پڕۆفیسۆر ماكس ئەبراهامس پسپۆر لە ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ گوڵان:چیتر ناتواندرێت لە بەغداوە حوكمڕانی عێراق بكرێت و ئەو وڵاتە بە یەكپارچەیی نامێنێتەوە
November 29, 2014
دیمانەی تایبەت
پڕۆفیسۆر ماكس ئەبراهامس تۆێژەری باڵایە لە سەنتەری ئاسایش و هاریكاری نێودەوڵەتی لە زانكۆی ستانفۆرد و تایبەتمەندە لەسەر تیرۆریزم و ستراتیژیەتی دژە تیرۆریزم و توندوتیژی سیاسی، بۆ قسەكردن سەبارەت بە چۆنیەتی تێكشكانی تیرۆریستانی داعش و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و چەند تەوەرێكی دیكەی هەنوكەیی ئەم وتووێژەمان لەگەڵ ئەنجام داوە و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.* داعش دۆخێكی زۆر جیاوازی دروست كردووە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوەش بۆ جیهان سەلمێنراوە كە جگە لە هێزەكانی پێشمەرگە هێزێكی دیكە نییە بەرەنگاری تیرۆریستانی داعش ببێتەوە، ئایا تا چ راددەیەك كوردەكان وەك نەتەوەیەك سەلماندوویانە كە بەرەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمن؟
- پێموایە كوردەكان سوودمەندن لەو هەموو پشێوییەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، لەبەر ئەوەی ئەمریكا خوازیاری هاوپەیمانێتی و شەریكی باوەڕپێكراوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەبەر ئەوەی چەندین هێزی تایەفەگەری و رادیكاڵی هەن. بۆیە ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كورد بە ئیستیسنا دەزانێت و وەك شەریكێكی راستەقینە و متمانەپێكراو لە دژی هێزە رادیكاڵەكان سەیریان دەكات، راستە كوردەكان لە ئێران و سووریا و عێراق و ئێرانن، بەڵام پێموایە ئەمریكا بە شێوەیەكی گشتی وای لێ دەڕوانێت كە ئەگەری ئەوەی لێ بكرێت زیاتر یارمەتیدەری كورد بێت، بڕوانن لەوەی لە كۆبانێ روویدا، ئەمریكییەكان لە تویتەردا زۆر چالاك بوون و داوایان دەكرد هێزەكانی دەوڵەتی ئیسلامی بەسەر كوردەكاندا زاڵ نەبن و بە پێویستیان دەزانی ئەمریكا لە رووی ئاسمانییەوە هاوكارییان بكات، ئەمریكییەكانیش زۆر ناڕاحەت بوون لە هەڵوێستی توركیا كە لە سەرەتادا رێگەی لە هاتنی پێشمەرگە گرت لەوەی بێن و هاوكاری یەپەگە بكەن، پێموایە كوردەكان سوودمەند دەبن لەبەر ئەوەی ئەمریكا متمانەیان پێدەكات، ئەمریكییەكانیش پێیانوایە كوردەكان لە ریزی ئەواندان لەم شەڕەدا لە دژی ئیسلامی رادیكاڵی داعش.
* كورد وێڕای ئەوەی لە بەرەكانی شەڕی داعش ئازا و لێهاتوو بوون، لەناو كوردستانیش لێبوردەیی و پێكەوەژیانیان چەسپاندووە، ئەم لایەنەی كوردستان چۆن سەیر دەكەیت؟
- كوردەكان زۆر میانڕەوترن لەو كەسانەی لە دەوروبەریاندان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمەش خاڵێكی زۆر گرنگە بۆ سەربەخۆ بوونی كورد كە نەك تەنها لە رووی دەرەوە توندوتیژ نابن، بەڵكو لە ناوخۆشدا وڵاتەكەیان بە شێوەیەكی پێشكەوتوو بەڕێوەدەبەن.
