عەمید ئەحمەد گەردی فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانێ بۆ گوڵان:سەرۆك بارزانی پێوەندی بەردەوامی لەگەڵ هێزەكانی ناو كۆبانێ هەیە

عەمید ئەحمەد گەردی فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانێ بۆ گوڵان:سەرۆك بارزانی پێوەندی بەردەوامی لەگەڵ هێزەكانی ناو كۆبانێ هەیە
ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ بەهاناوەچوونی براكانیان لە كۆبانێ وەرچەرخانێكی گەورەی لە ستراتیژیەتی نەتەوەیی كوردا دروستكرد. كورد سەدان ساڵە سنوورەكان لێكیان جیادەكاتەوە، بەڵام ئەمجارە یەكدەگرنەوە، بۆ قسەكردن لەسەر ئەو هێزەی ئیستا لە كۆبانێیە، ئەم وتوێژەمان لەگەڵ عەمید ئەحمەد گەردی فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی ئەنجامدا و بەمجۆرە بۆ گوڵان هاتە ئاخاوتن.
بە گەیشتنی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ
داعش مەعنەویاتی رووخا، ئومێدی سەركەوتن زیاتر بوو


* لەو كاتەوەی هاتوونەتە كۆبانێ چ گۆڕانێك لە دۆخەكەدا روویداوە؟
- لەو كاتەوەی هاتووینەتە كوبانێ، دۆخی مەیدانییانەی رووبەڕووبوونەوە بەرەو باشتر چۆتە پێشەوەو گۆڕدراوەو گۆڕانی دۆخەكەش لە بەرژەوەندی كوردو هێزەكانی پێشمەرگە و یەپەگە و شەڕڤانانیدایە، بیروباوەڕیش بەرزتر بووەتەوەو قەناعەتێكی تەواو بۆ سەركەوتنی یەكجارەكی پەیدا بووە.
* كەواتە پاش چوونتان بۆ كۆبانێ و بەشداریكردنی راستەوخۆتان لە شەڕەكاندا، ئاڕاستەی ئەو شەڕانە بەرەو كوێ چووە و داهاتووی ئەمشارە چۆن دەبینن؟
- ئاڕاستەگۆڕینەكەی شەڕ، لە بەرژەوەندی كورددا بووە، داعش لە پاشەكشێدایە، بەڵام وەك هەمووتان دەزانن بەرەی شەڕ لێرە لە ناو شارەكەیە، شاریش وەك چیاو دۆڵ و دەشتایی نییە، كە شەڕیش كەوتۆتە ناو شارەوە، ئیتر شەڕەكە كۆڵان بە كۆڵانە و ماڵ بە ماڵە، هەر كۆڵانێك كە لە داعش خاوێن دەكرێتەوە، كاتی دەوێت، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی تا ئێستا هێزەكانی كوردی لە بارێكی باشتردان و باشتریش دەبن.
* ئایا تاچەند مەزندە دەكەیت هەردوولاتان پێكەوە (پێشمەرگە و شەڕڤانان) شەڕەكە یەكلایی بكەنەوە؟
- بە قەناعەتی تەواوەوە دەڵێم هاتنی پێشمەرگە بۆ ناو كۆبانێ لە بەرژەوەندی گشتی كورددا بووەو لە هەموو روویەكەوە شانسی سەركەوتنی زیاتر بووە، چونكە وەك دیارە بە هاتنی پێشمەرگە بیروباوەڕی هێزەكان و خەڵكی ئێرە بەهێزتر بووە، لە ماوەی داهاتووشدا بۆ هەمووان روون دەبێتەوە تا چ ئاستێك سەركەوتن بەدەست هێنراوەو تا چ ئاستێكیش پێشڤەچوونەكە ئاڕاستەی مەیدانیی شەڕەكەی گۆڕیوەو لە بەرژەوەندی كورددا دەكەوێتەوە، بیروباوەڕێكی تەواو یەكگرتووانە دروست بووە.
