نەجات عەلی بەرپرسی میحوەری مەخموور بۆ گوڵان:ئەو پلانە سەربازییەی سەرۆك بارزانی بۆ رزگاركردنی مەخموور دایڕشت ئەفسانەی داعشی بەتاڵ كردەوە

نەجات عەلی بەرپرسی میحوەری مەخموور بۆ گوڵان:ئەو پلانە سەربازییەی سەرۆك بارزانی بۆ رزگاركردنی مەخموور دایڕشت ئەفسانەی داعشی بەتاڵ كردەوە
دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر كوردستان و داگیركردنی مەخموور لەمانگی ئابی رابردوو، بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان بڕیاری دا جارێكی دیكە خۆی ببێتەوە بە پێشمەرگە و لە ژێر دروشمی (كوردستان یان نەمان)دا سەركردایەتی ئەو شەڕە چارەنووسسازە بكات، دوای راگەیاندنی شەڕی سەرتاسەری لە دژی تیرۆریستانی داعش، دەستی كرد بە دووبارە رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، لە چوارچێوەی ئەو دووبارە رێكخستنەوەیەدا، بەڕێز نەجات عەلی ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی لقی 23، كرایە بەرپرسی سەربازیی میحوەری مەخموور و لەماوەی چەند رۆژێكی كەم و لە چوارچێوەی ئەو پلانە سەربازییەی سەرۆك بارزانی دایڕشتبوو، توانرا قەزای مەخموور و چەندین گوند و لوتكەی چیا لە تیرۆریستانی داعش پاك بكرێتەوە، ئەمەش وایكرد ئاڕاستەی شەڕەكە بۆ بەرژەوەندی پێشمەرگە بگۆڕێت و ئەفسانەی تیرۆریستانی داعش بەتاڵ بكرێتەوە كە جیهان لەو بڕوایەدا بوو داعش تێكناشكێندرێت، دیارە لە میحوەری مەخموورەوە نەك تەنها ئەو ناوچانە ئازاد كراون، بەڵكو چەندین گوندی دیكەش لە تیرۆریستانی داعش پاك كراونەتەوە، گوڵان لەبەسەركردنەوەی میحوەری مەخموور ئەم وتووێژەی لەگەڵ نەجات عەلی بەرپرسی میحوەرەكە ئەنجامداو بەمجۆرە بۆ گوڵان هاتەئاخاوتن..
رزگاركردنی مەخموور بێ هاوكاری هاوپەیمانان بووە
خاڵی وەرچەرخان لەشەڕی دژی داعشدا



* لە كاتی هێرشی داعش بۆ سەر مەخموور فەرماندەی سەربازی ئەم میحوەرە نەبوون، چۆن بوو فەرماندەیی سەربازیی ئەم میحورەتان پێ سپێردرا؟
- پێش هەموو شت جەنابی سەرۆك بارزانی خۆی وەك پێشمەرگە سەرپەرشتی هەموو بەرەكانی شەڕەكە دەكات و فەرماندەیەكی سەربازیی زۆر گەورەیە، دیارە ئەمە یەكەمجاریش نییە كە سەرۆك بارزانی خۆی راستەوخۆ سەرپەرشتی شەڕی گەورە دەكات، بۆیە كاتێك تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر مەخموور، سەرۆك خۆی راستەوخۆ چاودێری شەڕەكەی دەكرد، لەو شەڕەدا ئێمە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش رووبەڕووبووینەوە و رێگەمان نەدا داعش هەموو مەخموور بگرێت، تەنانەت نەمانهێشت چەكدارانی داعش زیاتر لە 40%-50% مەخموور داگیربكەن، بۆیە جەنابی سەرۆك بارزانی كە خۆی سەرپەرشتی دانانی پلانی سەربازی دەكرد، بۆ رزگاركردنی مەخموور منی دەستنیشانكرد كە ببمە فەرماندەی میحوەری مەخموور و بەڕێز سیروان بارزانی بكرێتە سەرپەرشتیاری گشتیی میحوەرەكە، هەر بۆیە بەپێی ئەو پلانە سەربازییە بە سەرپەرشتی جەنابی سەرۆك بۆ ئازادكرنەوەی مەخموور داڕێژرابوو، توانیمان