانیان تۆمار بكرێت و تەرجومە بكرێت و بكرێتە ریپۆرتاژ و پێشكەشی رای گشتی دەرەوە بكرێت و كاری جددی لەسەر بكرێت و پسپۆڕی یاسایی و پسپۆڕی جینۆسایدی دەوێت، كە هەموو ئەوانە پێكەوە كاربكەن.
* بۆچی كاتێك مەترسیی داعش هاتە سەر كوردستان، ئەمریكا بە فڕۆكە هات بەهانای كوردەوە و ئەڵمانییەكان چەكی میلانیان دابین كرد، بەڵام فەرەنسا زیاتر لەسەر ئاستی راگەیاندن كاری كرد؟
- ئەمە چەند هۆكارێكی هەیە، یەكێك لەو هۆكارانە ئەوەیە كە هێزەكانی ئەمریكا بنكەیان هەیە لە ناوچەكەدا، لە قەتەر و لە قوبرس، ئەوەی پەیوەندی بە فەرەنساوە هەبێت، ئەوا ئێستا نزیكەی 10 هەزار سەربازی لە دەرەوەی خاكی فەرەنسا شەڕدەكەن، لە مالی و لە ئەفریقیا و لە لوبنان و لە ناوەڕاستی ئەفریقیا كە لەوێ شەڕی تیرۆریستەكان دەكەن و فەرەنسا هیچ یارمەتییەك وەرناگرێت لە یەكێتی ئەوروپا، هەرچی هەیە لە بودجەی خۆی خەرج دەكات و بە چەشنی ئەمریكا ئەو توانا سەربازییە گەورەیەی نییە كە بتوانێت سەرباز و چەك بۆ هەموو شوێنێكی جیهان بنێرێت، ئەڵمانییەكانیش تەنها چەكیان نارد،- ئەوەش بارێكی ئەوەندە قورس نەبوو لەسەر شانیان- و سەربازیان نەناردووە، بەڵكو چەند راوێژكارێكیان رەوانە كردووە، واتە فەرەنسا هەر ئەوەندەی پێكراوە.
* زۆرجار باس لەوە دەكرێت كە شەڕی داعش تەنها بە هێزی ئاسمانی و گورزی ئاسمانی لەناو ناچێت، بەڵكو ئەمە پێویستی بە رەوانەكردنی هێزی زەمینی هەیە، ئایا تێڕوانین و خۆێندنەوەی ئێوە بۆ ئەم مەسەلەیە چییە؟
- چەند هۆكارێك هەن، شەڕەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان و لە عێراق نزیكەی 12 هەزار ملیار دۆلاری تێچووە، بێجگە لە زیانی گیانی و ئەو كاریگەرییەی لەسەر رای گشتی ئەمریكا هەیبووە، لەبەر ئەوە ئامادە نین جارێكی دیكە خۆیان بخەنە حاڵەتێكی ئاوا و شەڕێكی ئاواوە، هەروەها بەریتانیاش كە لە باشووری عێراق بەشداری كردووە، ئەوەندەی ئێمە بزانین ئەویش شكستێكی وای بەسەر هاتووە كە جارێكی دیكە ناتوانێت هەستێتەوە و بوێری ئەوە ناكات خۆی بخاتە گێژاوی شەڕێكی تازەوە. فەرەنسا لەبەر ئەوەی وەك پێشتر ئاماژەم پێكرد- كە هێزەكانی لە زۆر شوێنی دنیادا بڵاوكراونەتەوە- بەڕاستی ئەو هێزەی نییە خۆی بخاتە نێو شەڕی دیكەوە. وەك باس دەكرێت خەرجی بەشداریی سەربازیی فەرەنسا ملیارێك و دووسەد ملیۆن یۆرۆیە لە مانگێكدا، ئەمەش بڕێكی زۆر زۆرە بەتایبەتی لەو بارودۆخە ئابوورییەی كە لەوێدا هەیە. ئەو سەروەختەی شەڕ كرا لە دژی عێراق، بە تەواوەتی سیستمەكەیان تێكدا و ژێر و ژووریان كرد، ئەوانەی ئێستا هەن ئەفسەرە بەعسییە كۆنەكانن كە لە پشتەوە بەشداری ئەو شەڕە دەكەن، ئەو ناسیۆنالیستە توندڕەوە عەرەبە سوننانەی كە یارمەتی داعش دەدەن، درێژە بە پیادەكردنی هەمان سیاسەتی سەددام حوسێن دژ بە كورد دەدەن، ئێمە پێمان خۆشە كارێك بكەین، بەڵام تواناكانی ئێمە سنووردارە و بەم شێوەیەی دەمانەوێت ناتوانین بەشداری لەو شەڕەدا بكەین.