* ئێستا خەریكە هاوكێشەكە لەسەر ئاستی ئیقلیمی گۆڕانكاری بەسەردا دێت، بەتایبەتی نزیكبوونەوەی ئەمریكا و ئێران لە ئارادایە، ئایا تاچەند ئەم گۆڕانكارییە لە سەر ناوچە كاریگەری دەبێت؟
- حاڵی حازر ئەمریكا وا پیشانی دەدات كە واشنتۆن كار لەگەڵ تاراندا ناكات، بەڵام ئەوە راست نییە، هەروەك دەزانن لە عێراقدا میلیشیا شیعەكان كە لە بنەڕەتدا لەلایەن ئێرانەوە سەرپەرشتی دەكرێن، هەندێ كاری گرنگ دەكەن لە راگرتنی پێشڕەوی دەوڵەتی ئیسلامی لەوەی بەرەو بەغدا بڕۆن. هەروەها ئەمریكا هەست دەكات كە مەیلی بۆ ئەسەد نییە، بەڵام واشنتۆن و دیمەشقیش لە شەڕدا نین. لێبوردە بوونی واشنتۆن لە ئاست ئەسەد لە هەندێ رووەوە سازشە بۆ تاران. لەبەر ئەوە پێدەچێت جۆرێك لە هاوكاری هەبێت لە نێوان واشنتۆن و سەركردەی شیعە و عەلەوییەكاندا. هەرچۆنێك بێت ئەو تێڕوانینە لە ئەمریكا بەرەو گۆڕانكاری دەچێت. پێموایە ستراتیژیەتی ئەمریكا لە سووریا دەگۆڕێت، كە لە سەرەتادا بریتی بوو لە تێكشكاندنی دەوڵەتی ئیسلامی و هێشتنەوەی ئەسەد. بەڵام هەستێكی روو لە زیادبوون هەیە لە واشنتۆن كە ناكرێت بە بێ لابردنی ئەسەد پشتیوانی خەڵكی سووریا بكرێت، لەبەر ئەوە زیاتر و زیاتر ئەمریكا هەوڵ دەدات پشتیوانی خەڵكی سووریا بەدەست بهێنێت بەوەی فشار بكات بۆ چارەسەرێكی ئاشتییانە كە ئەسەد لە دەسەڵات دوور بخاتەوە، ئەمەش ئاكامی بۆ سەر شیعە و سوننەكان لێدەكەوێتەوە. ئێران خۆشحاڵ نابێت بەم كارە و من نازانم كاردانەوی رووسیاش چی دەبێت، لەبەر ئەوە ئەمە مەسەلەیەكی جێی بایەخ دەبێت.
* ئەمریكا زۆر ئومێدی بە حكومەتی تازەی عێراق بە سەرۆكایەتی عەبادی هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، ئایا تاچەند عەبادی لە جێگەی ئەو ئومێدەی ئەمریكا دەبێت؟
- پێموایە هەمیشە پێشبینیەكی زۆر هەیە لەبارەی ئەو حكومەتە نوێیەی عێراقەوە، هەروەك دەزانن عێراق حكومەتێكی باشی نەبووە. ئێمە دەزانین ئەم سیاسییانەی عێراق هەموویان گەندەڵن و بنكەی پشتیوانییان نییە لە تەواوی عێراقدا، بەڵكو لەسەر بنەمای دابەشبوونی تایەفەگەری پشتیوانی بەدەست دەهێنن. لەبەر ئەوە جێی سەرسوڕمان نییە بۆ من كە ئەم كەسە نوێیەش ئەو چاكسازییە فرەییە جێبەجێ نەكات كە واشنتۆن ویستی، من دڵنیا نیم كە ئەو سیاسەتە لە عێراقدا لە ئارادا بێت كە پشتیوانی تەواوی وڵاتەكە بەدەست بهێنێت، پێموایە ئەو وڵاتە ئەوەندە لە رووی ناوخۆییەوە دابەش بووە كە سەركردەیەكی بەغدا ناتوانێت دەسەڵاتی بەسەردا بشكێت، لەبەر ئەوە من دەقاودەق لەگەڵ دابەشكردنی عێراقدام، پێموا نییە حوكمڕانی ئەو وڵاتە لە بەغداوە سەركەوتوو بێت، لەبەر ئەوەی وڵاتەكە لە رووی ناوخۆییەوە زۆر دابەش بووە.