لەماوەی تەنها دوو رۆژدا هێزەكانی خۆمان كۆبكەینەوە و رێكیان بخەینەوە و هێرشی خۆمان لە چوار قۆڵەوە بۆسەر تیرۆریستانی داعش دەست پێبكەین و لەماوەی تەنها دوو كاتژمێردا مەخموور لە تیرۆریستان پاك بكەینەوە، ئەم سەركەوتنە گەورەیە بەرهەمی ئەو پلانە سەربازییە بوو كە دامانڕشتبوو، ئەم پلانە تایبەت بوو بەو هێزەی من فەرماندەییم دەكرد، بۆیە كە لە كاتژمێری سفر هێرشەكانمان لە چوار قۆڵەوە دەستپێكرد، ئەو هێزە توانی مەخموور رزگار بكات و هێزەكانی دیكە یەك دوو كاتژمێر دوای ئێمە هاتنە ناو مەخموور، لەم قسانە مەبەستم لە گرنگیی پلانە سەربازییەكە بوو كە بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆك داڕێژرابوو، مەبەست ئەوەیە كە پلانی سەربازیی تۆكمە و دروستكردنی تاكتیكی سەربازی نوێ لە مەخموورەوە ئاراستەی شەڕەكەی گۆڕی بۆ بەرژەوەندی پێشمەرگە، ئەمەش بەرهەمی ئەزموونی سەركردایەتی سەربازیی سەرۆك بارزانی بوو، بۆیە ئێمەش شەرەفمەندین كە توانیمان وەك پێشمەرگەیەك لە ئاستی ئومێدی سەرۆك بارزانی ئەو پلانە بە سەركەوتوویی جێبەجێ بكەین.
* ئایا سەرۆك بارزانی هێزی زیاتری بۆ ناردن بۆ ئەوەی ببنە هاوكاری ئێوە؟
- وەك پێشتر ئاماژەم پێكرد، جەنابی سەرۆك خۆی سەرپەرشتی شەڕەكەی دەكرد، هەروەها پاسەوانەكانی خۆیشی وەك هاریكاری بۆ ناردین، هەروەها بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پاسەوانەكانی خۆی بۆ ناردین، ئەو پێشمەرگانە پێشمەرگەی بەئەزموون و لێهاتوو بوون، بۆیە رۆڵێكی باشیان لە ئازادكردنی مەخموور و پاراستنی شارەكەدا گێڕا و پاش ئازادكرنەوەی مەخمووریش جەنابی سەرۆك بارزانی سەردانی كردین و دەستخۆشی لێكردین بۆ ئەو سەركەتنە گەورەیە.
* بەشداریی شەڕی پێشمەرگانەت زۆر كردووە و ئەزموونێكی پارتیزانی باشت هەیە، ئایا لە شەڕی داعش تاكتیكی سەربازیی جیاوازت هەست پێكردووە؟
- یەكێك لەو هۆكارەی كە وایكرد تیرۆریستانی داعش نیوەی مەخموور بگرن، ئەوە بوو ئەوان هەم توانای شەڕكردنی باشیان هەبوو، هەمیش كۆمەڵێك تاكتیكی سەربازی نوێیان بەكار دەهێنا، وەك بۆمبی چێنراو، شەڕێكی سایكۆلۆژی بەربەڕی و وەحشییانە، وەك بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆ و سەربڕین و بە كۆیلەكردنی ئافرەت، بەڕاستی ئێمە وەك پێشمەرگە لە شەڕەكانمان دژی رژێمەكانی پێشووی عێراق ئەو شێوازە هێرشەمان بەو ئاستە دڕندەییەی داعش نەبینبوو، بۆیە ئەم شەڕە لە سەرەتا بۆ پێشمەرگە نوێ بوو، دەبوو وابكەین پێشمەرگە لەگەڵ ئەم شەڕە نوێیە رابهێندرێت، بۆیە كاتێك لە چوارچێوەی ئەو پلانە سەربازییەی بۆ ئازادكردنی مەخموور داڕێژرا، توانرا ئاڕاستەی شەڕەكە پێچەوانە بكرێتەوە و لەناو ئەرزی واقیعی بەرەكانی شەڕدا ئەفسانەی داعش تێكشێندرا و پێشمەرگە بە هەموو جیهانی سەلماند كە تیرۆریستانی داعش ئەو ئەفسانەیە نین كە تێكنەشكێندرێن، ئەفسانەی داعش لە بەرەكانی شەڕدا پووچەڵ كراوەتەوە و تێكشكێندراوە، بەڵام بەداخەوە لە ناو میدیاكاندا هێشتا هەر ئەفسانەیە.
