عەمید موسڵیح زێباری فەرماندەی پێشمەرگە لە كۆبانێ بۆ گوڵان:بەشی هەرە زۆری كۆبانێ ئازادكراوە و تەنها تاقێ كوردان ماوە ئازاد بكرێت

عەمید موسڵیح زێباری فەرماندەی پێشمەرگە لە كۆبانێ بۆ گوڵان:بەشی هەرە زۆری كۆبانێ ئازادكراوە و تەنها تاقێ كوردان ماوە ئازاد بكرێت
دوای گەیشتنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ كۆبانێ رۆژ لەدوای رۆژ پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە و شەڕڤانان بۆ ئازادكردنی تەواوی كۆبانێ لە بەرەوپێشەوەچووندایە، سەبارەت بە رەوشی كۆبانی ئەم وتووێژەمان لەگەڵ عەمید موسڵیح زێباری فەرماندەی پێشمەرگە لە كۆبانێ ئەنجامداو بەمجۆرە باسی سەركەوتنەكانی كۆبانێی بۆ گوڵان كرد.
* پتر لە دوو مانگە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە كۆبانێ هاوكاری شەڕڤانان دەكات، لەم ماوەیە هێزی پێشمەرگە چ رۆڵێكیان هەبووە بۆ دەرپەڕاندنی داعش لەو سنوورەدا؟ هەروەها ئێوە وەك هێزێكی پشتیوانی لە هەولێرەوە چوونەتە ئەوێ، هێزی پشتیوانی لە رووی سەربازییەوە دەتوانێت چی بكات؟
- هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە كۆبانێ رۆڵێكی گرنگیان هەبووە، چونكە هێزی پێشمەرگە بە چەكێكی گران چوونەتە ئەوێ، بەتایبەتی ئەمڕۆ (20/1/2015) چەكەكانی خۆمان گەیاندە نزیك مشتەنوور و دەوروبەری ئەوێمان خستە بن كۆنتڕۆڵی ئاگری پێشمەرگەوە و تا قووڵاییەكی زۆر توانیومانە جموجوڵی تیرۆریستان پەك بخەین، دواتر پێش ئەوەی ئێمە بێینە هانای شەڕڤانان چەكی ئەمان هەمووی چەكی سووك و مامناوەندی بوون، بەڵام بە پشتیوانی هێزەكەی ئێمە زۆربەی ناوچەكانی كە ئێستا تێیداین هاتوونەتە كۆنتڕۆڵكردن و پێگەكانی دوژمن كەوتوونەتە بەر گورزی قورسی ئاگری پێشمەرگە و توانای هێرشكردنی تیرۆریستانی داعشی كەم كردۆتەوە. ئەمڕۆش (20/1/2015) هێزی پشتیوانی یەك و دووی لەشكری كوردستان هێرشیان كردە سەر رێگەی حەلەب لە رۆژهەڵات و باشوورەوە، لەو هێرشەدا شەڕڤانانی یەپەگە و چەندین هێزی كوردی بە پشتیوانیی تۆپخانەی هێزی پشتیوانی پێشمەرگە توانراوە زیاتر لە 300 مەتر كۆنتڕۆڵ بكەن، كە شوێنێكی زۆر گرنگی سەر رێی حەلەبە كە هێزی فریاگوزاری لەشكری و ئیداری تیرۆریستانی تێدایە.
* مشتەنوور چ گرنگییەكی ستراتیژی لە رووی سەربازییەوە هەیە، كەوا بە گەرمی باسی دەكرێت؟
- مشتەنوور لەسەر رێی سەرەكی حەلەبە كە تیرۆریستان بەكاریان دەهێنا بۆ گەیاندنی هێز و تەقەمەنی بۆ خۆیان، گرتنەوەی ئەو گوندە وای كردووە ئێمە كۆنتڕۆڵی زیاتر لە حەوت كیلۆمەتری دەوربەری كۆبانێ بكەین و بیخەینەوە بندەستی هێزە كوردییەكان، تیرۆریستان رۆژانە ماشێن و هێزی یەدەگ و تەقەمەنی و خواردنیان لەو رێگەیەوە دەگەیاندە هێزەكانیان، بەڵام ئێستا هەر ماشێن و ئۆتۆمبێلێكی ئەوان لێرەوە رەت بێت، ئێمە دەیدەینە بەر لوولەی چەكە قورسەكانمان و گڕیان دەدەین تا هێزی زیاتر نەنێرن بۆ هاریكاری ئەو هێزانەیان كە لە تاقی كوردان شەڕمان لەگەڵ دەكەن.
* ئێوە سێیەمین هێزن كە دەچنە ناو كۆبانێ، سەرۆك بارزانی هەمیشە لەسەر هێڵە بۆ رێنمایی ئێوە، دەكرێت بزانین رێنماییەكانی بەڕێزیان بۆ ئێوە چین ؟
- بەڕێز سەرۆك بارزانی لە پێوەندیدان لەگەڵمان و پێمان رادەگەیەنن كە لە پشتگیری هەڤاڵانی یەپەگە كەمتەرخەمی نەكەین و وا بزانین كۆبانێ وەك شنگال وایە و چ جیاوازییان نییە، هەر ئەوەش ورەی پێشمەرگەكانی بەرزتر كردۆتەوە تا بەوپەڕی لەخۆبوردوویی و بە جەربەزەوە هاریكاری شەڕڤانان بكەن.
