پەرلەمانتار جەمال مورتكە فەرماندەی میحوەری گوێڕ:تیرۆریستانی داعش ستراتیژیەتی شەڕەكەیان دۆڕاندووە بۆیە پەنا بۆ تاكتیكی ترسنۆكانە دەبەن

پەرلەمانتار جەمال مورتكە فەرماندەی میحوەری گوێڕ:تیرۆریستانی داعش ستراتیژیەتی شەڕەكەیان دۆڕاندووە بۆیە پەنا بۆ تاكتیكی ترسنۆكانە دەبەن
كاتێك جیهان پەرلەمانتارێكی پێشمەرگەی وەك جەمال مورتكە دەبێنێت، كە لەسەر كورسییە كەمئەندامییەكەی لەلایەن سەرۆكەكەیەوە فەرماندەیی میحوەرێكی ستراتیژی و گرنگی وەك میحوەری گوێڕی پێدەسپێردرێت، دەبێت چ پێناسەیەك بۆ مانای پێشمەرگە بكات؟ جەمال مورتكە پێشمەرگەی دێرینی كوردستان لەگەڵ ئەوەی لە بەرەكانی شەڕ لەسەر كورسییە كەمئەندامییەكەی سەرپەرشتی بەرەیەكی گرنگی شەڕی دژی تیرۆریستان دەكات، لەهەمانكاتدا هەر لەسەر ئەو كورسییەش لەناو پەرلەمانی كوردستاندا یاسادانەرە و یاسا بۆ ئایندەی ئەم وڵاتە دەردەكات. ئێستا ئەم پەرلەمانتارە لە سەنگەرەكانی پێشمەرگەوە یاسا بۆ ئایندەی ئەم وڵاتە دادەڕێژیت و سبەی پەرلەمانی كوردستان پەسەندی دەكات، ئەویش بڕیار و یاسای سەربەخۆیی كوردستانە كە سەرۆك بارزانی بە جیهانی رادەگەیەنێت. لە بەسەركردنەوەی تیمی گوڵان بۆ میحوەری گوێڕ ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ جەمال مورتكە ئەنجام دا و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* لە سەرەتای مانگی ئابی 2014 و دوای داگیركردنی گوێڕ لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، وەك بەرپرسی میحوەری گوێڕ دیاری كرایت، ئەم میحوەرە تا كوێ دەگرێتەوە و دۆخەكە تا ئێستا چۆنە؟
- میحوەری گوێڕ تا سنووری كەڵەك دەگرێتەوە و ناوچەی گوێڕ پێگەیەكی ستراتیژی هەیە، لە رۆژی 10ی ئابی 2014 كە گوێڕمان ئازاد كرد و تا رۆژی 9ی كانوونی دووەمی 2015 تیرۆریستانی داعش بەردەوام هێرشیان كردۆتە سەر ئەم ناوچەیە، بۆ ئەوەی گوێڕ داگیربكەنەوە، لەگەڵ ئەوەی لە شەوی 9ی ئەم مانگە توانییان بە پەنابردن بۆ تاكتیكی نوێ، بۆ یەك دوو سەعات بێنە ناو گوێڕ، بەڵام دواتر پشتیوان بە خوا و بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان پێشمەرگە هێرشی كرد و توانی گوێڕ لە داعشییەكان پاك بكاتەوە و ژمارەیەكی زۆریان لێ بكوژێت، ئەوانەشی هەڵهاتن بەشێكی زۆریان لە كاتی پەڕینەوەیان لە زێ خنكان.
* ئاماژەتان بەوە كرد كە ماوەی پێنج مانگە تیرۆریستانی داعش هەوڵدەدەن گوێڕ داگیر بكەن، ئایا ستراتیژیەتی گوێڕ بۆ تیرۆریستان چییە؟
- ستراتیژیەتی گوێڕ لەوەدایە كە نزیكە لە هەولێری پایتەخت، لەلایەكی دیكەوە خاڵی بە یەكگەیاندنی میحوەری خازرە لەم لاوە، لەو لاشەوە خاڵی بە یەك گەیاندنی نێوان مەخموور و دبسە، بۆیە هەر كاتێك دوژمن گوێڕی بكەوێتە بەردەست، بەرەی خازر و بەرەی دبس - مەخمووریش دەكەوێتە مەترسییەوە، لەم رووەوە هەموو هەوڵی تیرۆریستانی داعش لە ماوەی پێنج مانگی رابردوو بۆ ئەوە بووە جارێكی دیكە گوێڕ بگرنەوە.