* وەك فەرماندەیەكی سەربازی تا چەند زانیاریتان لەسەر پێكهاتەی تیرۆریستانی داعش هەیە و هەیكەلی ئەم رێكخراوە تیرۆریستییە چۆنە؟
- بەپێی ئەو زانیارییانەی لای ئێمە هەن، رێكخراوی تیرۆریستانی داعش، یان ئەوەی پێی دەگوترێت دەوڵەتی ئیسلامی لە سێ گرووپی سەرەكی پێكهاتوون كە بریتین لە:
1. گرووپی موجاهدین، ئەمانە ئەو خەڵكانەن كە لە هەموو جیهانەوە هاتوونەتە ناو ئەم رێكخراوە، كە ژمارەیان كەمە، بەڵام تیرۆریستی زۆر دڕندەن و ئەو كەسانەن كە خۆیان دەتەقێننەوە.
2.گرووپێكی دیكەیان ئەو خەڵكانەن كە پێشتر رێكخراوی تیرۆریستی داعش وەك رێكخستن لەناو عێراق رێكی خستوون، ئەم رێكخستنانە دوای داگیركردنی موسڵ و تكریت، بوونە بەشێك لە هێزی داعش، ئەوان لە شەڕەكانی داعش بەشداری دەكەن، بەڵام خۆیان ناتەقێننەوە.
3. گرووپێكی دیكەیان خەڵكانی هەلپەرست و بێئاكارن، ئەمانە بۆ بەرژەوەندی خۆیان دوای داعش كەوتوون. بەگشتی چەكدارانی داعش ئەو هێزە تۆكمە و بەهێزە نین وەك ئێوەی رۆژنامەنووس لە میدیاكان پیشانی دەدەن، لەبەر چاوی ئێمەی پێشمەرگە هێزێكی فشۆڵەن و بە كردەوە تێكمانشكاندوون و بەشێكی زۆری ناوچەكەمان لێ پاككردۆتەوە، تەنانەت هەندێك گوندمان لەو تیرۆریستانە پاككردۆتەوە، كە پێش شەڕی داعش لە ژێر دەستی پێشمەرگە نەبوون.
* كەواتە دەتوانین بڵێین خاڵی وەرچەرخانی شەڕەكە لە ئازادكردنی مەخموورەوە دەستی پێكرد؟
- ئازادكردنی مەخموور پیشاندانی ئیرادە و ورەی پێشمەرگە بوو بە جیهان، لە شەڕی ئازادكردنی مەخمووردا هێزی ئاسمانی ئەمریكا بەشدار نەبوو، بۆیە بۆ جیهان شتێكی تازە بوو كە بەبێ هاوكاری هێزی ئاسمانی ئەمریكا، یان هاوپەیمانان هێزێك هەبێت بتوانێت لەناو شەڕگەكاندا ئەم هاوكێشەیە پێچەوانە بكاتەوە، سەبارەت بەم سەركەوتنە سەرۆك بارزانی پێی وتین: دوای سەركەوتنەكانی مەخموور سەرۆك ئۆباما تەلەفۆنی بۆ كردوم و دەستخۆشی لە فەرماندە و پێشمەرگەكانی میحوەری مەخموور كردووە، هەروەها تەلەفزیۆنی رووداو لەسەر كەشتی جۆرج دەبلیو بوش دیمانەی لەگەڵ فەرماندەی ئەو كەشتیە كردبوو كە فڕۆكەكانی لێ دەفڕێت بۆ سەر بەرەكانی شەڕ، ئەویش راشكاوانە گوتبووی: سەرسامم بە ئازایەتی و قارەمانیەتی پێشمەرگە، بەڵام زۆر سەرسامیشم بە فەرماندە و پێشمەرگەكانی میحوەری مەخموور. ئەمانە پێمان دەڵێن ئازادكردنی مەخموور پیشاندانی پلانێكی نوێ بوو، هەروەها پیشاندانی شێوازێكی نوێ بوو بۆ جێبەجێكردنی ئەو پلانە نوێیە، هەر بۆیە جەنابی كاك نێچیرڤان بارزانی ئەو رۆژەی مەخموور ئازاد كرا، بەدەق ئەو قسەیەی پێگوتم: ئێوە بەم سەركەوتنە توانیتان ئاراستەی شەڕەكە بۆ بەرژەوەندی پێشمەرگە بگۆڕن و بە جیهانتان سەلماند داعش ئەو هێزە نییە كە نەتواندرێت تێكبشكێندرێت.
* سنووری ئێوە زۆر فراوانە و لە ئێستادا پێویستتان بەچەكی تازە و هاوكاری ئاسمانی ئەمریكا هەیە، ئایا تاچەند بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە چەكی تازە و هاوكاری ئاسمانی ئەمریكاتان بۆ دابینكراوە؟
- با سەرەتا ئەوە روون بكەمەوە، كە دەڵێم هێزی ئاسمانی ئەمریكا لە ئازادكردنی مەخموور و پاشانیش لە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە لەم میحورە بەشدار نەبووە، مەبەستم ئەوە نییە بڵێم پێویستمان بە چەكی تازە، یان هاوكاری ئاسمانیی ئەمریكا و هاوپەیمانان نییە، بە پێچەوانەوە هاریكاری ئەمریكا و وڵاتانی هاوپەیمان بۆ پێشمەرگە جێگەی رێز و سوپاس و تەقدیرە، بەڵام مەبەستی سەرەكیم لەم قسەیە ئەوەیە ئەم شەڕە لەسەرەتا شەڕێكی نوێ بوو بۆ پێشمەرگە، بۆیە هەندێك پاشەكشەی كرد، بەڵام بۆ ئازادكرنەوەی، سەرۆك بارزانی چاوەڕێی ئەوەی نەكرد چەك بگاتە دەستی پێشمەرگە ئینجا پێشمەرگە هێرش دەست پێبكات، بە كردەوەش لە چوارچێوەی ئەو پلانە سەربازییەی سەرۆك بارزانی توانرا ئاراستەی شەڕەكە بگۆڕێت، ئەوەی بۆ ئێمە جێگەی شانازییە و خوا ئەو شەرەفەی پێ بەخشین، ئەوەیە كە ئەم وەرچەرخانە لەبەرەی شەڕی مەخموورەوە دەستی پێكرد، لایەنێكی دیكەش كە لە سەركەوتنەكانی ئەم دواییەش هێزی ئاسمانی ئەمریكا هاوكاری پێشمەرگە نەبووە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەو گوندانەی رزگارمان كردوون، خەڵكی مەدەنی تێدا بووە، تیرۆریستانی داعش تاكتیكی خۆیان گۆڕیوە و خۆیان تێكەڵاوی خەڵكە مەدەنییەكە كردووە، بۆیە ناكرێت فڕۆكەی سەربازی ئەو ناوچانە بۆمباران بكات و خەڵكی مەدەنی و ژن و منداڵ ببنە قوربانی، ئەم حاڵەتە كاریگەری لەسەر رای گشتی ئەمریكا و جیهانیش دەبێت، بۆیە نەیانتوانیوە لە ئاسمانەوە ئەو ناوچانە بۆردۆمان بكەن، ئێمە بە دروستكردنی تاكتیكی نوێ بەم دواییە توانیومانە ئەو گوندانە ئازاد بكەین كە لە هەندێكیاندا شەڕی ماڵ بەماڵ و دەستەو یەخەمان لەگەڵ تیرۆریستانی داعش كردووە، سەبارەت بە چەكەكانیش بەشێك لە چەكە تازەكان پێویستییان بە مەشق و راهێنان هەبووە و هەندێكیان پێویستی بە خولی مەشق و راهێنان لە دەرەوەی وڵات هەبووە، بۆیە لە شەڕەكانی ئەم میحورە هەوڵمانداوە وابكەین پێشمەرگە پشت بەتوانای خۆی ببەستێت و لە چوارچێوەی داهێنان و پیادەكردنی تاكتیكی نوێ بە سەر شەڕەكەدا زاڵ بێت، بەڵام ئەگەر بمانەوێت بڵێین پێشمەرگە پێویستی بە رێكخستنەوە و مەشق و راهێنان و چەكی نوێ نییە، ئەوا بەدەستی خۆمان مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆمان دروست دەكەین، دواتر بە وردی لەسەر ئەم پرسە هەڵوەستە دەكەم.
