سەرۆكی كوردستان وەك بارزانی نەمر بەشداری و سەرپەرشتی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش دەكات
February 5, 2015
دیمانەی تایبەت
حەمید ئەفەندی زیاتر لە 50 ساڵە پێشمەرگەیە و هەموو پلەكانی پێشمەرگایەتی بڕیوەو تا گەیشتۆتە پۆستی وەزیری پێشمەرگەی كوردستان، دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر كوردستان، جارێكی دیكە گەڕاوەتەوە بەرەكانی شەڕ و بۆتەوە بە پێشمەرگە و لەلایەن (سەرۆك بارزانی)یەوە بەرپرسی میحوەری باشیكی پێ سپێردراوە. بۆ قسەكردن لەسەر دۆخی بەرەكانی شەڕ و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە، گوڵان سەردانی بەرەی پێشمەرگەكانی كوردستانی لە باشیك كرد و هەر لەوێ ئەم دیمانەیەی لەگەڵ حەمید ئەفەندی ئەنجامدا.حەمید ئەفەندی بەرپرسی میحوەری باشیك بۆ گوڵان:سەرۆكی كوردستان وەك بارزانی نەمر بەشداری و سەرپەرشتی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش دەكات
* دوای زیاتر لە پەنجا ساڵ پێشمەرگایەتی و بڕینی هەموو پلەكانی پێشمەرگایەتی و بوونت بە وەزیری پێشمەرگە، دەبینین حەمید ئەفەندی دووبارە بۆتەوە بە پێشمەرگە و لەسەنگەرەكانی پێشەوەیە، چۆن بوو گەڕایتەوە بۆ پێشمەرگایەتی؟
- پێش هەمووشت، پێشمەرگایەتی لە هەموو پۆست و ناوێك گەورەترە، جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی ناوی پێشمەرگەی لە سەرۆك لا گەورەترە و سەنگەری پێشمەرگەشی لە كۆشكی سەرۆكایەتی پێخۆشترە، بۆیە لای ئێمەش پێشمەرگایەتی لە هەموو شت گەورەترە، لەمەش گرنگتر ئەوەیە كاتێك بڕیار دەدەیت ببیتە پێشمەرگە، كەس فەرمانت پێ ناكات، یان كەس داوات لێ ناكات، بەڵكو خۆت بڕیار دەدەیت، ئەمجارە منیش بێ ئەوەی كەس فەرمانم پێبكات و كەس پێم بڵێ، كە بینیم تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر كوردستان و هەستمكرد شڵەژانێك لەناو خەڵك دروست بووە و دووبارە پێویستە دروشمی كوردستان یان نەمان بەرز بكەینەوە و بەهەمان گیان و ورەی ساڵی 1961 چەك بكەینە شان و رووبكەینە بەرەكانی شەڕ، بۆیە هەر ئەو كات كۆمەڵێك پێشمەرگەم كۆكردەوە كە ژمارەیان 40-50 پێشمەرگە بوو، روومانكردە میحوەری خازر و كە گەیشتمە ئەوێ د.رۆژ نوری شاوەیس پێش من لەوێ بوو. دیارە د.رۆژ جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو، ئەو پێش من بڕیاری دابوو ببێتەوە بە پێشمەرگە، یەك دوو رۆژ لەگەڵ د.رۆژ لەو میحوەرە بووم، پاشان جەنابی سەرۆك بارزانی زانیبووی منیش لە خازرم، بۆیە ئەمری كرد، بچمە میحوەری بەعشیقە و لەسەر فەرمانی بەڕێزیان لەو رۆژەوە لەم میحوەرەم.