* لە شەڕەكانی ئەم دواییە لە بەنداوی موسڵ و زوممار دەركەوت كە پێشمەرگە پێویستی بە چەكی قورس هەیە بۆ تێكشكاندنی داعش، ئایا تا چەند گرنگە چەكی قورس و نوێ بە پێشمەرگە بدرێت، بۆ ئەوەی لە شەڕەكەدا سەركەوتو بن ؟
- ئەمریكا بەرژەوەندی لەوەدا نییە كە هێزی زەمینی بڵاو بكاتەوە، چونكە ئێمە قوربانییەكی زۆرماندا لە سەردەمی ئیدارەی جۆرج بوشدا لە میانەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی یاخیبوون لە عێراق و ئەفغانستان، لەبەر ئەوە بەدیلی هێزی زەمینی ئەمریكا ئەوەیە پشتیوانی لە هاوپەیمانە مەحەلییەكان بكرێت كە شەڕی راستەقینەكە بكرێت لە رێی هاوكاریكردنیان لەلایەن ئەمریكاوە لە رێی هێزی ئاسمانییەوە، كوردەكانیش رۆڵێكیان هەیە كە قابیلی دەستبەرداربوون نییە، لەبەر ئەوەی هێزێكی زەمینی زۆر باشن بۆ ئەوەی ئەمریكا مامەڵەیان لەگەڵدا بكات. من زۆر بێزارم بووم بەتایبەتی لەوەی لە كۆبانێ روویدا كە كوردەكان زۆر بوێر بوون، بەڵام هەمان چەكی دەوڵەتی ئیسلامییان نەبوو، لەبەر ئەوە من داوای كەلوپەلی سەربازی خێراتر و بەرچاوترم كرد بۆ شەڕكەرەكان، هەمان شت بۆ پێشمەرگە راستە، پێموایە ئەمریكا متمانەی بە كوردەكان هەیە، بەڵام بە تەواوەتی بواریان نادات ئەوەندەی دەكرێت سەركەوتوو بن، لەبەر ئەوە من لەگەڵ ئەوەدام هەم لە سووریا و هەم لە عێراق پشتیوانی سەربازی بۆ كوردەكان زیاتر بكرێت.
* دوا وتەت چییە؟
ئەمریكا دەقاودەق دڵنیا نییە لەبارەی ئەوەی چی دەكات لە ئاست دەوڵەتی ئیسلامی داعش، بۆ نموونە: ئێمە دڵنیا نین لەوەی دەمانەوێت ئەسەد لە دەسەڵات دوور بخرێتەوە، یاخود لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. ئێمە نازانین چۆن حكومەتی نوێی عێراق توندوتیژی تایەفەگەری چارەسەر دەكات، یان كەمی دەكاتەوە. بەڵام یەكێك لەو شتانەی كە بەڕاستی ئەمریكا پشتی پێدەبەستێت، بریتییە لە پەیوەندی نزیكی لەگەڵ كوردەكاندا لە شەڕەكەیدا لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی، بە چەشنی ئەوەی ئەمریكا هەندێ كێشەی بچووكی هەیە لەگەڵ ئیسرائیلدا، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی وەك دۆستێك متمانەمان پێی هەیە لە ناوچەكەدا، ئەمریكا هەمان تێڕوانینی لە ئاست كورد و لە شەڕەكەیدا لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی داعش هەیە.
