شوان رابەر ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بۆ گوڵان:بەڕێز مسعود بارزانی رۆڵێكی باڵاو بەرجەستەی لە ئازادكردنی ناوچەكانی شنگالدا هەبووە

شوان رابەر ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بۆ گوڵان:بەڕێز مسعود بارزانی رۆڵێكی باڵاو بەرجەستەی لە ئازادكردنی ناوچەكانی شنگالدا هەبووە
سەبارەت بە بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و هەوڵەكان بۆ یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، شوان رابەر ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی بەمجۆرە بۆچوونەكانی خۆی بۆ گوڵان خستەڕوو:
لەبەر ئەوەی ئێستا ئێمە وەكو كورد و كوردستان زیاتر لە پێشوو لە بارودۆخێكی ناهەموار و تاقیكردنەوەداین، پیلانی زۆری دوژمنانمان لەسەرە، پڕۆسە و قۆناغێكی گەورە و گرنگمان لەپێشە كە راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی و پاراستنی گەل و نیشتمانمانە، زۆر زەڕوورە كورد هەمووی یەكدەست و یەكهەڵوێست و یەكپارچە بێ، ئەوەش بەوە دەكرێ كە حوكمڕانیی خۆمان بە دامودەزگایی بكەین، دادگەری كۆمەڵایەتی بەرپا بكەین، ئاسایشی نەتەوە و نیشتمانمان بپارێزین و ئەو پەڕی خزمەت بە گەل و نیشتمانمان بكەین، بەرژەوەندی گەل و وڵات بەسەر بەرژەوەندی كەس و حزبدا هەڵبژێرین، رێزی زیاتری یەكتر بگرین، خیلافی سەلبی وەلا بنێین، بەرەو سەربەخۆیی گەل و وڵات هەنگاو بنێین، حزبایەتی لە دامودەزگاكاندا نەكەین، حزب تەدەخولی حكومەت نەكات، رێز لە ئیرادەی خەڵك بگرین، بڕوامان بە دەستاودەستكردنی ئاشتییانەی دەسەڵات هەبێت، هێزەكانمان لە وەزارەتی پێشمەرگەدا یەكبخەین، میلیشیا و هێزی تایبەت نەمێنن، وەزارەتی پێشمەرگە سەركردایەتی سەربازی شەڕ و شۆڕەكان و پێشمەرگە بكات، زیاتر سنوورەكانمان قایم بكەین، گیروگرفتە ناوخۆییەكان چارەسەر بكەین، پاڵپشتی نێودەوڵەتی بەدەست بێنین، ژێرخانی ئابووریمان پتەو بكەین، حوكمڕانیی باشی گەل و وڵات بكەین، ئازادی ئیجابی زیاتر بەرپا بكەین، مافەكانی مرۆڤ بپارێزین، گەورە بیر بكەینەوە، ئایندەیەكی گەشی دوور رەچاو و بینا بكەین، لە هەڵەكانی یەكتر ببوورین، دەسەڵات و سامانی وڵات قۆرخ نەكەین و لە بەرژەوەندی خۆماندا بەكاری نەهێنین، خزمەتی باشی گەل و وڵاتی پێ بكەین، زیاتر رێز لە پێشمەرگە بگیرێ و زیاتر خزمەت و خەرجی بكرێ. یەكتر لەپیلانی دوژمنان ئاگادار بكەینەوە، لەسەر بیڕ و رای سیاسی و ئینتیمای حزبی یەكتر یاساغ و قەدەغە نەكەین. پیلان لە یەكتر نەگێڕین، هەموومان لەگەڵ گەل و وڵاتدا زۆر ساغ و راست بین. بۆ خەڵك كاربكەین و بژین، نەك تەنها بۆ خۆمان. هەموومان پێكەوە ئامانجەكانی گەل و نیشتمان تاقیق بكەین و دەستكەوتەكانی زیاتر بكەین. هەموو ئەوانە هۆكار و بنەمای سەربەخۆبوون و جاڕدانی دەوڵەتی كوردین. سەبارەت بە رۆڵی بەڕێز كاك مسعود بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم لەم دواییانە لە شەڕەكان، بەتایبەت لە گرتنەوەی ناوچەكانی شنگال رۆڵێكی باڵا و بەرجەستەی هەبووە، خۆی بۆ ماوەیەك لەوێ ماوەتەوە و سەركردایەتی شەڕەكەی كردووە، بۆیە ئەگەر هەموو هێزەكانی كوردستان بەهەموو یەكە سەربازییەكانیەوە لەهەموو ناوچەكان لە ژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگە و سەرۆكی هەرێم بن، بەرهەم و دەستكەوتی باشتریان دەبێت، ئەوانیش لە ئیجابیات و سەلبیاتی شەڕەكان و بارودۆخی پێشمەرگە مەسئول دەبن، ئەوەش مافێكی دەستووریی خۆیانە .
Top