خەلیل وەندی : هاوسەرەكەم یەك گونیە نامەی منی سووتاند

ئەو پێشمەرگەیەی كە پێشمەرگەی پێشی خۆی نەناسێ ڕەنگە خۆشی بەپێشمەرگە دانەنرێت، بۆ هونەرمەندیش بەهەمان شێوەیە
زۆر جار لەلایەن هونەرمەندانەوە باس لەوە دەكرێت ئەگەر فریای هونەری كوردی نەكەوین، ئاوا ڕەنگە شتێك نەمێنێت بەناوی هونەری ڕەسەنی كوردییەوە و یەكێك لەوانە كە ئەم قسەیەی كردووە مامۆستا خەلیل وەندی بووە، لەم بارەیەوە بەمشێوەیە بۆ گوڵان هاتە ئاخافتن:
ڕەنگە وانەبووبێ، بەڵام وتومە لەكۆتایی هەموو باسێكدا هونەرمەند كە چووە دنیای هونەرەوە پێویست ناكات هەر لەسەرەتاوە وازی لێبهێنین، هونەرمەندە زەرەر لەهونەری كوردی دەدات، چونكە ئەو پێشمەرگەیەی كە پێشمەرگەی پێشی خۆی نەناسێ ڕەنگە خۆشی بەپێشمەرگە دانەنرێت، بۆ هونەرمەندیش بەهەمان شێوەیە، ئەگەر باسی ڕەسەنایەتی بكەین بە بەڵگە خاوەنی مێژووی هونەرین، چونكە هونەر وەك مێژوو نییە ڕەنگە بەنوكە قەڵەم بگۆڕدرێت، بەڵام هونەر پشتاوپشت بەردەوامە و بەڵگەنامەیە بۆئەوانەی دەیانەوێ زیاتر دوامان خەن، بۆ نموونە ئێمە خاوەنی كۆمەڵە مەقامێكی كوردین هەر كوردێك بێت بەیەك شێوەیە دەیڵێت، بەڵام ئەگەر بەعەرەبێك بڵێم نازانێ مەسەلە چییە و ناتوانێ بیڵێتەوە سكێڵی پەیژەی مۆسیقاشی جیاوازە بۆ نموونە قەتار و خاوكەر ڕەنگە سەرەتاكەی بەیات بێت ئینجا پارچەیەكی حیجازی لەگەڵ بێت هونەرمەندانی مۆسیقی ئەوشتانە لێك دەدەنەوە و دەیزانن، عەرەب و فارس و تورك ڕەنگە حیجازیان هەبێت كە بریتییە لەدوو حیجاز و تۆنێكی تەنینی لەنێوانیاندایە، كەچی ئێمە خاوەنی كۆمەڵە مەقامێكی كوردین و وەكو بەڵگەنامەی مێژوویی دەیدەین بەدەستەوە.
رۆژێكیان خوالێخۆشبێت فوئاد ئەحمەد هات ماچی كردم و گوتی ئەوە چ ئاگرێكت كردۆتەوە
عەلی مەردان خۆی بەتەنیا قوتابخانەیەكی هونەری بەرز بوو و خەلیل وەندی خۆی لەنێو ئەو قوتابخانەیە دۆزیوەتەو و یەكێكیش بووە لەقوتابییەكانی، بۆیە خوێندنەوەی خۆی بۆی هەیە كە چۆن بووە و چۆن خۆی تێدا دۆزیوەتەوە، سەبارەت بەم باسە و ئێستای هونەری كوردی هونەرمەند خەلیل وەندی دەڵێ: ئەو پیاوە كوردپەروەرێكی وابوو باسی ئاو خواردنێكی بكردایە حەزت دەكرد گوێی لێی بگری، ئەمە جگە لەشیوەن و شادی لەگەڵ هەموو كەسێك بەشدار بوو، بۆیە هەمیشە دژایەتیان دەكرد. جارێك گوتی ئەم زامە خۆشە بێتەوە، بەڵام زامی ئەم كەسانە خۆش نابێتەوە، خەلیل وەندی هەر دەربارەی عەلی مەردان پێیوایە هەر گۆرانیبێژێك ئەمڕۆ لەسەرەتای ڕێگا دەبێ لاسایی یەكێك بكاتەوە بەدڵی بێت، لەسەردەمی ئێمەش عەلی مەردان دەنگی دابۆوە من لەنێوان عەلی مەردان و حوسێن عەلی و خالقی ون ببوم ئیتر كەوتمە شوێن ئەوانەوە و بووم بەگۆرانیبێژ. كاریگەری ئەوان بەسەر منەوە هەیە، باوەڕم نەدەكرد ڕۆژێك لەرۆژان ببمە گۆرانیبێژ، عەلی مەردان بانگی كردم بۆ ئێستگە و ئاوازی دانا بۆ شیعرێكی ئیبراهیم ئەحمەد بەناوی (خۆشەویستەكەم)، گوتم مامۆستا باتۆزێك دەستكاری بكەین ڕازی بوو، بەڵام تا شەش مانگ نەیهێشت تۆماری بكەم دەیگوت پێویستە تۆ سەرەتایەكی بەهێزت هەبێ، بۆیە ڕۆژانە لەگەڵی بووم سەرەتا وام دەزانی دژیایەتیم دەكات دواتر زانیم بۆ بەرژەوەندی من دوایخستووە، پێی گوتم دەبێ بەشێوازێكی تایبەت تۆماری بكەی لەساڵی 1971 گۆرانی (خۆشەویستەكەم) لەبەغدا تۆماركرا، ئاگام لەكوردستان نەبوو ئەو كات هونەرمەندان وەك تەحسین تەها و محەمەد عارف جەزراوی دەهاتن بۆ ئەوێ و تەنیا كەناڵی كەركوك بوو، رۆژێكیان خوالێخۆشبێت فوئاد ئەحمەد هات ماچی كردم و گوتی ئەوە چ ئاگرێكت كردۆتەوە.
