زوهێر ئەلجەزائیری نووسەر و راگەیاندكاری عێراقی بۆ گوڵان:رزگاركردنی شنگال لەلایەن پێشمەرگەوە دەستپێكی رزگاركردنی سەرجەم ناوچە داگیركراوەكانە
January 1, 2015
دیمانەی تایبەت
سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە بەسەر تیرۆریستانی داعش و رزگاكردنی شنگال، لەسەر ئاستی ناوخۆیی و عێراقی و جیهانی دەنگدانەوەیەكی گەورەی هەبوو، هەموو لایەكیش ئەم سەركەوتنە بە وەرچەرخانێكی گرنگ لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش دەزانن و جەخت لەوە دەكەنەوە كە دوای ئەم لووتشكانەی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە، چیدیكە داعش ئەو ئەفسانەیە نییە كە جیهان سەیری دەكرد. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم سەركەوتنانە ئەم وتوێژەمان لەگەڵ نووسەر و رۆژنامەنووسی عێراقی زوهێر ئەلجەزائیری ئەنجامدا و ئەویش بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە.* ئەگەر بكرێ رای خۆت دەرببڕیت دەربارەی ئەو شەڕەی لەم دواییەدا روویدا كاتێ كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانییان چیای شنگال و بەشێكی شاری شنگال بگرنەوە كە ئەو چیایە وەكو خەونێكی لێهاتبوو و هەموو جیهان باسیان لێوە دەكرد كە چۆن دەكرێ رزگاربكرێت؟
- چیای شنگال دەڕوانێتە سەر رووبەرێكی زۆری ناوچەكە، واتا شوێنێكی ستراتیژییە و رزگاركردنی ئەم چیایە و دەوربەری دەستپێكیشە بۆ رزگاركردنی سەرجەم ناوچەكە و لێدانی داعش لە ناوچەكانی دیكە، بۆیە گرتنەوەی شنگال كە داعش سەرەتا وەك شوێنێكی ستراتیژیی داگیری كرد و خەڵكەكەی دووچاری مەینەتی و ئاوارەیی كرد و ئاڵای رەشی خۆی لێ چەقاند بۆ كورد و خەڵكەكە و تەنانەت بۆ هەموو ناوچەكە زۆر گرنگە، لەبەر ئەوە من ئومێد دەكەم كە بۆ گرتنەوەی شوێنەكانی دیكە هەماهەنگی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق هەبێت، تاكو كەمتر زیانی گیانی هەبێت و بە كەمترین كاتیش سەركەوتن مسۆگەر بكرێت، لە ئێستاشدا خۆبەخشین و قوربانیدان لای پێشمەرگە لە ئاستێكی بەرزدایە و چاكتر ریزەكانیان رێكدەخەن، هاوكات لە باشووریش هێزەكانی عێراق خەریكی خۆرێكخستنەوەن، بۆیە بەدڵنیاییەوە دەڵێم كە پێشمەرگە سەركەوتنێكی بەرچاویان لەم ماوەیەدا بەدیهێناوە. دەتوانم بڵێم كە سێیەكی سەركەوتن بەدەست هاتووە، بەڵام موسڵ خاڵێكی زەحمەتە، چونكە شوێنێكە باوەشی كردۆتەوە بۆ ئەو كەسانەی چوونەتە ناو داعشەوە، بۆیە پێویستی بە چارەسەری سیاسی هەیە، دڵنیاكردنەوەی سوننەش لە ناوچەكە زیاتر بەوە دەكرێت كە خودی خەڵكەكەی ئەم شارە بەشداری بكەن و دژ بە داعش بەرگریی بكەن.