* كوردستان سەرچاوەیەكی زۆری نەوت و غازی هەیە، ئایا لە راپۆرتەكەتاندا لەبەردەم سیناتی فەرەنسا باستان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی كورد و فەرەنسا كرد لە رووی نەوت و غازەوە؟
- ئێمە دەزانین كوردستان دەوڵەمەندە بە سەرچاوە سروشتییەكانی و بە توانامرۆییەكانی، وەك كەسێكی دەرەكی كە بیەوێت كاری بازرگانی بكات، ئەوا لە نێوان دوو وڵاتدا كە یەكێكیان لە شەڕدا بێت و ئەوی دیكەیان ئاسایشی تێدا بەرقەرار بێت، ئەوا ئەو وڵاتە هەڵدەبژێریت كە كێشەی نەبێت، بەڵام من مەبەستم ئەوە نییە دەبێت كوردستان لەبیر بكەین و لێی دووربكەوینەوە، هەر بۆیە لەو دیدارەمدا كە لەگەڵ سەرۆكی حكومەتدا ئەنجامی دەدەم، یەكێك لە باسەكان ئەوە دەبێت كە دەمەوێت شاندێكی گەورەی كۆمپانیاكانی فەرەنسا بێنمە كوردستان بۆ ئەوەی لە نزیكەوە بارودۆخەكە ببینن و بزانن كە رەوشی ئاسایش و سەقامگیری چۆنە، چونكە بەلای ئێمەوە زۆر زۆر گرنگە كە ئەو پەیوەندییە بازرگانییەش لە نێوان فەرەنسا و هەرێمی كوردستان هەبێت. ئەوەی لە كوردستاندا بەدی دەكەم خاوەن سامانێكی سروشتی زۆر دەوڵەمەندە و ئەگەر پلانی حكومەت سەربگرێت و سەركەوتوو بێت، ئەوا لە رۆژێكدا یەك ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، هەرێمی كوردستان خاوەنی سامانێكی گەورەی غازە، كە ئەگەر بێتو غاز بنێرێت بۆ ئەوروپا ئەوا دەتوانێت جێی غازی رووسیا بگرێتەوە كە رەوانەی یەكێتی ئەوروپا دەكرێت، هەموو ئەوانە دەكرێت یارمەتیدەر بن بۆ ئەوەی كوردستان لەباری ئابووری و بازرگانییەوە سەربەخۆ بێت، بەڵام كێشەكە هەروەك باسمكرد دەوڵەتانی دەوروبەرن- ئەوانەی كوردستانیان بەسەردا دابەشكراوە- ئەوان لە پێش سەربەخۆیی كوردستاندا رادەوەستن و دژی ئەو پڕۆژەیە دەوەستنەوە.بەڵام لە سووریا كوردەكان توانیویانە نیمچە ئۆتۆنۆمیەك لەسەر ئەرزی واقیع دروست بكەن و توانیوانە بەرەوپێشەوە بڕۆن و ئۆتۆنۆمیەكەیان بەرفراوانتر ببێت.
* دوایین وتەت چییە؟
- هەموو هەوڵی خۆم دەدەم بە ئەوروپای رابگەیەنم كە كورد لەسەر ئەرزی واقیع بەرەنگاری گەورەترین مەترسی بۆتەوە لە جیهانی ئێستادا و بە نوێنەرایەتی هەموو گەلانی جیهان و گەلی فەرەنساش بەڕاستی شەڕی تیرۆریستانی داعش دەكەن.