* لە مانگی ئابی رابردوو تیرۆریستان توانییان بۆ ماوەی 60 – 70 كاتژمێر، واتە كەمتر لە سێ رۆژ گوێڕ داگیر بكەن، چۆن توانرا لەو كاتەدا گوێڕ ئازاد بكەنەوە؟
- كاتێك لە رۆژی 7ی ئابی 2014 تیرۆریستان دەستیان گەیشتە گوێڕ، وەك هەموو لایەك دەزانن، جەنابی سەرۆك بارزانی بڕیاری شەڕی سەرتاسەری دژی تیرۆریستانی داعش راگەیاند و هەر خۆیشی وەك فەرماندەیەكی مەیدانی پلانی سەربازی بۆ رێكخستنەوەی بەرەكانی شەڕ داڕشت، منیش رۆژی 7ی ئابی 2014 گەیشتمە ناوچەی گوێڕ و لەسەر فەرمانی سەرۆك بارزانی هێزێكی تازەمان پێكهێنا و ئەو هێزە تازەیە كە من سەرپەرشتیم دەكرد، بووە بەشێك لەو هێزەی كە لە رۆژی 10ی ئابی 2014 بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی گوێڕمان ئازاد كردەوە، ئەو پلانە سەربازییەی سەرۆك بارزانی بۆ گرتنەوەی گوێڕ و مەخموور دایڕشت، لە كاتێكدا بوو هێشتا هاوكاریی هاوپەیمانان دەستی پێنەكردبوو، تەنیا بە ئیمكانیەتی بەردەست و ئیرادەی پێشمەرگەش توانرا تیرۆریستانی داعش تێكبشكێندرێت، واتە دوای ئەوەی ئاڕاستەی شەڕەكە گۆڕا، هاوپەیمانان دەستیان كرد بە ناردنی هاوكاری بۆ پێشمەرگە، بەوەش پێشمەرگە توانی هەموو ناوچەكان لە تیرۆریستان پاك بكاتەوە. سوپاس بۆ خوا ئێستا گەیشووینەتە ئاستێك كە دەتوانین بڵێین تیرۆریستانی داعش ناتوانن هێرش بكەن و بەرەیەكمان بشكێنن، بەڵام وەك شەڕی لە ناكاو و هەڵكوتان و كشانەوە لەوانەیە بتوانن بۆ ماوەیەكی كەم شوێنێك، یان بەرزاییەك بگرن، بەڵام ناتوانن لێی بمێننەوە.
* هێرشەكەی 9ی ئەم مانگەی داعش بۆ سەر گوێڕ و مانەوەیان بۆ یەك دوو كاتژمێر، تاچەند چاوەڕواننەكراوبوو؟ ئایا چۆن ئەو دەرفەتایان بۆ رەخسا كە ئەو هێرشە بكەن؟
- پێش هەموو شت دەمەوێت ئەوە بڵێم، جوگرافیا و تۆپۆگرافیای ئەم ناوچەیە بریتییە لە سنووری نێوان كورد و عەرەب، هەروەها بە درێژایی سنووری نێوان ئەم بەرەیە كە 20 كیلۆمەترە، زێیەك لە نێوانماندا هەیە، هەروەها ناوچەیەكی جەنگڵستانە و بەرزایی و نشێوی زۆرە، لەم ناوچەیە گوندی عەرەبی لێیە، بۆیە دوژمن دەتوانێت بپەڕێتەوە، هەروەها شێوازی ئەم ناوچەیەش بەو جۆرەیە دوژمن دەتوانێت خۆی حەشار بدات، بەڵام وێڕای ئەمانەش بەردەوام هێرشی لەناكاوی دوژمن بە نیسبەت ئێمەوە چاوەڕوانكراو بووە، لە شەڕیشدا جاری وایە دوژمن دەتوانێت پێشڕەوی بكات، گرنگ ئەوەیە پاشەكشەی پێبكرێتەوە. ئەو هێزەی لەم ناوچەیە هەن، هەندێك كێشەی تەكنیكییان هەیە و پەیوەندی بە وەزارەتی پێشمەرگەوە هەیە، هەر بۆ ئەم پرسە بەڕێز وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی كردووین، دەبوو زووتر ئەو كێشە تەكنیكییە چارەسەر بكرێت، بۆیە لەم ناوچەیە زیاتر پشت بە هێزەكانی ئاسایش بەستراوە و هێزەكانی ئاسایشیش رۆڵێكی هێجگار گرنگ و گەورەیان گێڕاوە بۆ پاراستنی ئەم دەڤەرە و لەو شەڕەشدا كۆمەڵێك پێشمەرگەی ئاسایش بە خوێنی خۆیان بەرگرییان لە گوێڕ كردووە، هەتا هێزەكانی دیكەی پێشمەرگە بە هانایەوە چوون و توانییان تیرۆریستانی داعش تێكبشكێنن و لە گوێڕ راویان بنێن.
