تیرۆریستانی داعش لە لایەك هەڕەشەن و لەلایەكی دیكە دەرفەتن بۆ كوردستان

تیرۆریستانی داعش لە لایەك هەڕەشەن و لەلایەكی دیكە دەرفەتن بۆ كوردستان
پڕۆفیسۆر یۆست هیلتەرمان، چاودێر و بەڕێوەبەری پڕۆگرام و چالاكییەكانی گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەكانە لە جیهاندا، هەروەها سەرپەرشتی رێكخستنی پلانی ستراتیژی بۆ ئەو پرۆسەیە دەكات، بۆ قسەكردن لەسەر دیاردەی تیرۆریستانی داعش و سەركەوتنەكانی ئەم دواییەی هێزی پێشمەرگە، چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی كرد، بەڕێزی لە بری وەڵامی پرسیارەكانی گوڵان، ئەم وتارەی بۆ ناردووین، بە سوپاسەوە بڵاوی دەكەینەوە.
ئەو شەڕەی لەگەڵ داعشدا دەكرێت دوو رەهەندی هەیە، رەهەندێكی لۆكاڵی و رەهەندێكی نێودەوڵەتیش. ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دەیانەوێت ئیحتیوای داعش بكەن و پاشەكشەی پێ بكەن و ئەگەر بتوانن تێكی بشكێنن، لەبەر ئەوەی ترسیان لە پارچە پارچە بوونی عێراق هەیە، هەروەها ترسیان هەیە لەوەی شەڕكەرە جیهادییەكان بگەڕێنەوە بۆ وڵاتانی رۆژئاوا و هێرشی تیرۆریستی ئەنجام بدەن. بۆیە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی پێویستیان بە كاركردن هەیە لەگەڵ كاراكتەرە لۆكاڵییەكاندا، وەك گاردی هەرێمی(پێشمەرگە) سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان، میلیشیا شیعەكان، سوننەكان و یەكەكانی پاسەوانی نیشتمانی، بۆ ئەوەی هاوكارییان بكەن لە شەڕی داعشدا، چونكە ئەوان دەزانن كە ناتوانن تەنها لە رێی گورزە ئاسمانییەكانەوە ئەم كارە ئەنجام بدەن، بەڵام ئەم كاراكتەرە مەحەلییانەش لە بەرامبەردا داوای هێزە نێودەوڵەتییەكان دەكەن بۆ:
(1) بەرگریكردن لە ناوچەكانیان.
(2) برەودان بە ئەجێندای سیاسی خۆیان، هەروەها ئەو ئەجێندایانەی پەیوەندییان بە خاكەوە هەیە. بۆ نموونە هەرێمی كوردستان دەیەوێت بە پاڵپشتی نێودەوڵەتی هەرێمی كوردستان بپارێزێت و هەروەها كۆنتڕۆڵی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكانیش بكات. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی كۆنتڕۆڵكردنی ئەم ناوچانە لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە كە شەرعییەتێكی نێودەوڵەتیی درێژخایەنی دەبێت. هەربۆیە لەم چوارچێوەیەدا هاتنی داعش، لە كاتێكدا كە هەڕەشەیەكی سەربازی ئاشكرایە، لە هەمان كاتدا دەرفەتیشە بۆ هەرێمی كوردستان.
دەكرێت هەمان شت لەبارەی كاراكتەرە مەحەلییەكانی دیكەی عێراقەوە بگوترێت.
مەزەندەی من ئەوەیە لە كاتێكدا ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی پەرۆشن بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان، هەروەها بەغداش هەم لە بەرامبەر پێشڕەویی سەربازیی زیاتری داعش نیگەرانە و هەم لە بەهێزكردنی كاراكتەرە مەحەلییەكانیش نیگەرانە، بە چەشنی گاردی هەرێمی كوردستان، یاخود میلیشیای شیعە، نەبادا دەسەڵاتی خۆیان بۆ دوورتر لە ناوچەكانی خۆیان درێژ بكەنەوە.
بێگومان بەشێك لە هۆكارەكانی سەركەوتنی داعش دەگەڕێتەوە بۆ ناڕازی بوونی سوننەكان، یەكێكیان بریتییە لە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵیاندا لە دەیەی رابردوودا، یەكێكی دیكەیان بریتییە لە كۆنتڕۆڵكردنی ناوچە ناكۆكی لە سەرەكان لە لایەن هەرێمی كوردستانەوە كە دانیشتووانێكی تێكەڵیان هەیە، لە نێویاندا خێڵە عەرەبییەكان. بۆیە دەبێت ئەم كێشەیە لە رووی سیاسییەوە چارەسەر بكرێت، نەك لە رووی سەربازییەوە، ئەمە ئەگەر بمانەوێت ئاشتییەكی درێژخایەن لە عێراقدا بێتەئاراوە.
* بەڕێوەبەری گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەكان
Top