پیتەر گروس بەڕێوەبەری قوتابخانەی جورنالیزم و میدیای ئەلكترۆنی لە زانكۆی تێنسی بۆ گوڵان:با رۆژنامەنووسان رووداوەكان رووماڵ بكەن، بەڵام مایكرۆفۆن بۆ تیرۆریستان رانەگرن
November 29, 2014
دیمانەی تایبەت
پڕۆفیسۆر پیتەر رۆس بەڕێوەبەری قوتابخانەی جۆرنالیزم و میدیای ئەلكترۆنییە لە زانكۆی تێنسی لە ئەمریكا، سەبارەت بە رووماڵی رۆژنامەنووسان بۆ كاری تیرۆریستان و ئەو كێشانەی رووبەڕووی رۆژنامەنووسان دەبنەوە لەسەر ئاستی جیهان، روانگەیەكی بابەتییانە و وردبینانەی هەیەو رایوایە زۆر جار رووماڵی رۆژنامەنووسان دەبێتە هۆكارێك بۆ گەیاندنی پەیامی تیرۆریستان، هەر بۆ قسەكردن لەسەر ئەم ئیشكالیەتە ئەم وتووێژەمان لەگەڵ ئەنجامداوە و بەمجۆرە رای خۆی بۆ گوڵان خستەڕوو.* ماس میدیا لەم سەردەمی شۆڕشی زانیاری و گەیاندنەدا، دووچاری كێشەیەك بووە لە رووماڵی رووداوە تیرۆریستییەكان، میدیا كاری خۆی دەكات، بەڵام بە كردەوە دەبێتە گەیەنەری پەیامی تیرۆریستان، چۆن دەتوانین رووبەڕووی ئەم كێشەیە ببینەوە؟
- تیرۆریستان ئامانجیان ئەوەیە پەیامەكەیان بە خێرایی و سەركەوتوویی بگات، میدیاش ئەو هۆكارەیە، بۆیە لەلایەن سەرجەم تیرۆریستانەوە و لە هەموو رۆژگارەكاندا ئەم ئیستغلالكردنەی میدیا ئەنجام دراوە. تیرۆریستان دەیانەوێت بە هەر ئامرازێكی میدیایی بەردەست، كارەكانی خۆیان بە زووترین كات بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانیان بڵاوبكەنەوە، ئیدی ترساندنی خەڵك بێت، یاخود هێنانەدی ئامانجە ستراتیژی و تاكتیكییەكانیان، بەڵام مەسەلەكە ئەوەیە ئەوان دەتوانن زیاتر میدیای تەقلیدی بەكار بهێنن، ئەوەش شتێكی نوێ نییە و دەمێكە بە رێگەیەكی دەزانن بۆ ئەوەی كارەكانیان بناسرێت، ئیدی بۆ فشاری سیاسی بێت بۆ سەر سیاسییەكانی نێو حكومەت، یاخود تەنها بۆ ترساندنی خەڵك بێت، دەبێت كارێك بكەن، كار و ئامانجەكانیان بە خەڵك بگات. بە دڵنیاییەوە بەكارهێنانی میدیا لەلایەن تیرۆریستانەوە چەند ئامانجێكی هەیە، پێشتر ئاماژەم بە دوو ئامانجی سەرەكییان كرد (فشارخستنە سەر سیاسییەكان و ترساندنی خەڵك)، هەروەها بۆ ئەوەیە بە خەڵكی رابگەیەنن كە ئەوان هەن و توانای خۆیشیان بۆ راكێشانی خەڵك بۆ نێو خۆیان بەكار دەهێنن. بۆیە دووبارەی دەكەمەوە ئەمە شتێكی نوێ نییە، بەڵكو رێوشوێنێكی پیادەكراوە و بیست ساڵ پێش ئێستا و پەنجا ساڵ پێش ئێستا و سەد ساڵ پێش ئێستا ئەمەیان بەكارهێناوە.
* ئایا لەم رووەوە هیچ كارێك دەكرێت؟
- بە شێوەیەكی گشتی هیچ شتێك نییە بكرێت، چونكە كاتێك تیرۆریستان كارێكی تیرۆریستی دەكەن، ئەوا ئەمە هەواڵە و دەبێت رووماڵ بكرێت، تاكە رێگەیەك كە دەتوانیت رێگە لەوە بگرێت هاوكاری تیرۆریستان بكرێت لە رووماڵی كردەوەكانیان ئەوەیە كە هەندێ وێنەی دیاریكراو بڵاو نەكرێتەوە و رێگەیان نەدرێت راستەوخۆ لەسەر تەلەفزیۆن، یاخود رادیۆ قسە بكەن، یاخود لێدوانی راستەوخۆی ئەوان بڵاو بكرێتەوە، بەڵكو دەبێت فلتەر بكرێت. واتە مایكرۆفۆنەكەیان مەدەنێ، بەڵكو رووماڵی كارەكانیان بكەن، ئەمە رێگەیەكە بۆ ئەوەی لە هاوكاریكردنیان خۆت لابدەیت، بەڵام هەروەك زووم دەبێت رووماڵی كردەوەكانیان بكەیت، چونكە كاریگەری لەسەر ژیانی خەڵك هەیە.
