زانکۆی نۆلج ئاهەنگی دەرچوونی خولی شەشەمی سازکرد
بەم بۆنەیەوە پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.هیمداد عەبدولقەهار سەرۆكی زانكۆی نۆڵج وتی: حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەوڵی جددی داوە بۆ پێشخستنی بواری مەعریفە و لەو رووە كەرتی خوێندنی باڵا یەكێك بووە لەو بوارانەی كە گرنگیی زۆریان پێدراوە لە كەرتی گشتی و تایبەتی، ئێمە لە زانكۆی نۆلج هەوڵێكی زۆرمان داوە بۆ ئەوە دەرفەتی تەواو بۆ زۆرترین ژمارەی قوتابیان فەراهەم بكەین بەپێی ئەو رێنمایی و مەرجانەی كە وەزارەتی خوێندنی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو بوارەوە دایناوە، بۆ ئەوەی بتوانن درێژە بە خوێندنیان بدەن و لێی دانەبڕێن، لە ساڵی پارەوە زانكۆكەمان بووەتە ئەندام لە یەكێتی زانكۆكانی وڵاتانی عەرەبی لە هەمان كاتدا وەزارەتی خوێندنی باڵای حكومەتی فیدراڵ ئیعتیرافی بە زانكۆكەمان كردووە ئەمەش موژدەیەكی خۆشە بۆ گشت قوتابییەكانمان.
لە لایەكی دیكەوە د.هیمداد عەبدولقەهار وتی: بەم بۆنەیەوە وێڕای پیرۆزبایی كردن لە قوتابیان و كەسوكاریان موژدەی ئەوەیان پێدەدەم كە لە زانكۆكەمان جگە لە كردنەوەی سەنتەری زمان و سەنتەری پەرەپێدانی كارەكان و كردنەوەی خول و وۆركشۆپ بۆ قوتابیانمان، دەرفەتی خوێندنی باڵا (ماستەر و دكتۆرا) لە زانكۆكەمان بۆ قوتابیان رەخساوە بەپێی مەرجەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمەش نیشانەی گرنگیدانمان بە بەرز كردنەوەی ئاستی خوێندنی باڵا.
زانکۆی نۆڵج تەنیا کاری پەروەردە و فێرکردن نیە، بەڵکو لە پاڵ پرۆسەی پەروەردەوە چەندین هەڵمەتی بۆ یارمەتیدانی تووشبوانی نەخۆشی شێرپەنجە ئەنجامداوە بە هاوکاری حکومەتی هەرێم و نەخۆشخانەی نانەکەلی، ئەمە جگە لە چەندین چالاکی رۆشنبیری و هونەری جیاجیا.
شایەنی باسە زانكۆی نۆڵج لە 10/9/2009 دامەزراوە و لە پێنج بەش پێكدێت ئەوانیش: ئەندازیاری، زانست، یاسا، زانستە كارگێڕییەكان و ئاداب.