* دیارە ئەو كاتەی ئێوە گەڕانەوە ناو هێزی پێشمەرگە، هێرشەكانی داعش هەندێك پاشەكشەی بە هێزی پێشمەرگە كردبوو، ئایا كاریگەری ئێوە وەك پارتیزانە دێرینەكانی شاخ لەسەر وەرچەرخانی شەڕەكە چۆن بوو؟
- دیارە كەوتنی موسڵ و هەڵاتنی سوپای عێراق، تیرۆریستانی داعشی لە گرووپێكی تیرۆریستیەوە گۆڕی بۆ دەوڵەتێكی تیرۆریستی بەهێز و پڕچەك، لەیەكەم رۆژی گرتنی موسڵیشەوە، تیرۆریستان ناو بەناو هێرشیان دەكردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە شوێنە جیاوازەكان، بەڵام هێرشی تەواویان لە مانگی ئاب دەستپێكرد، واتە دوای پەنجا رۆژ لە گرتنی موسڵ، لەو ماوەیەدا، نە حكومەتی بەغدا نە هاوپەیمانان هاوكاری هێزی پێشمەرگەیان نەكرد، پێشتریش هێزی پێشمەرگە لەلایەن بەغداوە گەمارۆی چەك و كەلوپەل و مووچە و بودجەی خرابووە سەر، لەلایەكی دیكەش هێزی پێشمەرگە بریتیبوون لە هێزێكی گەنج و خوێنگەرم، بەڵام كەم ئەزموون لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا، بۆیە ئەمە وایكرد لەگەڵ هێرشی تیرۆریستانی داعش هەندێك پاشەكشە بكەن، بەتایبەتیش كە تیرۆریستانی داعش بە هامەر و تانك و زرێپۆش هێرشیان كردبوو، پێشمەرگەش نە چەكی باشی پێبوو، نە شارەزای شەڕەكە بوو، بۆیە ئەمە وایكرد پێشمەرگە نەتوانێت وەك پێویست بەرگری بكات، بەڵام پاش ئەوەی سەرۆك مسعود بارزانی بڕیاری شەڕی سەرتاسەری راگەیاند، بەشی هەرە زۆری پێشمەرگە كۆنەكان گەڕانەوە و توانرا ئەزموونی پێشمەرگە دێرینەكانی شاخ تێكەڵاوی ئازایەتی و جوامێری پێشمەرگە لاوەكان بكرێت و وەرچەرخان لەبەرەكانی شەڕدا دروست بێت.
* ئێوە كە هاتنە میحوەری بەعشیقە چیای زەرتك بەدەستی تیرۆریستانی داعشەوە بوو، ئایا چۆن چیای زەرتكتان ئازاد كرد؟
- دوای ئەوەی لە سەر فەرمانی سەرۆك بارزانی بەرپرسیاریەتی ئەم میحوەرەمان پێ سپێردرا، بەرەی شەڕەكە لەمدیوی چیای زەرتك بوو، تیرۆریستانی داعش گوندەكانی بناری چیای زەرتكیان بە دەستەوە بوو، بۆیە پاش ئەوەی سەنگەرەكانی خۆمان بەهێز كرد و دوای راوێژكردن لەگەڵ سەرۆك بارزانی و دروستكردنی هەماهەنگی لەگەڵ میحوەری خازر، ئێمە پلانماندانا بۆ گرتنەوەی گوندەكانی بناری چیای زەرتك، پلانەكەشمان بەوجۆرە بوو، پێشمەرگە بكەینە سێ وەجبە، لەبەر ئەوەی ئەگەر وەجبەی یەكەم پێویستی بوو وەجبەی دووەم و سێهەمیش بگاتە فریایان، هەر واش بوو كە وەجبەی یەكەم دەستی بەهێرشكردن كرد، هەستمانكرد پێویستە وەجبەكانی تریش بچن، بۆیە چووین و لەو گوندانە وەدەرمان نان و لاشەی نزیكەی 50 چەكداری داعش كەوتە بەردەستمان، لەو لاشەوە هێزێك لە خازرەوە هاتن، بەڵام پێش ئەوەی هێزەكەی خازر لەگەڵ ئێمە یەكبگرێتەوە، ئێمە چووینە سەر چیا و چیای زەرتكمان ئازاد كرد.