* ئایا پێتوا نییە هەندێك لە رۆژنامەنووسان بەبێ مەبەست خزمەتی ئامانجەكانی ئەوان دەكەن؟
- بە دڵنیاییەوە خزمەت بە ئامانجەكانیان دەكەن، بەڵام بە مەبەست نا، چونكە هەروەك وتم پێویستە رووماڵی كارەكانیان بكەن، بە ئەنجامدانی ئەم كارەش، واتە بە رووماڵكردنی بابەتێكی شەرعی رۆژنامەوانی، ئەوا تا راددەیەك خزمەت بە تیرۆریستان دەكرێت. لێرەدا دەبێت رۆژنامەنووسان وریا بن، كە چی و چ وێنەیەك بڵاو دەكەنەوە، ئەویش ئەوەیە كە ئەگەر گوزارشتەكە راست بێت، مایكرۆفۆنەكەیان مەدەنە دەست و رێگەیان مەدەن لە رێی ئێوەوە راستەوخۆ لەگەڵ بینەرانتاندا قسە بكەن. بەو شێوەیە دەتوانن كاریگەری راستەوخۆی ئەوان كەم بكەنەوە لەسەر ئەوانەی موتابەعەی راگەیاندن دەكەن، بەتایبەتی راگەیاندنی ئێوە كە خۆتان كۆنتڕۆڵی دەكەن.
* تیرۆریستان رێگە نادەن رۆژنامەنووسان رووماڵی ئەو ناوچانە بكەن كە ئەوان بەڕێوەی دەبەن، ئەوان تەنها رێگە بەو رۆژنامەنووسانە دەدەن كە پڕوپاگەندە بۆ ئەوان بكات، ئەمەیان چ خوێندنەوەیەكی بۆ دەكەیت؟
- بێگومان ناكرێت تەنها پڕوپاگەندە بۆ ئەوان بكرێت، تەنها ئەو كاتە نەبێت كە رێگە بدرێت بە رۆژنامەنووسان بۆ ئەوەی بچنە ئەو شوێنانەی كە تیرۆریستان بەڕێوەی دەبەن، یاخود بە رێگەیەكی دیكە رووماڵی هەواڵەكانیان بكەن، چونكە ناتوانن كۆنتڕۆڵی ئەوە بكەن كە ئەوان كۆنتڕۆڵیان كردووە، ئەمە مەحاڵە. ئەوانیش بە رێگەنەدانیان بە رۆژنامەنووسان ئەم كارە دەكەن، تیرۆریستان هەوڵدەدەن كۆنترۆڵی هەواڵ بكەن، ئینجا ڤیدیۆی سەربڕێنێك بڵاو دەكەنەوە لەگەڵ لێدوانێك لەبارەی ئەو سەربڕینە، یان هەر شتێكی دیكە و چاوەڕێ دەكەن میدیای رۆژئاوا ئەوە چاپ و پەخش بكات، لێرەدا ئێوە وەك رۆژنامەنووسێكی دەرەكی و وەك موحەریڕێك و وەك بەڕێوبەری تەلەفزیۆن و بەڕێوبەری رادیۆ دەتوانن رۆڵ ببینن و ببنە فلتەرێك، نەك تەنها بڵاوكردنەوەی ئەوەی بۆتان دەنێرن. بەڵام رووماڵكردنی ئەوەی لە ناوچەكانی خۆیاندا دەیكەن مەحاڵە، لەبەر ئەوەی رێگەتان پێنادەن كە بچنە نێو ئەو ناوچانەوە، هیچ شتێكتان پێناكرێت جگە لە رووماڵكردنی بەشێكی بچووكی ئەوەی روودەدات، وەك كاراكتەرە سەرەكییەكان و هۆكارەكان، بەڵام ناتوانن لەوە زیاتر بكەن، ئەگەر رێگەتان پێنەدەن رووماڵی رووداوەكە بكەن، ئەوا چیتر كۆنتڕۆڵی ئەوە ناكەن، بەڵام لەلایەكی دیكەوە دەتوانن رێگە لەوە بگرن كە كۆنتڕۆڵی تەواویان هەبێت لە رێی بڵاونەكردنەوەی هەموو شتێك كە بۆتان دەنێرن.
