سردیڤی مردووە، یان كوژراوە؟

سردیڤی مردووە، یان كوژراوە؟
هەواڵی كۆچی دوایی خانمە ئەستێرەی بۆڵیۆد سردیڤی، بۆ جەماوەرەكەی مایەی شۆك بوو، چونكە كاتێك بەر لە ماوەیەك بە یاوەریی خانەوادەكەی لە ئاهەنگێكی هاوسەرگیری لەدوبەی بوون، بەڵام هەمان شەو تەرمەكەی لە ژووری خۆی لە هۆتێلێكدا دۆزرایەوە. سەرەتا مەترسی دەربارەی هۆكارەكانی مردنی سردیڤی هەبوو، دواتر ئەو راپۆرتانەی دەربارەی مردنی لە لایەن پۆلیسی ئیماراتەوە بڵاوكرانەوە، ئاماژەیان بەوە كرد كە هۆكاری مردنەكەی خنكان بووە، بە رێگای هەڵە لە بانیۆی ژوورەكەی دوای ئەوەی لە هۆش خۆی چووبوو، سەرەڕای تێپەڕبوونی ماوەیەك بەسەر ئەو رووداوەی كە بووە هۆی مردنی، بەڵام بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ویلایەتی كیرای هیندی چەند بەڵگەیەكی پێشكەش كرد، كە ئاماژەن بۆ ئەوەی مردنی سردیڤی مردنی ئاسایی نەبووە، بەڵكو زیاتر لە تاوانی كوشتن دەچێت.
ریشراج سینج یەكێك لە بەرپرسەكانی پزیشكی دادوەریی ویلایەتەكە رایگەیاند: رووداوی مردنی سردیڤی زیاتر لە كوشتن دەچێت، چونكە ئەو ئاوەی تێیدا خنكاوە قوڵییەكەی تەنیا چەند سانتیمەترێك دەبێت وئەگەر كەسێك بخنكێت و بڕێكی زۆری ئاویش بخواتەوە، ئەوا بەو ئاسانییە ناخنكێت، بەڵام پێدەچێت كەسێك سەری سردیڤی نقومی ئاوەكە كردبێت و رێگای نەداوە سەری دەربهێنێت.
لە لای خۆیەوە بەرهەمهێنەری ناسراوی هیندی بۆنی كاپور كە هاوسەری سردیڤییە لە بارەی ئەم بابەتەوە وتی: «من ئەوەندە گەمژە نیم كە بڕوام بەم قسانە هەبێت، نامەوێ بە هیچ شێوەیەك وەڵامی ئەو جۆرە چیرۆكانە بدەمەوە، چونكە پێموایە كەسێك بۆ خۆی درووستكی كردووە و پێویست ناكات وەڵامی ئەو جۆرە چیرۆكە بێ بنەمایانە بدەمەوە و دڵنیام ئەو چیرۆكانە بەردەوام دەبن».
Top