* ئێستا میحوەری باشیك چەند فراوانە؟ ئایا تەواوی ناوچە كوردستانییەكان كەوتوونەوە دەست هێزی پێشمەرگە؟
- رووبەری ئەم میحوەرە نزیكەی 40 كیلۆمەتر دەبێت، لەم میحوەرە پێشمەرگە پێشڕەوی زۆری كردووە و زۆر ناوچەی ئازادكردووە، ئەم ناوچەیە، ناوچەیەكی شاخاوییە، هەموو بەرزاییە ستراتیژییەكانیش لەبەر دەستی پێشمەرگەیە و پێشمەرگە لە رووی سەربازییەوە باڵادەستە بەسەر كۆمەڵێك ناوچەی دیكەشدا كە كوردستانین و هێشتا پێشمەرگە ئازادی نەكردوون، بەڵام بۆ ئەوەی پێشمەرگە بجووڵێت و بچێت ئەو ناوچانەش ئازاد بكات، ئەوە چاوەڕێی فەرمانی سەرۆك بارزانی دەكەین و هەر كاتێك فەرمان بكات، ئێمە بە ئاسانی دەتوانین هەموو ناوچە كوردستانییەكانی ئەم دەڤەرە ئازاد بكەین و لە سنووری كوردستان پێشمەرگە سەنگەری پاراستنی سنوور دادەمەزرێنێت.
* دیارە لەوەتەی تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردووە، سەرۆك مسعود بارزانی بەخۆی لە بەرەكانی شەڕە و راستەوخۆ سەرپەرشتی هەموو بەرەكانی شەڕەكە دەكات، ئایا تاچەند بوونی سەرۆك بارزانی لە بەرەكانی شەڕدا ورە و خۆڕاگری بە پێشمەرگە بەخشیوە؟
- سەركردایەتی ئەمجارەی سەرۆك مسعود بارزانی بۆ تێكشكانی تیرۆریستانی داعش، بە هەمان سەركردایەتی بارزانی نەمر دەچوو لە سەركردایەتیكردنی شەڕی دژبە هێرشی جەیش و جاش بۆ سەر بارزان لە ساڵی 1963، لەو شەڕەدا پێشمەرگە بووم، لەم نزیكانە سەرۆك بارزانی دەبینم و پێی دەڵێم سەركردایەتی ئەمجارەی بەڕێزتان لە شەڕی تیرۆریستانی داعش، هەمان سەركردایەتی جەنابی بارزانی نەمری لە 1963 بیرهێنامەوە، ئەوجا بۆ ئەوەی خوێنەرانیشتان بەو سەركردایەتیكردنەی شەڕەكانی بارزانی نەمر ئاشنا بن، بۆتان دەگێڕمەوە. لەساڵی 1963 جەیشی عێراق و تەواوی ئەو هۆزانەی كە ببوونە جاش پێكەوە هێرشیان كردە سەر بارزان، جەنابی بارزانی نەمر هێزی پێشمەرگەی بەسەر چەند قۆڵێكدا دابەشكرد، خۆیشی لەسەر چیایەكی بەرزەوە چاوی لە هەموو قۆڵەكان بوو، راستەوخۆ سەرپەرشتی هەموو قۆڵەكانی شەڕەكەی دەكرد، لەبەر ئەوەی هەموو فەرماندەكانی قۆڵەكانی شەڕەكە دەیانزانی راستەوخۆ لەبەر چاوی بارزانی نەمر شەڕ دەكەن، بۆیە هەر فەرماندەیەك هەوڵیدەدا هەموو توانای خۆی بخاتەگەڕ و لە قۆڵەكەی خۆیەوە زیاتر پێشڕەوی بكات و دوژمن تێكبشكێنێت، خۆ ئەگەر لە قۆڵێكیشەوە هێزێك بشكایە، ئەوا جەنابی بارزانی نەمر ئاگای لێبوو، بۆیە هێزی بۆ دەنارد و نەیدەهێشت بشكێت، بۆیە لەو شەڕەدا جەنابی بارزانی نەمر سەركەوتنێكی گەورەی بەدەست هێنا. من خۆم ئەو شێوازی سەركردایەتی شەڕەم لە كاك ئیدریسی جوانەمەرگیش بینیوە، دیارە جەنابی كاك ئیدریسی جوانەمەرگ لە 1964 بووە پێشمەرگە، ئەوكات ئێمە لە بەرەی شەڕی گەرووی هۆمەر ئاغا بووین، راستەوخۆ پەیوەندیمان بە كاك ئیدریسەوە هەبووە، ئیدریسی جوانەمەرگیش راستەوخۆ بە خۆی سەرپەرشتی شەڕەكانی دەكرد، جا بەرێگەی ئامێری بێتەل بوایە، یان نامە ناردن بوایە، ئەگەر پێویستی بكردایە خۆی دەهاتە لامان بۆ ناو بەرەكانی شەڕ و چەندین جاریش پێویستی كردووە، خۆی هاتۆتە لامان بۆ سەنگەرەكانی پێشمەرگە و لەناو سەنگەری پێشمەرگەوە سەرپەرشتی شەڕەكانی كردووە. جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی لە سەردەمی خەباتی شاخ زۆر جار بە شەخسی سەرپەرشتی بەرەكانی شەڕی كردووە و لەگەڵ پێشمەرگە لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە بووە و داستانی گەورەی تۆماركردووە، وەك خواكوڕك و لەدوای راپەڕینیش لە كۆڕێ، بەڵام لە شەڕی ئەمجارەی تیرۆریستانی داعش جیاوازییەك هەبوو، لەلایەك ناهاوسەنگییەك هەبوو لە نێوان چەكی دەستی تیرۆریستانی داعش و چەكی پێشمەرگە، لەلایەكی دیكە بەرەی شەڕەكە هێجگار فراوان بوو، لەمەش كاریگەرتر كە زۆر كاریگەری لەسەر باری دەروونی سەرۆك مسعود بارزانی هەبوو، ئەو كۆمەڵكوژی و بە كۆیلەكردنە بوو كە دەرهەقی كوردی ئێزیدی و هەروەها كریستیانەكان و كوردانی شەبەك و فەیلی كرا، بەتایبەتی كارەساتی ئێزیدییەكان بوو، بە كۆیلەكردنی كچان و ژنانی ئێزیدی كاریگەرییەكی زۆر سەختی لەسەر سەرۆك هەبوو، بۆیە لەم بارودۆخە هەستیار و پڕ مەترسییەدا، جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی، بە هەمان ئیرادەی ساڵی 1963ی جەنابی بارزانی نەمر، خۆی هاتە ناو بەرەكانی شەڕ و لە ناو سەنگەری پێشمەرگەوە بڕیاریدا ئەم شەڕە بكەن و خۆی سەرپەرشتی هەموو بەرەكانی شەڕەكە بكات، من وەك خۆم كە لە ژێر سەرپەرشتی جەنابی بارزانی نەمر و كاك ئیدریسی جوانەمەرگ و سەرۆك مسعود بارزانی بەشداری زۆر شەڕم كردووە، لە شەڕی ئەمجارەی تیرۆریستانی داعش، ئیرادەی بارزانی نەمرم لە جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی بینی و چوونیشی بۆ سەر چیای شنگال و راگەیاندنی ئەو سەركەوتنە مەزنە لەسەر چیای شنگال، هەمان سیمای بارزانی نەمرم لەسەر چیاكانی كوردستان بینییەوە، بۆ مێژوو دەیڵێم: جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی خۆی سەرپەرشتی ئەو شەڕەی نەكردایە ئەوا ئەو سەركەوتنە گەورانە بەدەست نەدەهاتن و لە سنووری سووریاوە تا نزیكی موسڵ ئازاد نەدەكرا، هەروەها سەردانی بەردەوامی نەبوایە بۆ هەموو بەرەكانی شەڕ و سەرپەرشتی راستەوخۆی جەنابیان نەبوایە، ئەو سەركەوتنانە لە كۆبانێ تا جەلەولا بەدەست نەدەهاتن.