* تا چ راددەیەك بەكارهێنانی ڤیدیۆیەكانی (you tube) كاریگەری هەیە لەسەر خەڵكی رۆژئاوا بۆ ئەوەی بچنە نێو داعشەوە، چونكە ژمارەیەك هاووڵاتی ئەمریكی و ئەورووپی چوونەتە نێو داعشەوە؟ ئایا ئەوە تا چ راددەیەك كاریگەری هەبووە؟
- ئێستا ئێوە باس لە هۆكارێكی شەخسی راگەیاندن دەكەن، وەك فەیسبوك و وێبسایت و سۆشیال میدیا، ئەوانە ئامرازی راگەیاندنی شەخسین، كارێكی زۆرت لەدەست نایەت بۆ ئەوەی بیانوەستێنن، تەنها ئەگەر تەواوی ئەنتەرنێت، یان تەواوی سۆشیال میدیا رابگریت، ناشكرێت ئەم كارە بكەیت، لەبەر ئەوە دەبێت دەست و پەنجە لەگەڵ ئەو پەیامانەدا نەرم بكەیت كە لەلایەن راگەیاندنی تایبەتەوە، یان دەزگایەكی راگەیاندنی بە تایبەتكراوەوە بڵاودەكرێنەوە. ئەوەی دەتوانیت بیكەیت ئەوەیە بەرەنگاری ئەو پەیامانە ببیتەوە لە رێی میدیای تەقلیدی و میدیای ناتەقلیدییەوە كە دەبێتە ئیلهامبەخش بۆ چەند كەسێك لە ئەوروپا و ئەمریكا بۆ ئەوەی بچنە نێویان. كەواتە كارێكی زۆرت لەم رووەوە پێناكرێت و من چارەسەرێك بۆ ئەوە بەدی ناكەم. بەدڵنیاییەوە چارەسەرێكی راستەوخۆ نییە و رەنگە چارەسەرێكی ناڕاستەوخۆ هەبێت. چەندەها هۆكار هەن بۆ ئەوەی خەڵكی بەرەو رادیكاڵییەت بڕۆن، مەرج نییە تەنها هۆكاری ئایینی بێت، بەڵكو دەكرێت هۆكاری سیاسی و هۆكاری ئایدیۆلۆژیش بێت، یاخود مەسەلەكە ئەوە بێت رێگەیەكی تایبەت بە خۆی بگرێت و هەست بكات ناچارە بە ناوی بزووتنەوەیەكی دیاریكراوەوە كار بكات، بەدڵنیاییەوە ئەوانەش كەسانی چەواشەكراون و بە درێژایی مێژووش كەسانی چەواشەكراو بوون.
* ئەی سەبارەت بەو ڤیدیۆ گەیمانەی تیرۆریستان بە رێگەی ئینتەرنێت دەیفرۆشن، ئایا ئەمەیان چەند كاریگەری لەسەر گەنجی رۆژئاوا دروستكردووە؟
- گەمەكان شتێكی نوێن، بەلای كەمەوە بەكارهێنانی لەلایەن تیرۆریستانەوە شتێكی نوێیە، كارێكی زۆرت لەدەست نایەت لەم بارەیەوە، ئەوانەی ئەو یارییانە بەكار دەهێنن، بەدڵنیاییەوە ئەگەر لە رۆژئاوا بن، لە ئەوروپا بن یاخود لە ئەمریكا، دەتوانیت تا راددەیەك بڵاوبوونەوەی ئەو گەمانە كۆنتڕۆڵ بكەیت، بەڵام كاتێك تیرۆریستان دەیانەوێت گەمەیەكی ئاوا بڵاوبكەنەوە، ئەوا كارێكی زۆرت لەدەست نایەت بۆ بەرپێگرتنی، رەنگە ئەو ئاژانسانەی كاریان جێبەجێكردنی یاسایە، وەڵامی ئەمەیان هەبێت، بەڵام من وەڵامم بۆ ئەمە نییە. من مامەڵە لەگەڵ ئەوانەدا ناكەم، من مامەڵە لەگەڵ راگەیاندندا دەكەم. هەروەها بە دڵنیاییەوە هەر هۆكارێكی پەیوەندیكردن، ئیدی مۆسیقا بێت، یان كتێب، یاخود میدیای تەقلیدی، یاخود ناتەقلیدی، هەموو ئەوانە بۆ مەبەستگەلێكی جیاواز بەكاردەهێنرێن، ئیدی تیرۆریزم بێت، یان هەر شتێكی دیكە. لە جیهانی ئازاددا ئێمە نامانەوێت سانسۆر بكەین، بەڵكو دەمانەوێت وەڵامی شتێك بدەینەوە كە سەلبی بێت. ئازادی رادەبڕین بەرپرسیارێتی ئەو رادەربڕینەت دەخاتەئەستۆ، هەروەها مافی ئەوەشت دەداتێ كە وەڵامی مشتومڕەكان بدەیتەوە و وەڵامی ئەوانەش بدەیتەوە كە بڵاودەكرێنەوە. ئێمە لە جیهانی ئازاددا ئەو كارە ناكەین، ئەمە بێ كەموكوڕی نییە، بەڵام بە باشی سەركەوتوو بووە، ئەوانەشی دەیانەوێت ئازار بە خەڵك بگەیەنن، رەنگە بتوانن لە مەودای كورتدا ئەم كارە بكەن، بەڵام لە مەودای دووردا پێیان ناكرێت.
