ئاگادار بن ته‌له‌ڤزیۆنه‌كان سیخوڕی ده‌كه‌ن
هه‌تا جیهانی ته‌كنه‌لۆژیا پێشبكه‌وێت، ئه‌منییه‌ت له گشت بواره‌كاندا كه‌متر ده‌بێت هه‌رچه‌نده پێچه‌وانه‌كه‌شی ده‌گوترێت، به‌ڵام ئایا كامه بۆچوون راسته. با چه‌ند نموونه‌یه‌ك بهێنینه‌وه، ئه‌گه‌ر پێشووتر نامه‌ت به پۆسته‌دا بۆ شوێنێك ناردبا ته‌نیا گومانت له خودی پۆسته ده‌بوو، ئێستا كه ئیمێله‌كه‌ت ده‌كرێته‌وه و پاسۆرده‌كه‌ت ئاشكرا ده‌بێت گومان بۆ هه‌موو كه‌س ده‌كه‌ی ناسراو و نه‌ناسراو. پێشووتر به‌رامبه‌ره‌كه‌ت كه به چاویلكه‌وه سه‌یری ده‌كردی ده‌تزانی چاویلكه‌كه‌ی ته‌نیا بۆ پاراستنی چاویه‌تی، ئێستا ده‌كرێت چاویلكه‌كه‌ی بۆ سیخوڕی و فیلم هه‌ڵگرتنه‌وه‌ش به‌كار بێنێت! نوێترین نموونه ته‌له‌ڤزیۆنه كه‌س بیری نه‌ده‌كرده‌وه كه رۆژێك بێت سرت و خورتی ناو ماڵه‌وه‌ت كێشه‌كانی ناو خێزانه‌كه‌ت ته‌له‌ڤزیۆنی ماڵه‌وه‌ت بۆ ده‌ره‌وه‌ی بگوازێته‌وه، به‌ڵام ئێستا زۆر دڵنیا نه‌بن. ته‌له‌ڤزیۆنه سمارته‌كان كه جگه له ئه‌ركی نیشاندانی كه‌ناڵه‌كان كامێرا و هێڵی ئه‌نته‌رنێتیشیان له‌سه‌ره ده‌توانن بۆ سیخوڕی به‌كار بهێنرێن. ده‌كرێت یه‌كێك له‌و سه‌ری دونیاوه كامێرای ته‌له‌ڤزیۆنی ماڵه‌وه‌ت هاك بكات و گوێ له سرت و خورتت بگرێت و ناو ماڵه‌كه‌ت به جوانی ببینێت. بۆیه ده‌ڵێین ته‌كنه‌لۆژیا هه‌مووی هه‌ر سوود گه‌یاندن نییه.