* بۆچی ئەو هەموو گرنگییە لەسەر ئازادكردنی مەخموور دروست بوو، ئایا گرنگی مەخموور بۆ كوردستان چییە؟
- مەخموور بۆ هەولێری پایتەختی كوردستان لەبەر چەندین هۆكاری سەربازی و سیاسی و ئابووری ناوچەیەكی ستراتیژی و گرنگە، لە رووی سیاسییەوە مەخموور لە هەولێر وەك پایتەخت زۆر نزیكە، بۆیە هەر كاتێك مەخموور بكەویتە بەردەستی داعش، ئەوە مەترسییەكی زۆر گەورە لەسەر پایتەختی كوردستان دروست دەبێت، لە رووی سەربازییەوە چیاكانی دەوربەری مەخموور وەك قەرەچووخ و چیاكانی دیكە ئەوانە كلیلی سەربازی ناوچەكەن و ئەگەر ئەو چیانە بكەونە دەستی تیرۆریستانی داعش، ئەوا بە تۆپی قورس دەتوانن دەوربەری هەولێر و باشووری هەولێر تۆپباران بكەن، لە رووی ئابورییەوە دیارە ئەم ناوچەیە سەرچاوەیەكی گرنگی نەوتە و خورمەڵە كە گرنگترین كێڵگەی نەوتی كوردستانە لەم ناوچەیە، هەروەها ناوچەی دوبسیش دیسان هەر سەرچاوەی نەوتێكی زۆرە، بۆیە ئەگەر ئێرە بكەوێتە دەستی تیرۆریستانی داعش، سەرچاوەی ئابووریی كوردستان دەكەوێتە مەترسییەوە.
* ئێوە لەم ناوچەیە بەرپرسی لقێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بوون، ئێمە دەمانبینی پەیوەندییەكی پێكەوەژیانی تەندروست لە نێوان كورد و عەرەب هەبوو، ئەوان سەردانی ئێوەیان دەكرد و ئێوەش سەردانتان دەكردن، بەڵام لەگەڵ هاتنی داعش، عەرەبەكان خۆیان لەگەڵ داعش یەكلایی كردەوە، ئایا ئێستا چۆن مامەڵە لەگەڵ عەرەبەكانی ئەو گوندانە دەكەن؟
- پێكەوەژیانی كورد و عەرەب لەم ناوچەیە مێژوویەكی درێژی هەیە، بۆیە ئێمەش وەك كورد پەیوەندیەكی باشمان لەگەڵ عەرەبی ئەم ناوچەیە هەبووە و گیانی لێبوردەیی و پێكەوە ژیانیش بەهۆی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە لەم ناوچەیە پتەوتر ببوو، ئێمە بە چاوی هاووڵاتی سەیری كورد و عەرەبی ئەم ناوچەیەمان دەكرد، بەڵام بەداخەوە لەگەڵ هاتنی داعش بەشێك لەو عەرەبانە دوای داعش كەوتن، بەشێك لەو تیرۆریستانەی داعش كە كوژراون و لاشەكانیان كەوتۆتە بەردەستی ئێمە عەرەبی خەڵكی ئەم ناوچەیەن، لە ئازادكردنی گوندەكانی ئەم دواییەی دەوروبەری مەخموور لاشەی 47 تیرۆریستی داعش كەوتە بەردەستمان هەندێكیان عەرەبی ئەم ناوچەیە بوون، بۆیە بەداخەوە عەرەبی ئەم ناوچەیە یەكەمجار غەدریان لە خۆیان و ئەو مێژووی پێكەوە ژیانە كرد، هەروەها غەدریشیان لە ئێمە وەك كورد كرد، وایانكرد گومان لەو پێكەوەژیانە بكەین، بەهەرحاڵ وێڕای هەموو ئەمانەش ئەو هاووڵاتییە عەرەبانەی ئەم ناوچەیە كە خۆیان تێكەڵاوی تیرۆریستانی داعش نەكردووە، ئێمە وەك هاووڵاتیەك بەبێ جیاوازی رێزیان لێدەگرین و دەیانپاێزین، بەڵام ئەوانەی بوونە تیرۆریست و بوونە بەشێك لە رێكخراوی تیرۆریستی داعش، ئەوا دیارە هەرچیمان بەرامبەر تیرۆریستانی داعش پێبكرێت، درێغی ناكەین.
