پێویستە بڕیارەكانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە لایەن هەمووانەوە بە بایەخەوە جێبەجێ بكرێن

پێویستە بڕیارەكانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە لایەن هەمووانەوە بە بایەخەوە جێبەجێ بكرێن
قۆناخی سەركەوتنی پێشمەرگە بەسەر تیرۆریستانی داعش كە شەڕێكی نەخوازراوە و یەخەی كوردستانی گرتووە، هەندێك پرسی كردۆتە ئەولەوییەتی سیاسەتی هەرێمی كوردستان، لەوانە: یەكخستنی هێزی پێشمەرگە و تەواوی هێزە چەكدارەكانی كوردستان، هەروەها بەهۆی ئەو قەیرانە ئابوورییەی رووی لە كوردستان كردووە، پێداویستیی چاكسازی و گۆڕانكاری و گەڕان بەدوای سەرچاوەی داهات بۆتە پرسێكی دیكە، سەبارەت بەم پرسانە بابەكر دڕەیی ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆران بەمجۆرە بۆ گوڵان هاتە ئاخاوتن.
بابەكر دڕەیی ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان:پێویستە بڕیارەكانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە لایەن هەمووانەوە بە بایەخەوە جێبەجێ بكرێن


* لە ئێستادا بارودۆخێكی نوێ لە كوردستان هاتۆتە ئاراوە و كۆمەڵێك گۆڕانكاریی سەربازی و سیاسی روویانداوە، ئایا چۆن سەیری ئەم بارودۆخە دەكەیت؟
- لەم دۆخەدا دەرفەتێكی زۆر باش هاتۆتە پێشەوە بۆ هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی پاش شەڕی داعش پشتیوانییەكی جیهانی هەیە بۆ كوردستان، بزاڤی دیپلۆماسییانەی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەك بووە توانیویانە پشتیوانییە جیهانیەكان بۆ هەرێمی كوردستان مسۆگەر بكەن و لە بەرەكانی جەنگدا ئەكتیڤ بكرێن بۆ داكۆكی لە خاك و خەڵكی هەرێمی كوردستان، دواتر هەرێمی كوردستان توانی پێشمەرگە بنێرێتە كۆبانێ و لە ئاستی نەتەوەییشدا هەنگاوی باشی ناوە، كە ئەمەش بووەتە هۆی پتەوتركردنی پێگەی هەرێمی كوردستان لە ئاستی نەتەوەییدا، چ بۆ باكوور و چ بۆ خۆرئاوای كوردستانیش، بەم هەنگاوانە پێگەی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی جیهان بە شێوەیەكی باش بەرەو پێشەوە بردووەو لەسەر ئاستی هەرێمیشدا ترسەكان لەسەر هەرێم رەویونەتەوە بە حوكمی ئەوەی ئەم هەرێمە سەقامگیرتر بووە لە ناوخۆیدا، پشتگیری وڵاتانی دنیای بۆ هاتۆتە پێشەوە بە شێوەیەك قوتدان و پەلاماردانی كوردستانی عێراق ئاسان نییە بۆ دراوسێ كۆنەكانی خۆی، لەم ئاقارەدا بۆ ئەوەی ئەم هەرێمە قایمتر بكەین، سێ مەرج پێویستن، بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان باشتر سەقامگیر ببێت و بەرەو پێشەوەتر بڕوات، كە بریتین لە: دابەشكردنی توانا و سامان و مەعریفەت، لە دابەشكردنی قودرەت واتا دیموكراسی لە كوردستان زیاتر بچەسپێت و حزبە سیاسییەكانی كوردستان تەنیا بەشدار نەبن، بەڵكو هاوبەشیش بن، بە شێوەی گشتی هەنگاوی باش نراوە بە مەرجێك لێپرسینەوە هەبێت لەو كۆمپانیانەی بوونەتە مایەی كەموكورتی و گەندەڵی لە كوردستاندا، ئەوا حكومەتی هەرێمی كوردستان پێگەی قاییمتر دەبێت و ئەو تونێڵەی كوردی پێدا دەڕوات ئەوسەری رووناك دەبێت و تاریك نابێت، بەگشتی من گەشبینم بە كۆی پرۆسەی ئەو هەنگاوانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵیگرتووە، هەنگاوەكانیشی لە ئاقارێكی دروست و راستدان، بەڵام پێویستیمان بەوەیە بەردەوام خەریكی چاكسازیی ناوخۆیی بین، بۆیە بەو مەرجەی ئەو سێ شتەی باسمكردن دابەشبكرێن بە شێوەیەكی دروست و عەقڵانی.
* ئاگادارن كە بەرنامەیەك لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە و سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش زۆر جەختی لێ دەكاتەوە، ئەویش بەردەوامبوونی ئەو چاكسازییەیە كە باستان كرد، لێرەدا بۆ ئەوەی ئەمە بە ئەنجام بگات، رۆڵ و ئەركی هەموو لایەنە سیاسییەكان چییە تا بە شێوەیەكی باشتر لەوەی ئێستا ئەو دادپەروەرییەی لەو سێ ئاقارەدان بێتەدی، چۆن هەمووان پشتیوانی لەم پڕۆژەوە بەرنامەیە بكەن؟
- بێگومان ئەركی هەموویانە جێبەجێی بكەن، بۆ نموونە سەرۆكی هەرێمی كوردستان ماوەیەك لەمەوبەر بڕیاری دا كە هیچ كەس و لایەنێك لە دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆی نییە میلیشیای هەبێت، ئەوە بڕیارێكی مێژوویی گرنگە و پەرلەمانی كوردستانیش پەسەندی كرد، ئینجا پێویستە سەرۆكایەتی هەرێم چاودێری جێبەجێكردنی بڕیارەكەی بكات و ئەو لایەنانەی ملكەچ نابن بەم بڕیارە خەڵكی كوردستانیان لێ ئاگادار بكاتەوەو خەڵك بە گشتی بزانن كە ئەوانە كێن كۆسپن لەبەردەم جێبەجێبوونی بڕیارە گرنگەكانی هەرێمی كوردستان، چونكە لەم ماوەیەی كە پشتیوانی جیهانی بۆ كوردستان هەیە، لە كاتێكی وادا بێ دەلیل نییە كە سەرۆكایەتی هەرێم بڕیار دەردەچوێنێت بۆ یەكگرتنی سوپای كوردستان، ئەگەر لە ئێستادا یەكنەگرێت، ئیتر یەكگرتنی بۆ داهاتوو مەحاڵ دەبێت، دەزگا راگەیاندنەكانی كوردستان پێویستە هەڵمەتێكی راگەیاندن دەستپێبكەن و رێگر بن لەبەردەم هەر كەسایەتی و لایەنێكدا كە بۆ ئەم بڕیارە گرنگەی سەرۆكایەتی هەرێم دەبنە كۆسپ، لە كۆی دۆز و پرسەكانی تریشدا سەرۆكایەتی هەرێم كە بڕیار بۆ چاكسازیی دەدات، زۆر گرنگە، بەڵام ئەمە بەدواداچوونێكی بەردەوامی پێویستە. دەرفەت لەمە باشتر نابێت كە هەم لە باری نیزامی و هێزی میللەتی ئێمە تۆكمەتر بكرێت، هەم لە باری سیاسییەوە چاكسازیی ئەنجام بدرێت، پێویستە بڕیارەكانی سەرۆكایەتی هەرێم لە لایەن هەمووانەوە بە بایەخەوە جێبەجێ بكرێن.
Top