* تاچەند پێتوایە سەركەوتنی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش، هەنگاو هەڵگرتن دەبێت بۆ سەربەخۆیی كوردستان؟
- وەڵامی ئەم پرسیارەتان لە روانگەی خوێندنەوەم بۆ جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی دەدەمەوە، بەڕێزیان لە دروستكردنی بڕیاردا زۆر لەسەرخۆ و دووربینن، بەڵام لە جێبەجێكردنی زۆر جددی و توندن، لە ئێستادا كە ئەم قسانە بۆ گوڵان دەكەم ساڵوەگەڕی كاك ئیدریسی جوانەمەرگە، بۆیە پێمخۆشە لێرەوە ئاماژەیەك بە كاك ئیدریسی جوانەمەرگ بدەم، هەمیش وەڵامی پرسیارەكەتان بدەمەوە، سەبارەت بەم لایەنەی كەسایەتی سەرۆك مسعود بارزانی، جەنابی بارزانی نەمر دەیزانی سەرۆك مسعود بارزانی لە بڕیاردان زۆر جددییە، بۆیە لە دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول و سەرەتای دەستپێكردنی شۆڕشی گوڵان، مامەڵەكردن لەناو ئێران و مامەڵەی رژێمی شای ئێران پێویستی بە كەسایەتییەكی وەك كاك ئیدریس هەبوو، بۆیە كارەكانی بەو شێوەیە لە نێوان سەرۆك مسعود بارزانی و كاك ئیدریسی جوانەمەرگ دابەش كردبوو، كاك ئیدریس بارزانی لەناو ئێران خەریكی ناردنەوەی پێشمەرگە بێت بۆ كوردستان و سەرۆك مسعود بارزانی زیاتر لە دەرەوە بێت و كاروبارەكانی شۆڕش لە دەرەوە سەرپەرشتی بكات، دیارە كاك مسعود و كاك ئیدریس هەرچییان بكردایە پێكەوە بە راوێژ دەیانكرد و پێكەوە بڕیاریان لەسەر دەدا، بەڵام مەبەستم لە لۆژیكی دابەشكردنی كارەكان بوو لەلایەن بارزانی نەمرەوە لە نێوانیانیدا، دیارە لە ژیانی پێشمەرگایەتی و دیبلۆماسیدا سەرۆك مسعود بارزانی بڕیاری بە هێمنی دروست دەكرد و بەجدی جێبەجێی دەكرد، هەر بۆ نموونە بڕیاری مقاوەمەت دوای ئەنفال و كیمیاباران لە خواكوڕك، بڕیاری مقاوەمەت دوای شكستی راپەڕین و لە كۆڕەوی 1991، بڕیاری 2003 بەرامبەر توركیا، بڕیارەكانی بەرامبەر بەغدا و رەفتارەكانی مالیكی، رەتكردنەوەی داوەتنامەی حكومەتی ئەمریكا لەسەر ئەوەی پێشمەرگە لە لیستی تیرۆردایە. لەسەر ئەم بنەمایانە و ئەوەندەی من سەرۆك مسعود بارزانی دەخوێنمەوە، وای دەبینم، دەبێت زۆر بە وردی هەڵوەستە لەسەر ئەو قسانە بكەین كە لە شەخسی سەرۆك مسعود بارزانی گوێمان لێ دەبێت، من گوێم لە هەندێك قسە بووە لەناو ئەو پەیامانەی بەئاشكرا رایگەیاندوون، لەوانە، ئەو لە سەرەتای گرتنی موسڵ لەلایەن تیرۆریستانەوە گوتی: جارێكی دیكە ناگەڕێینەوە بۆ پێش گرتنی موسڵ، دوای هێرشی تیرۆریستان بۆ سەر كوردستان و داگیركردنی شنگال و ئەو كارەساتە، بڕیاری شەڕی مان و نەمانی دا و دووبارە دروشمی كوردستان، یان نەمانی بەرزكردەوە، من لەم قسانەی سەرۆك مسعود بارزانی ئەمانە دەخوێنمەوە:
1. جارێكی دیكە سەرۆك مسعود بارزانی قبووڵ ناكات، ناوچەیەك لە كوردستان هەبێت، پێی بگوترێت كێشە لەسەر، ئەمەش واتە ئەمجارە خوێنی پێشمەرگە سنووری كوردستانی باشوور دیاری دەكات.