مامۆستا عەلی مەردان دەیگوت پشتم بەتۆ قایمە
هونەرمەند بەر لەوەی گۆرانییەك تۆمار بكات و سەركەوتوو بێت، بێگومان جیاوازە لەكەسێكی ئاسایی بەر لەوەی خەڵك بیناسێت و ناوبانگ دەربكات، بەهەمان شێوە خەلیل وەندی پێش گۆرانی (خۆشەویستەكەم) جیاواز بووە لەگەڵ خەلیل وەندی دوای (خۆشەویستەكەم)، بۆیە هەر خۆی ئەم جیاوازییە بەو شێوەیە وەسف دەكات: مامۆستا عەلی مەردان دەیگوت پشتم بەتۆ قایمە، چونكە حوسێن عەلی نابینایە مەبەستی ئەوە بوو كە نەخوێندەوارە، ئەو نازم نەعیم هەبوو ئاوازی بۆ نازم غەزالی و عەفیفە ئەسكەندەر دانابوو دوای بڵاوبوونەوەی گۆرانی (خۆشەویستەكەم) هاتە لام و گوتی بۆ نایەی گۆرانی بەعەرەبی بڵێی و ببین بەشەریك و پێكەوە قازانجێكی ماددی زۆر دەكەین، منیش لە عەلی مەردانم پرسی گوتی یەكەمین دوژمنی كوردە دژایەتی من و هەموو شتێكی كوردی دەكات، مامۆستا ئەنوەر قەرەداغیش گوتی تۆ بەكوردی دەستت پێكردووە هەر بەكوردیش بەردەوام بە، هەروەها ویژدانیشم ڕێگای نەدەدا بەزمانی تر گۆرانی بڵێم .
هەروەها بۆ كوڕێكی لادێیی و جووتیار كە دەهات بۆ شار سەعاتێك بەپێ دەڕۆیشت و كوڕە شوانێك كە مەڕو ماڵاتی بردووە بۆلەوەڕ بێگومان ڕەنگدانەوەی ئەو گۆرانییە زۆر زۆرە، چونكە هەستم كرد كە منیش كەسێكم لەو كۆمەڵگایەدا شوێن پێم دیارە و دەتوانم بەجۆرێك لەجۆرەكان خزمەت بكەم، هەروەها بۆ من زۆر بوو كە لەناو خەڵكدا بناسرێم و ناوبانگ دەركەم.
پێش ئەوەی مارەی ببڕم یەكەم پانتۆڵم بەدەستی خۆم بۆ دایكی ئاسۆ دووری، تەنانەت پرچیشی خۆم چاكم كردووە
زۆر لەهونەرمەندان بەشێك لەگۆرانییەكانیان گوزارشت لەواقعی ژیانیان دەكات، بۆیە بەخۆشەویستی ژیانی هاوسەری پێكدەهێنن، هونەرمەند خەلیل وەندی لەم بارەیەوە درێژە بەوتەكانی دەدات و (بەپێكەنینەوە) دەڵێ: دایكی ئاسۆ(واتە هاوسەری) یەك گونیە نامەی سووتاند كە بۆ من هاتبوون، چونكە خەلیل وەندی گەنجێك بوو حەزی لەكەشخایەتی بوو زۆر جار لەگەڵ باوكیشی بەشەڕ هاتووە لەسەر كڕینی جلوبەرگ، زۆر جار لەبۆنەكانیشی دەیان گوت گۆرانیمان بۆبڵی، چونكە دەیانزانی سەرەتایەكەم هەیە لەبواری گۆرانی.