* بەرگریی هاوبەش و هەماهەنگی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە تا چەند لە تێكشكانی تیرۆریستانی داعش كاریگەری دەبێت؟
- ئەگەر هێزی پێشمەرگە و هێزە چەكدارەكانی عێراق بە یەكەوە و بە گیانی تەبایی شەڕی دژی داعش بكەن، من پێموایە شوێنەواری ئەرێنی بەجێ دێڵێت، هەروەها تەبایی نێوان كورد و عەرەب بەهێزتر دەبێت، چونكە شەڕی هاوبەش بارودۆخی سیاسی هێمن دەكاتەوە، هاوكات پێویستی بە دانایی سەركردە سیاسییەكان هەیە، بۆیە من پێموایە گەیشتوونەتە چارەسەریی سیاسی لەجیاتی گرژی و ئاڵۆزی، پاشان هەر لایەك لەو دوو لایەنە پێویستییان بە لایەنەكەی دیكە هەیە، چونكە مەترسییەكە بۆ سەر سەرتاپای عێراق زیادی كردووە، هەتا ئەگەر داعش لەناوبچێت، بەڵام رەنگە كاری تێكدەرانە بكات كە زیان بە هەردوولا بگەیەنێت، بۆیە پێویستمان بە هاوكاریی سیاسی و سەربازی و هەواڵگریی هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییەی كە هەڕەشە لە هەرێمی كوردستان و لە خودی ناوەند و سەرجەم عێراق دەكات، چونكە بینیمان كە داعش هەوڵی زۆری داوە و تا رادەیەكیش توانیویەتی كاروانی پەرەپێدانی هەردوولا پەك بخات لەو شوێنانەی كە دەستی پێیان گەیشتووە، بۆیە من پێموایە قۆناغی داهاتوو سەختتر دەبێ لەوەی رابردوو، چونكە مەترسییەكە زیاتر دەبێت، بەڵام دانایی سیاسیی هەردوولا زۆر پێویستە بەتایبەتیش چارەسەركردنی كێشە سیاسی و ئابوورییەكانی نێوانیان لە پرسی نەوت بە دروشمی رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی داعش نەك هەر بۆ سەرعێراق بەڵكو بۆ سەرجەم ناوچەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام لە ئێستادا تیرۆریستانی داعش بە هۆی هێرشە سەركەوتووەكانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە شكست و پاشەكشێدان، بەڵام مەترسی زیاتریش لەوەدایە كە ئەوان بە پەرش و بڵاوییەوە كردەوە سەربازییەكانیان ئەنجام بدەن، كە ئەمەش دەبێتە هۆی زیاتر پەكخستنی هەوڵی پەرەپێدان واتا خەرجكردنی سامانێكی دارایی زۆر بۆ ئەم هێزانە كە دەبینین لە بواری بەرگرییەوە پارەیەكی زۆر بۆ ئەم لایەنە تەرخان دەكرێت، بەڵام هێرشەكانی ئەم دواییە وای كرد كە ورەی داعش زۆر دابەزێت كە كاریگەریی ئەرێنی دەبێت لەسەر زیاتر هەماهەنگی لە نێوان سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی ناوچەكە بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی داعش.
* ئێستا ئێمە وا دەچینە نێو ساڵی تازەوە، كەچی حكومەتەكەی عەبادی تا ئێستا هیچ هەنگاوێكی جددی و كاریگەرانەی هەڵنەهێناوە بەرەو یەكخستن و پێكهێنانی هێزێكی سیستماتیكی سەربازی لە وڵاتدا، هۆی ئەمە لە چیدا دەبینیتەوە؟
- هەنگاونان لەم بوارەدا زۆر زەحمەتە، هەڵوەشاندنەوەی سوپایەك و پێكهێنانەوەی سوپایەكی دیكە رەنگە چەندین ساڵی پێویست بێت، سەختترین شت بۆ هەموو دەوڵەتێك ئەوەیە كە سوپایەكی نیشتمانی و یەكگرتووی خاوەن بیروباوەڕ دروست بكرێت، بەداخەوە ئەوەی كە ئێستا لە بواری سەربازیی عێراق دەكرێت بریتییە لە چاكسازی و كەمكردنەوەی گەندەڵی لەنێو سوپادا، نەك بنیادنانی هێزی سەربازی كە بەتەواوی بڕوای بە نیشتمان هەبێت، نەك هێنانی میلیشیای چەكداری و بخرێتە نێو سوپاوە بە ناوی پێكهێنانی سوپاوە، بۆیە پێویستە بواری دیكە بە عەبادی بدەین و نەختێك ئارام بگرین تا بتوانێت ئەم كارە بكات، بەڵام نەك هەر یەكلاكەرەوە بێت لە هەنگاوەكانیدا بەڵكو وردتر و وریاتر بێت، چونكە ئێمە لە بەرامبەر مەترسییەكی گەورەی شەڕداین، بنیادنانەوەی سوپا لە كاتی ئاشتیدا زۆر زەحمەتە، چ جای ئەگەر لە كاتێكی وەكو ئێستادا بێت كە شەڕی نەگریسی داعش یەخەی پێگرتووین كە دەبێ پێیویستیمان بە ئارامی و وریایی و بەرپرسیارێتیی نیشتمانی هەبێت.