* ئایا تاچەند هاوشانی برا پێشمەرگەكان، خەڵكی كوردستان بەتایبەتی سەرمایەدارەكان بەشدارییان لەم شەڕەدا كردووە و ئاستی كۆمەكی سەرمایەداران بۆ پێشمەرگە چۆن بووە؟
- خەڵكی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی خۆڕاگربووە لەم بارودۆخی بێ مووچەیی و هاتنی ئەو هەموو ئاوارەیە روویان كردۆتە كوردستان، ئەوە خۆی پیشانی دەدات ئەوانیش وەك ئێمە لەم شەڕەدا پێشمەرگە بوون، بەڵام لە بەرەیەكی دیكەدا و دیاریشە ئەم شەڕەی یەخەی كوردستانی گرتووە، یەك بەرە نییە، كۆمەڵێك بەرەی شەڕە پێكەوە، ئەوانەشی لە هەر بەرەیەكەوە خۆڕاگری دەنوێنن، وەك ئێمە پێشمەرگەن لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا، سەبارەت بە هاریكاریكردنی پێشمەرگەش، جێگەی سوپاسە لە رێگەی لقەكانی (16 و 23 و 2) پارتی دیموكراتی كوردستان ژمارەیەك لە دەوڵەمەند و خاوەن سەرمایە هاوكاری پێشمەرگەیان كردووە و باری ئێمەیان سووك كردووە، وەك خۆتان لێرە دەیبینن ئەوەتا یەكێك لە خاوەن كۆمپانیاكانی هەولێر ماوەی چوار مانگە رۆژانە دوو ژەم خواردن بۆ 1300 پێشمەرگە ئامادە دەكات، بەڕاستی ئەم دیمەنانە پیشاندانی گیانی نیشتمانپەروەری و هەستێكی نیشتمانی بەرزە، بەڵام ئەوەی جێگەی داخ و نیگەرانییە ئەوەیە كە ئەوانەی هەستاون بەو هاوكارییە و ئەوەندەی ئێمە ئاگادارین، ژمارەیان لە پەنجەكانی دەست تێپەڕ نابێت، بە بەراورد بەو هەموو سەرمایەدارەی ئەمڕۆ لە كوردستاندا هەیە، دەبوو ئاستی هاریكاریكردنی پێشمەرگە و دابینكردنی پێداویستییەكان زۆر زیاتر بوایە، ئومێد دەكەم سەرمایەدارانی كوردستان ئاوڕێكی جددی لەم پرسە بدەنەوە.