دایكی ئاسۆ كچی ماممە 11 ساڵ لەخۆم منداڵترە لەهەمان خانوو بەیەكەوە دەژیاین و دوای چوونم بۆ زانكۆ ژیانی هاوسەریمان پێكهێنا، بێگومان خۆشەویستییەك هەبوو لەنێوانمان، چونكە ئەگەر خۆشەویستی نەبێت پیاو ناتوانێ بڕیاری ئەو پرۆسەیە بەئاسانی بدات، كچان نامە و وێنەیان بۆدەناردم كچێك لەیەكێك لەنامەكانی نووسی بووی ئەگەر دەزانی كچی كێم خۆت دێی كە دیار بوو هەرزەكار بوو و بەتەعبیری خۆی نووسی بووی یەكێكی تر وێنەیەكی ناردبوو، بەڵام كچێكی سلێمانی بەرامبەر ماڵمان بووە خەریك بوو ئەو بێنم پێش دایكی ئاسۆ، كاتێك لەبەغدا بووم لەعەمارەیەك دادەنیشتین هەموو عەرەب بوون و كوردی كەم لێ بوو، لەئێستگەی كوردی گۆرانی منیان لێ دەدا، منیش بەرگدووریم دەزانی و پێش ئەوەی مارەی ببڕم یەكەم پانتۆڵم بەدەستی خۆم بۆدایكی ئاسۆ دووری، تەنانەت پرچیشی خۆم چاكم كردووە، ئەویش لەدوایی خۆی هاوڕێكانیشی دەهێنا دەبوایە بۆ ئەوانیش بدوورم، كچی كۆلێژیشم دەبردەوە بۆماڵەوەو دەهاتن بۆلای دایكی ئاسۆ لەماڵەوەو شتیان بۆدەهێنا، دوو كچی بەشی ئینگلیزی یەكیان دەیوت هەر دەبێ بێی بۆ ماڵمان لەسلێمانی، منیش بەگاڵتە دەموت باوكت تۆم دەداتێ، بەڵام من تۆم ناوێ.
(خۆشەویستەكەم) زۆر كەس دوای من دووبارە وتویانەتەوە، لەسەر ڕێچكەی من نەڕۆیشتوونە، چونكە ئەوان زیاتر بردوویانەتەوە بۆ فارسی
ڕەنگە هەندێك لەهونەرمەندە كۆنەكان گلەیی ئەوە لەهونەرمەندە گەنجەكان بكەن كە وەك پێویست هەوڵی پاراستنی ڕەسەنایەتی هونەری كوردی نادەن و ئەوانی پێش خۆیان بیر چۆتەوە، مامۆستا و هونەرمەند خەلیل وەندی ئایا لەگەنجەكان لەكێ ڕازییە پێیوایە كە پێویستە هونەرمەند هونەری نەتەوەكەی خۆی بناسێ گوتی: بەداخەوە بە هونەرمەندێك دەڵێی فڵانە گۆرانی هی كێیە نازانی، لێرە ڕۆشنبیری دەوری هەیە ئەو گۆرانیەی كە لەساڵی 1971 تۆمارم كردووە (خۆشەویستەكەم) زۆر كەس دوای من دووبارە بەشێوازێكی نوێ و جیاواز وتویانەتەوە لەسەر ڕێچكەی من نەڕۆیشتوونە، چونكە ئەوان زیاتر بردوویانەتەوە بۆ فارسی، ڕەنگە هەندێ تەگەرە هەبێ وەكو دەنگ و نەگەنە ئەو تۆنانەی كە خەلیل وەندی گوتویەتی، بۆیە كەم كەس هەیە بتوانێت بەتۆنی ئێمە بەهەمان شێوە پێشكەشی بكاتەوە.
سەبارەت بەكاری نوێی و دووبارە وتنەوەی گۆرانی هونەرمەندان خەلیل وەندی دەڵێ: هەر وەك ئاماژەم پێكرد دامناوە ئەو شەش مەقامە بكەمە سیدیەك و ئەگەریش كرا بەكلیپ بڵاویان دەكەمەوە، دامناوە مەقامە كوردیە ڕەسەنەكان وەكو ئای ئای، ئەڵوەن، الله وەیسی و حەیران و قەتارو خاوكەرەو خورشیدیە و هەتا هۆرەش بەشیعری هەورامی بۆ ئەوەی جیاوازی بكەین دامناوە بەسۆرانی نوێیان بكەمەوە تاكو لای گەنجانیش وەربگیرێ.
دەمەوێ لێرە ئاماژە بەوە بكەم هەتا خەلیل وەندی (بۆبۆ)ی نەگوت كەس نەیگوتووە عەلی مەردان گوتویەتی، بەڵام بەشێوەیەكی تر، (خۆشەویستەكەم) چەند كەس دوایی من گوتویەتیەوە یان(شەوچرای دیوەخانمی گوڵ وەنەوشەی باخانمی)، هەرچیەك بكەی تامی ئەو كەسەیە نادات كەیەكەم جار گوتویەتی بۆیە گوتومە ئەگەر فریای هونەری كوردی نەكەوین دەكەوێتە ژێر خاكەوە.
