پەرلەمانتار نەجیبە نەجیب بۆ گوڵان:گەورەترین سێكتەر لە بودجەی ئەمساڵداهەردوو سێكتەری سەروەریی و پەنابەرانە

پەرلەمانتار نەجیبە نەجیب بۆ گوڵان:گەورەترین سێكتەر لە بودجەی ئەمساڵداهەردوو سێكتەری سەروەریی و پەنابەرانە
بۆ قسەكردن لەسەر پڕۆژەی بودجەی ئەمساڵی عێراق و شێوازی داڕشتنی بودجەكە و كاریگەریی دابەزینی نرخی نەوت و زیادبوونی بودجەی سەروەریی هەروەها دابینكردنی هاوكاری بۆ پەنابەران، پەرلەمانتار نەجیبە نەجیب ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ گوڵان بەمجۆرە رای خۆی خستەڕوو.
«هێشتا پڕۆژەی بودجە نەهاتۆتە بەردەستی ئێمە وەك پەرلەمان، بەڵام ئاگاداری ئەوەین چی دەكرێت و چی ناكرێت، ئێستا بەهای سەرەكی نرخی بەرمیلی نەوت هاتۆتەخوارێ، واتە پێشتر لە ساڵانی 2011 و 2012 لەسەر بەهای 85 دۆلار نرخی بەرمیلێك نەوت خەمڵێندرابوو، بەڵام لە بازاڕی جیهانی لەو نرخە زیاتر دەفرۆشرا كە دەگەیشتە سەرووی 115 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، ئەمساڵ بە پێچەوانەوە كەممان داناوە و گەرچی هێشتا بە تەواوەتی لە وەزارەتی دارایی دیاری نەكراوە و ژمارەكانیش ژمارەی كۆتایی نین، بەڵام 70 دۆلار بە مەزەندە دانراوە، لە كاتێكدا بەهای نەوت لە بازاڕەكانی جیهانیدا بۆ هەر بەرمیلێك نەوت تەنیا 53 دۆلارە، واتە كەمتریشە لەو نرخەی بۆ بەرمیلێك نەوت كە دیاری كراوە، ئەو جیاوازییەش كارتێكردنێكی نەرێنی كردووەتە سەر داهاتووی بودجەی عیراق بەگشتی، دووەمین شتیش تێچوو، یان نەفەقاتی وەبەرهێنان دیاری نەكراون، واتە ساڵانی 2011 و 2012تا ساڵی 2014رێژەیەك بۆ نەفەقاتی وەبەرهێنان دانرابوون، بەڵام لە 2015 ئەو رێژەیە بوونی نییە و تەنیا بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنانی نەوتییە، ئەویش لە كاتێكدا ئەگەر داهاتی نەوت زیاتر بێت، هەموو پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە بودجەی 2015 دراونەتە كەرتی تایبەت، نەوتی كەركووكیش كەوتە خانەی رێككەوتنەكەی نێوان حكومەتی ناوەند و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، كە پێشتر حكومەتی ناوەندی خۆی بە تەنیا بڕیاری لەسەر نەوتی كەركووك دەدا، خاڵی دی بەشی هەرێمی كوردستانە لە بودجەی گشتی هەر رێژەی 17% وەك خۆی ماوەتەوە، ئەمجارە 23%ی بودجە بۆ كەرتی بەرگری دانراوە، پێشانیش هەر زۆر بوو، بەڵام كەرتی وەبەرهێنانی نەوت لە پێشتر بوو، واتە لە رووی خەرجییەكانی بەكارخستنەوە، یان تەشغیلی بۆ 2015 هەمووی بۆ بەرگری تەرخان كراوە، خاڵێكی دیكە كە زیاد كراوە، كێشەی پەنابەرانە، گەرچی ساڵانی پێشووش پارەیان بۆ تەرخان دەكرا، بەڵام نەك بەو شێوە زۆرەی ئێستا، كە لە رووی پلەبەندییەوە پاش كەرتی بەرگری، كەرتی پەنابەران هاتۆتە پێشەوە. هەروەها بودجەی ئەمساڵ جیاوازە و لەبەر ئەوەی بنەمای دامەزراندن و پێكهێنانی ئەم حكومەتە نوێیە لە لایەن (دكتۆر حەیدەر عەبادی)یەوە لەسەر سازان و رێككەوتن و شەراكەتە، بەو رێككەوتنەی ئەم دواییشەوە، پڕۆژەیاساكان دیارن، چونكە لە پڕۆژەیاسای ساڵی رابردوو چەند بەندێك هەبوون، وەك بەندی سزادانی هەرێمی كوردستان وابوون، ئێستا ئەوانەی تێدا نەماوە، دواتر رێككەوتنەكە لە حكومەتدا ئەنجامدراوە، پێش ئەوەی بێتە پەرلەمان، ئەوەش بۆ خۆی مانای وایە ئێستا ئەو زمانەی پڕۆژەكەی پێ نووسراوەتەوە و ئەوانەش كە قسەی پێ دەكەن، دیارە زمانی هاوبەشییە لە فەرمانڕەواییدا و زمانی شەراكەتە، گرنگترین خاڵیش لەم پڕۆژەیەدا كە بەدیار خرابێت، ئەوەیە كە هەر لە پاش رووخاندنی رژێمەوە تا ئێستا و لە ناو هەموو كابینەكانی پێشووی حكومەتی ناوەندی، یەكەمین جارە لە بودجەدا پارە بۆ پێشمەرگە تەرخان دەكرێت، جگە لە رێككەوتن لەسەر هەناردەی نەوتەكە و ناوهێنانی پێشمەرگە لە بودجەكەدا، باس لەوەش دەكرێت كە سەرەتا ئەم رێككەوتنە تەنیا رێككەوتنە لەسەر لایەنی دارایی بودجەی 2015، بەڵام ئەوەمان لە بیر نەچێت كە بۆ ساڵی 2014ش كێشەی گەورە هەیە، كە هێشتا بودجەی ئەو ساڵە نەنێردراوە بۆ هەرێمی كوردستان، لیژنەیەكی جیاواز بۆ ئەوەش دروستكراوە، چونكە بۆ ئەمەیان هیچ پێوەندی بە بودجەی 2015ەوە نییە، ئەو لیژنەیە ئەركی وەرگرتنەوەی 16ترلیۆن دیناری هەرێمی كوردستانی لە ئەستۆیە كە عێراق لە 2014 نەیناردووە بۆ هەرێمی كوردستان، بەرانبەر ئەوەش ئەوان دەپرسن داخۆ چەند نەوت رۆیشتووە و بە چەند فرۆشراوە؟.
بە رای من لەبەر دوو ئەگەر، چیتر ترس و نیگەرانی لە بەرانبەر دووبارەبوونەوەی جێبەجێنەكردنی ئەو خاڵانەی كێشەیان لەسەرە نامێنێت، یەكەمین ئەگەریان بریتییە لەوەی ئێستا حكومەتی عێراقی زۆر پێویستی بە هێزی كوردە، چونكە هەردوولامان رووبەڕووی شەڕی داعش بووینەتەوە و ئەم شەڕەش مەترسیی زۆری لەسەر ئەوانیش هەیە».
Top