* پێشتر لە پرسیارێكدا جەختت لەسەر ئەوە كردەوە دەبێت هێزی پێشمەرگە بگاتە ئەو ئاستەی بتوانێت مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی كوردستان دوور بخاتەوە، دەكرێت لەو بارەیەوە روونكردنەوەی زیاتر بدەیت؟
- دیارە ئاسایشی نەتەوەیی، یان ئاسایشی نیشتمانی كوردستان، یەك رەهەند و یەك كۆڵەگەی نییە، من تیزی ماستەرنامەكەم لەسەر دیموكراتی و ئاسایشی نیشتمانی نووسیوە و دەزانم رەهەند و كۆڵەگەكانی ئاسایشی نیشتمانی چین، بۆیە دەڵێم یەكێك لە رەهەند و كۆڵەگە گرنگەكانی ئاسایش نیشتمانیی هەر نەتەوە و دەوڵەتەتێك هێزێكی سەربازی رێكخراوە بەشێوازی دامەزراوەیی، هێزی سەربازی ئێمەش لە كوردستان هێزی پێشمەرگەیە، بۆیە دەبێت ئەم هێزە وەك سوپایەكی نیشتمانی بەشێوەی دامەزراوەیی هەیكەلەكەی رێكبخرێتەوە، ماوەیەك پێش هێرشی داعش بۆ سەر موسڵ وتارێكم لە گوڵان بڵاو بۆوە، لەو وتارەدا چوار خاڵی سەرەكیم بۆ سوپایەكی مۆدیڕن دەستنیشان كردبوو، كە بریتی بوون لە:
1. سەرباز بە ژمارەی پێویست بۆ پێكهێنانی سوپا.
2. بوونی سیستمێكی دامەزراوەیی بۆ هەڵسووڕانی ئەو سوپایە.
3. مەشق و راهێنانی مۆدێرنی بەردەوام بۆ سەربازانی ئەو سوپایە.
4. پەروەردەكرنێكی نیشتمانییانە بۆ ئەوەی ئەو سوپایە خاوەنی ورە و ئیرادەیەكی بەرز بێت.
ئەم سوپایە بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی كوردستان گرنگە، ئەگەر ئەو سوپایەمان هەبوایە، داعش نەیدەتوانی كەمترین پێشڕەوی بكات كە پاشان بە خوێنی پێشمەرگە ئەو ناوچانە ئازاد بكەینەوە، هەروەها ئەگەر ئەم سوپا بەهێزەمان هەبێت، ئیدی لەوە ناترسین جارێكی دیكە مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشمانی كوردستان دروست ببێتەوە.
* سەبارەت بە كۆتایی هاتنی شەڕی تیرۆریستانی داعش پێشبینیتان چییە و ئایا پێتوایە لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەم شەڕە كۆتایی بێت؟
- ئەم شەڕە دوو ئاڕاستەی هەیە، یەكێكیان تێڕوانینە لە ئاڕاستەی كوردستانەوە، بۆ ئەمەیان لەوانەیە لە یەك دوو مانگی داهاتوو هیچ شوێنێكی كوردستان لە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش نامێنێت، ئێستا لە بەرەی شەڕ تیرۆریستان لە حاڵەتی بەرگرین و ئێمە هێرش دەكەین، بەڵام ئەگەر بە ئاڕاستە عێراقییەكە سەیری بكەین، ئەوا راشكاوانە دەڵێم شەڕی داعش تەنها پرۆسەیەكی سەربازی نییە و بە گرتنەوەی تكریت و موسڵ كۆتایی نایەت، بەڵكو بە راستكرنەوەی پرۆسەی سیاسی لە بەغداوە چارەسەر دەبێت، هەموو لایەك دەزانن سەرهەڵدانی داعش بەرهەمی سیاسەتە چەوتەكانی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراقە، راستە ئێستا حكومەتێكی تازە پێكهاتووە و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانە، بەڵام ئەگەر ئەم حكومەتەش نەتوانێت ئاڕاستەی پرۆسە سیاسییەكە راست بكاتەوە، هەتا ئەگەر بەهێزی سەربازیش تكریت و موسڵ رزگار بكرێتەوە، ئەوا تیرۆریستان هەردەمێنن و بارودۆخەكەش لە ئێستا خراپتر دەبێت، بۆیە دەبێت چاوەڕێی ئەوە بین بزانین بەغدا لە راستكردنەوەی پرۆسە سیاسییەكە چۆن هەنگاو هەڵدەگرێت، ئەم هەنگاوە بڕیار لەسەر ئایندەی تیرۆر و تیرۆریستان لە عێراقدا دەدات.
Top