* رێنمایی و تێڕوانینی سەرۆك بارزانی بۆ ئێوە هەر لە سەرەتاوە كە رووتان لە كۆبانێ كرد، چی بووە؟
- هاتنی ئێمە بۆ كۆبانی لەسەر بڕیاری جەنابی سەرۆك بارزانی و بە رەزامەندی پەرلەمانی كوردستان و لە ژێر چاودێری وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بووە، كورد لە هەموو شوێنێكی دنیا و بەتایبەتیش لەم بەشەدا بە گەیشتنی پێشمەرگە بە كۆبانێ بیروباوەڕێكی بەهێزی لادروست بوو، بە گەیشتنی ئێمە ورە و مەعنەویاتی كوردان زۆر بەهێز بووە، بەڵێنیش بە گەلی كوردستان و خەڵكی هەرێمی كوردستان دەدەین كە لە ماوەیەكی نزیكدا موژدەی یەكجاری دەدەینە هەموویان، كۆبانێ لە دەستی چەتەكانی داعش دەردەهێنین.
* یەكگرتنی كورد و یەكخستنی هێزەكانی لە بەرەیەكدا، شان بە شانی یەكتر چ واتایەك بە ئێوە دەبەخشێت؟
- چوونی پێشمەرگە بۆ بەهاناوە چوونی خوشك و براكانیان لە كۆبانێ مەسیجێكە بۆ هەموو دوژمنانی كوردو كوردستان كە لە هەر پارچەیەكی كوردستان، هەر كاتێ كورد پێویستی بەهێز هەبێت بێ سڵكردنەوە بە هانای یەكترەوە دەچن، چونكە ئێمە هیچ جیاوازییەك نابینین، چ شاری كۆبانێ بێت، یان كەركووك، یان هەولێر، یان سلێمانی و خانەقین، بۆ ئێمە هیچ جیاوازی نییە، ئەمەش لەسەر بنەمای بیروباوەڕی كوردایەتییە، كۆبانێ ئەمڕۆ ماڵی هەموو كوردێكە لە خۆرئاواوە تا خۆرهەڵات و لە باكووریشەوە تا باشوور، رۆژانە لە هەموو لایەكەوە خەڵك دێن تا بەرگری لە كوردستانەكەیان بكەن.
* تاچەند چوونی هێزی پێشمەرگە ئاراستەی شەڕەكەی گۆڕی؟
- پێش ئەوەی ئێمە بگەینە كۆبانێ، ئەم شارە گوشارێكی گەورەی پەلاماری چەتەكانی داعشی لەسەر بوو، بەرەو ئەوە دەچوو شارەكە بكەوێت، بەڵام بە گەیشتنی پێشمەرگە، هەم مەعنەویاتی دوژمن رووخا، هەم ئومێدی شەڕڤانان لەو شارەدا بەسەركەوتن زیاتر بوو، باشترین گەواهیدان بۆ گەڕانەوەی ئومێد، پێشوازی گەرمی ئەو جەماوەرە خوێنگەرمەی كورد بوو لە هێزی پێشمەرگە، كە بیروباوەڕی كوردی بەهێزتر كرد، لەو قەناعەتەدام كە هێزی پێشمەرگەشی بە حەماستر كردووە، من وەك سەركردەیەكی مەیدانی كە ئێستا لە كۆبانێدام شایەتحاڵی ئەوەم كە ئێمە هاتینە ناوشارەكە تەنیا 30%ی بە دەست هەڤاڵانی یەپەگەوە مابوو، بەڵام ئێستا لە 45%ی زیاتریش هاتۆتەوە دەست هێزەكانی كوردی، چاوەڕوانین شوێنی زیاتر بخەینەوە ژێر كۆنترۆڵی هێزی كوردی، بەو ئومێدەی چەتەكانی داعش لە ناو كۆبانێ بە تەواوی نەهێڵین.
* خەڵكی رۆژئاڤاو باكووری كوردستان چۆن سەیری ئەم بڕیارەی سەرۆك بارزانی دەكەن؟
- بیروباوەڕو حەماسەتی خەڵك لە پاش گەیشتنی ئێمە لە ئاستێكی بەرزی وەهادا بوو بە وشە وەسف ناكرێت، لە ناو كۆڵان و سەرجادەكان خەڵكی زۆر دڵخۆش بوون و تا ئێستا چەندین لەو خێزانانەی كە بێئومێد ببوون و لە كۆبانێ دەرچووبوون، ئێستا گەڕاونەتەوە ناو كۆبانێ، باسكردنی بڕیارەكەی سەرۆك بارزانی لەسەر زاری هەموویانە و قەناعەتێكی پتەویان لا پەیدا بووە، بەوەی ئێستا بە چاوێكی كراوەتر و بە گەشبینییەكەوە لە فەرمانەكانی جەنابی سەرۆك بارزانی بڕوانن.