* تا ئێستا ئێوە بەشداریتان لە تێكشكاندنی چەند هێرشی داعش بۆ سەر كۆبانێ كردووە؟
- لە سەدا حەفتای تێكشكاندنەكانی دوژمن بەهۆی رۆڵی چەكە قورسەكان و دیقەتی پێشمەرگەكانی تۆپخانە و كاتیۆشای ئێمە بووە لە پێكانی ئامانجەكاندا، چونكە دوژمن لە هەندێ جێگەدا زۆر بە مەحكەمی لە ناو بیناكاندا سەنگەریان داناوە، گەر بە چەكی گران نەبێت، شوێنەكانیان تێكناشكێندرێت، هێزی پشتیوانی زۆر شارەزای بەرەی جەنگەكە بوون و بە دیقەتەوە چ ماشێن و چ نەفەرەكانی داعش دەپێكن و ناهێڵن پێشڕەوی بكەن و هێرش بكەنە سەر هێزە كوردییەكان، هەروەها هێزی ئاسمانی هاوپەیمانانیش هاریكاری ئێمەن، كاتێ داعشییەكانیش هێرشی بەربڵاو دێنن، هێزەكانی شەڕڤانان پشت بەو پاڵپشتییە دەبەستن كە ئێمە بۆیان دابین دەكەین و وەك یەك تیم رووبەڕووی هێزەكانی داعش دەبینەوە.
* كاتێ لاشەی كوژراوەكانیان كەوتوونەتە بندەستی ئێوە، تا چەند بۆتان دەركەوتووە كە ئەوانە عەرەبن، یان بیانین، یان ئەو تەقەمەنی و چەكانەی تیرۆریستانی داعش بەكاریان دەهێنن، دروستكاری چ وڵاتێكن و لە كوێوە پێیان دەگات؟
- ئێمە تەنیا 200 مەترێك لەوانەوە دوورین، زیاتر لە بیست لاشەی تیرۆریستان كەوتنە بەردەستمان و هەموویان لە سوودانی و ئەفغانی و چیچانی و عەرەبی وڵاتانی ترن، ئەمڕۆش 20/1/2015 بیست و پێنج لاشەی ئەوان كەوتنە بەردەستمان و لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە چەك و تەقەمەنی كەوتنە بەردەست هێزە كوردییەكان، جۆری چەكەكانیان هەمان ئەو چەكانەن كە سوپای عێراق لە موسڵ و دەوروبەری بەجێیان هێشتبوون، هەمەرێكی زۆریان پێیە، جگە لە دۆشكە و بی كەی سی و هاوەن و تفەنگی ئەمریكی و رووسی كە لە بەزینی سوپای عێراقەوە دەستیان كەوتووە.
* بەپێی ئەو پلانە سەربازییەی بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە كوردییەكان داتانڕشتووە، ئایا دەتوانین گوێبیستی مژدەی ئازادكردنی تەواوی شاری كۆبانێ و دەوروبەری بین؟
- تیرۆریستان تەنیا تاقێ كوردانی ناو كۆبانێیان بە دەستەوە ماوە كە لە ژێر بۆردومان و گوللەبارانكردنی هێزەكانی ئێمەدان، ئینشائەڵڵا ئومێد هەیە لە كاتێكی نزیكدا مژدەی ئازادكردنی تەواوی ئەو شارە بدەینە خەڵكی هەر چوار پارچەی كوردستان.
* هێزەكانی یەپەگە و یەپەژە چۆن پێشوازییان لە ئێوە كردووە و سەبارەت بەم بەهاناهاتنەی بۆ رۆژئاوای كوردستان رایان چییە؟
- كەمێك پێش ئەم دیمانەیەی بەڕێزتان، هەڤاڵ ئەنوەر موسلیم سەرۆكی حكومەتی كانتۆنی كۆبانێ و هەڤاڵ ئەسوەد وەزیری شەڕڤانان و هەندێ ئەندامی باڵای یەپەژە هاتنە لامان و زۆر خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بۆ هاریكارییەكانی ئێمە و سەرەخۆشی خۆیان لە بەرانبەر شەهیدی پێشمەرگە بە ناوی زێڕەڤان ئەكرەم دەربڕی كە چەند رۆژێك بەر لە ئێستا ژیانی كردە قوربانی، ئێمە هەست ناكەین لە ناو خاكێكی دوور لە شار و گوندی خۆمان بین، بەڵكو لەگەڵ خەڵكی سڤیل و شەڕڤانانی میللەتی خۆماندا وەستاوین، هاتنی ئەو بەڕێزانە ورەی ئێمەی بڵندتر كرد، دواتر شەڕڤانان چییان پێویست بووبێت، ئێمە بۆمان دابین كردوون، بەتایبەت لە تەقەمەنی و پشتگیری بۆ نموونە بەر لە ئازادكردنی مشتەنوور داوایان لێكردین هەندێ لە پێشمەرگە و چەكەكانی خۆمان بەرینە ئەوێ و ئێمەش بە دەنگ داواكەیانەوە چووین و راستەوخۆ لەو شەڕەدا بەشداریمان كرد، ئێستا ئەوان زۆر پشت بە بوونی ئێمە دەبەستن وەك فەرماندەیی هێزی پشتیوانی بۆ پێشڕەویەكانیان.
* لە سایەی هاریكارییەكانی ئێوە بۆ ئازادكردنی ناوچەكانی كۆبانێ تا ئێستا چەند خێزانی كورد گەڕاونەتەوە سەر زێد و ماڵی خۆیان؟
- نزیكەی سێسەد خێزان گەڕاونەتەوە بەوەدا زانیمان كە چووینە سەرقەبران بۆ خوێندنی فاتیحە لەسەر تەرمی هەڤاڵێكی خۆمان ئەو خێزانانە زۆربەی زۆریان هاتن لە پاڵ ئێمەدا بۆ خوێندنی فاتیحە و وەستان و بە بوونی ئێمە زۆر هەستیان بە دڵنیایی دەكرد.
Top