ئەپڵیکەیشنەکان و گەشەپێدانیان

ئەپڵیکەیشنەکان و گەشەپێدانیان
لە دونیای ئەمڕۆدا بەکارهێنانی کۆمپیوتەر و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و خەریکە چوونەتە ناو وورد و درشتی ژیانمانەوە. کۆمپیوتەرەکان بوونەتە پێویستییەکی گرنگی ژیانی ڕۆژانەمان، هەر لە یاریکردن و بەسەربردنی کاتەکانەوە تاکو بەڕێوەبردنی بزنس و کارەکانمان، تاوەکو پەیوەندییە تایبەت و کەسییەکانمان.

زۆربەی کارەکان لە ڕێگەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان جێبەجێ دەکرێن و بەشێوازێکی ڕێکخراوو وورد بەڕێوەدەچن. خاوەن کارەکان لە ڕێگەی بەرنامەکان و ئەپی مۆبایلەکانەوە پەیوەندی لەگەڵ بەکارهێنەر و کڕیارەکانیان دەبەستن و ئەمەش ئەوەندەی تر گرنگی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی زیاتر کردووە. لەبەر ئەوە هەبوونی تێگەیشتنێک لە بەرنامە کۆمپیوتەرییەکان هەرچەندە سادەش بێت پێویستە بۆ ئەوەی کە توشی سەرلێشێوان نەبین.

جۆرەکانی بەرنامە

بەرنامەکان دەکرێت بە چەندین شێواز دابەش بکرێن، بۆ نموونە ئەو بەرنامانەی کە بەکارهێنەرێکی ئاسایی دەتوانێت ڕاستەخۆ بەکاریان بهێنێت و سوودیان لێ وەربگرێت یاخود ئەو بەرنامانەی کە لە پشتەوە کاردەکەن و بەدەگمەن بەکارهێنەر هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا دەکات.

هەروەها بەرنامەکانی مۆبایل یان ئەپەکان جیاوازن لە بەرنامە تەواوەتییەکان کە ئەو بەرنامانەن بۆ کۆمپیوتەرەکان دروست دەکرێن. ئەمەش سەرەڕای جیاوازی لە نێوان سیستمەکانی وەکو ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز کە هەریەکەیان بەرهەمی کۆمپانیایەکی جیاوازن و بەرنامەی تایبەتی خۆیان هەیە.

شێوازێکی دیکەی بەرنامە هەیە کە پێی دەوترێت وێب ئاپ یان ئەو بەرنامانەی کە لەسەر هەموو ئامێرەکان کاردەکەن بەو مەرجەی کە پەیوەست بن بە ئینتەرنێتەوە. وەکو لە ناوەکەشیەوە دیارە ئەم بەرنامانە پشت بە وێب یان ئینتەرنێت دەبەستن و لەسەر براوزەرەکانی وەکو گوگڵ کرۆم، مایکرۆسۆفت ئێج، یان سەفاری کاردەکەن.

سەرچاوە :ئاڤێستاگروپ
Top