* لە چەندین شوێنی دیكەش وەك فەرماندەیەكی مەیدانی پێشمەرگەی كوردستان لە چەندین رووبەڕووبوونەوەی قارەمانانە بەشداریتان كردووە لە دژی تیرۆریستان، لەم بەرەیەدا چارەنووسی تیرۆریستانی داعش بە دەست هێزەكانی پێشمەرگە و شەڕڤانان چی بەسەر دێت؟
- ئینشائەڵا تەفروتوونابوونی چەتەكانی داعش لەسەر دەستی هێزەكانی پێشمەرگەو شەڕڤانانی یەپەگە و هێزەكانی دیكەی كوردی و گەلی كورد دەبینین، بە گەیشتنی پێشمەرگە و بە یەكخستنی هێزەكانی كورد رۆژ بە رۆژ چەتەكانی داعش بێئومێدتر دەبن و لە پاشەكشێدان، بە یەكگرتنی میللەتی كورد مەعنەویاتی چەتەكان زۆر رووخاوە و بەرەو نەمانی یەكجارەكی دەچن.
* هەماهەنگی پێشمەرگە لەگەڵ شەڕڤانان لە چ ئاستێكدایە؟
- تەنسیقێكی هاوبەش لە نێوان هێزی پێشمەرگە و شەڕڤانانی یەپەگەو ئەرتەشی ئازادی سووریا دروست بووە، ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دروست كراوە، رۆژانە ئاگاداری یەكترین و بارودۆخی ئێرە هەڵدەسەنگێنین، گفتوگۆ و تەباییەكی زۆر باش لە نێوانمان هەیە. سەبارەت بە چەك و تەقەمەنی گەرچی رێگەكە دوورە، بەڵام كێشەمان لە رووی بەدەست گەیشتنی تەقەمەنی و چەك نییە، تەقەمەنییەكی باشمان لایەو وەزارەتی پێشمەرگە لەو رووەوە درێغی نەكردووە، بەردەوام لەسەر هێڵن لەگەڵمان، هەروەها جەنابی سەرۆك بارزانی شەخسی خۆی بەردەوام لەسەر هێڵی پەیوەندییە لەگەڵماندا، هەر شتێكمان پێویست بووبێت، بە زیادەوە بۆمان هاتووە، بۆیە توانیومانە زیاتر هاوكاری شەڕڤانانی یەپەگە و ئەو هێزانەش بكەین كە لە ناو بەرەكانی رووبەڕووبوونەوەدان.
* پێمان باشە لەسەر زاری ئێوە مۆراڵی پێشمەرگە بۆ خوێنەرانمان رابگەیەنن؟
- ئەم پێشمەرگانەی لێرەن ورەیەكی بەرز و پۆڵایینیان هەیە و رۆژانە دەیانبینین كە بە روویەكی خۆش و بە حەماسەتەوە بەرگری لە كۆبانێ دەكەن، ئەمە سەربەرزییەكی بەرز و جێی شانازییە بۆمان كە لە هەرێمی كوردستانەوە هاتووین لە پێناوی هەر بستێكی خاكی كوردستان ئامادەی گیانفیدایی بین، مەعنەویاتمان زۆر بەرزەو رۆژ بە رۆژ بەرزتریش دەبێت، بۆ یەك جار و بە یەك وشەش پێشمەرگە گلەییەك، یان بێزارییەكی دەرنەبڕیوە لەوەی لە ناو ئەم شەڕەدا بەشدارن، رۆژانە سەدان تەلەفونمان لە پێشمەرگەكانی دیكەی ناو هەرێمەوە بۆ دەكرێت، تا رێیان پێ بدرێت لە رزگاركردنی كۆبانێ بەشداری بكەن، بۆیە ئەمە ئەركێكی شەرافەتمەندە و بە پیرۆزی دەزانین. لەو ماوەیەدا هەشت پێشمەرگەمان بریندار بوون، بەڵام لە رێی تیمە پزیشكییەكانەوە كە لەگەڵ هێزەكەی پێشمەرگە نێردراونەتە ئێرە، هەر لێرەو لە كۆبانێ برینەكانیان تیمار كراون و لە ژێر چارەسەریدان.
Top