2. سەرۆك مسعود بارزانی قبووڵ ناكات، جارێكی دیكە گەلی كوردستان بە جیاوازی ئایین و نەتەوەوە لە ژێر هەڕەشەدابن، دەبێت رەوینەوەی ئەم مەترسییەش لەدەستی پێشمەرگەدا بێت.
3. سەرۆك مسعود بارزانی قبووڵ ناكات، جارێكی دیكە پێشمەرگە لە ژێر گەمارۆ و گوشاری بەغدا بێت، بۆیە دەبێت پێشمەرگە سوپای پارێزەری كوردستان بێت.
ئەگەر ئەم خاڵانە پێكەوە كۆبكەینەوە و جارێكی دیكە مانەوەی سەرۆك بارزانی لە بەرەكانی شەڕ بخوێنینەوە، تێدەگەین شەڕی ئەمجارەی كوردستان لە گەڵ تیرۆریستانی داعش شەڕی سەرفرازی یەكجارییە.
* ئەگەر هەر بە بۆنەی ساڵیادی ئیدریسی جوانەمەرگ پرسیار بكەین كە چۆن ئەو كەسایەتییە شۆڕشگێڕەت ناسیوە، بۆ خوینەرانی ئێمە چۆن باسی دەكەیت؟
- دوای كۆچی دوایی بارزانی نەمر، كۆچی ئیدریس بارزانی كەلێنێكی گەورەی لەناو بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان دروست كرد، بە شێوەیەكی زۆر تایبەتی ئەركی سەرشانی سەرۆك مسعود بارزانی زۆر قورستر كرد، پەیوەندی نێوان سەرۆك مسعود بارزانی و كاك ئیدریس، تەنها پەیوەندیی نێوان دوو برا نەبوو، بەڵكو پەیوەندیی نێوان دوو پێشمەرگە بوو، كوردستان یان نەمان پێكەوە كۆی دەكردنەوە، ئەوكات كە كاك ئیدریسی جوانەمەرگ لە ژیاندا بوو، ئەركەكانی لەگەڵ سەرۆك مسعود بارزانی دابەشكردبوو، لە هەر شوێنێك كاك ئیدریس بارزانی لێبوایە، بۆشایی سەرۆك مسعود بارزانی پڕ دەكردەوە، لەهەر شوێنێكیش سەرۆك مسعود بارزانی لێبوایە، بۆشایی كاك ئیدریسی پڕ دەكردەوە، لە كەسایەتی كاك ئیدریسدا كۆمەڵێك سیفەت هەبوون و هەمووی پێكەوە كۆبوونەوە، وەك ئازایەتی، لێبوردەیی، خۆشەویستی، خاكەڕایی، زمان شیرینی، من لەو بڕوایەدا نیم، هەموو ئەم سیفەتانە پێكەوە لە كەسێكی تردا كۆببنەوە، بەڵام جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی توانیویەتی ئەو بۆشاییە بۆ گەلی كوردستان پڕبكاتەوە، بەڵام كەس نییە ئەو بۆشاییەی كاك ئیدریس بۆ كاك مسعودی دروستكردووە، پڕی بكاتەوە، لە ئێستادا كە سەیری سەرۆك مسعود بارزانی دەكەین، هەمووكەسێك هەست دەكات چەند ماندووە، بۆیە دەڵێم: ئەگەر كاك ئیدرسی جوانەمەرگ ئێستا لە ژیاندا بوایە، سەرۆك بارزانی هێندە ماندوو دیار نەدەبوو، بۆیە دووبارەی دەكەمەوە بۆ ئێستا لە هەموو كاتێك زیاتر بۆ هاوكاریی سەرۆك مسعود بارزانی پێویستمان بە كاك ئیدریس هەیە.