* لە یەك دوو رۆژی رابردوو بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی میحوەری گوێڕی كرد، ئایا پلان و تاكتیكی شەڕ و رێنمایی تایبەتیان هەبوو؟ هەروەها تاچەند بۆ ئێستا گرنگە سەنگەرێكی شریتی لەم ناوچە گرنگە دروست بكەن بۆ ئەوەی رێگە نەدەن جارێكی دیكە تیرۆریستانی داعش دزە بكەنەوە؟
- هاتنی سەرۆك بارزانی بۆ میحوەری گوێڕ بۆ ئەوە بوو لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكان كۆبێتەوە و پلانێك دابندرێت بۆ ئەوەی رێگە نەدرێت جارێكی دیكە تیرۆریستانی داعش دزە بكەنەوە، سەبارەت بە بەشی دووەمی پرسیاركەشتان پێموایە بۆ تۆپۆگرافیای ئەم ناوچەیە كارێكی قورسە كە بتواندرێت سەنگەرێكی شریتی لێ بدرێت، لەبەر ئەوەی سنوورەكە وەك پێشتر باسمكرد جیاوازە و بەشێكی ئاوە و بەشێكی هەوراز و نشێوە، بەشێكیشی جەنگڵستانە، بەڵام ئێستا ئەم مەسەلەیە لە ژێر دیراسەتدایە و خەریكین لە چوارچێوەی پلانێكی سەربازیدا خەتی بەرگری لەم ناوچەیە بە شێوەیەكی زۆر باش رێكدەخەین.
* وەك پێشمەرگەیەكی دێرینی شاخ و ئێستاش پەرلەمانتار و پێشمەرگە، كاتێك سەرۆك بارزانی لە مەیدانی شەڕەكان دەبینیت، وەك فەرماندەیەكی سەربازی هەست بەچی دەكەی؟
- هێندەی من بەڕێز سەرۆك بارزانی دەناسم، لە تەمەنی لاوییەوە پێشمەرگەیە و بە پێشمەرگایەتی چاوی كردۆتەوە، بۆیە بینینی سەرۆك بارزانی لە بەرەكانی شەڕ لای من ئاساییە، لەبەر ئەوەی ئەمە یەكەمجار نییە ببینم سەرۆك بارزانی دێتە بەرەكانی شەڕ، هەر كاتێك كوردستان هەڕەشەی لەسەر بووبێت، وازی لەهەموو شتێك هێناوەو هاتۆتە بەرەكانی شەڕ و شانبەشانی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕ بووە بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری هەموو كێشەكان بێت، بەڵام ئەگەر پرسیاری ئەوەم لێ بكەیت، تاچەند بوونی سەرۆك بارزانی لە بەرەكانی شەڕدا كاریگەری لەسەر ورەی پێشمەرگە و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە هەیە؟ لە وەڵامدا دەڵێم: ئەوەی وایكردووە من بەمحاڵەوە لە بەرەكانی شەڕدا بم، بە هۆی ئەوەیە سەرۆك بارزانی خۆی لە بەرەكانی شەڕە، من خۆم چۆن دەتوانم دابنیشم كاتێك سەرۆك بارزانی دەبینم خۆی بە شێوەیەكی مەیدانی لە بەرەكانی شەڕە و وەك پێشمەرگە سەرپەرشتی شەڕەكان دەكات؟
* وەك پێشمەرگەیەكی كوردستان و كوڕێكی هەولێری كە ئێستا سەرپەرشتی ئەم میحوەرە گرنگە دەكەی، پەیامی دڵنیاییت بۆ خەڵكی شارەكەتان و هەموو كوردستان چییە؟
- پێش هەموو شت من پێشمەرگەی كوردستانم، جەنابی سەرۆك بارزانی فەرمان بكات لە كوێ بم، لەوێ دەبم، بۆ من هیچ بستە خاكێكی كوردستان لە هەر چوارپارچەكەی جیاوازی نییە، بۆ سەربەخۆیی و ئازادی كوردستانیش بووین بە پێشمەرگە، لە زۆر شوێنی ئەم كوردستانەش خەباتمان كردووە، بۆیە لای من هەموو بستێكی خاكی كوردستان هەولێرە، ئێستاش لە سەر فەرمانی سەرۆك بارزانی لەم بەرەیەم و ئەم ئەركەم لەسەر شانە، من نەك هەر ئێستا، بەڵكو پێشتریش لە دوای تێكشكانی تیرۆریستانی داعش لە ئابی رابردوو خەڵكی هەولێر و كوردستانم دڵنیا كردۆتەوە، دوژمنان جارێكی دیكە ناتوانن بەرەی گوێڕ بشكێنن، بە مانای داگیركردنی گوێڕ، ئەوا دڵنیایان دەكەمەوە جارێكی دیكە گوێڕ داگیرناكرێتەوە و ئێستا گوێڕ هیچ مەترسییەكی لەسەر نییە، بەڵام ئەگەر بڵێین تیرۆریستانی داعش واز لە گوێڕ دێنن و هێرشی بۆ ناكانەوە، وا نییە، من وەك فەرماندەیەكی سەربازی پێموایە چەندین جاری دیكەش خۆیان تاقی دەكەنەوە، وەك چۆن لە 9ی ئەم مانگەش خۆیان تاقیكردەوە، لەوانەیە لەو هێرشانەش بتوانن لە چەند شوێنێك پێشڕەوی بكەن، بەڵام خۆیان ناگرن و تێكدەشكێندرێن، هەروەك چۆن ئەمجارەش تەنیا دوای دوو كاتژمێر تێكشێندران، لەمەش زیاتر ئێستا لە هەوڵی ئەوەداین سەنگەرێكی شریتی دروست بكەین، ئەمەش هێندەی دیكە بەرەی شەڕەكە تەئمین دەكات.
Top