سینەمایەك لە چاویلكەدایە
چەند ساڵێك لەمەوبەر گوگڵ چاویلكەی هۆشمەندی بەرهەم هێنا كە هەم دەكرێت بەهۆیەوە سەیری ئیمێلەكەت بكەی و هەم سەر لە سایتەكان بدەی و فیلمێكیش سەیر بكەی! كۆمپانیای سۆنیش هەوڵیداوە سینەمایەكی چاویلكەی بەرهەم بێنێ، چاویلكەی جۆری HMZ-T3W ئامێرێكە كە وەك نیمچە كڵاوێك یان وەك چاویلكەیەك لەسەردەخرێ، بەهۆیەوە وێنەی سەر شاشەی ئامێرەكە بە 150 ئینجی دەبینی، واتە وەك ئەوەی لە دیواری سینەما سەیری فیلم بكەی. نەك تەنیا نیشاندانەكەی بەڵكو كوالیتی دەنگەكەشی وەك سینەمایە، لەهەمووی گرنگتر شاشەكەی نیشاندانی جۆری 3D واتە سێ رەهەندییە.
ئامێرەكە لەراستیدا لە دوو شاشەی بچووك پێكەاتووە، كە هەركامیان تایبەت بە چاوێلكە و دوو دوگمەش هەیە بۆ فۆكس كردنی هەركام لە شاشەكان. تەنانەت ئەگەر ئەو فیلمەی سەیریشی دەكەی سێ رەهەندیش نەبێت ئامێرەكە بەشێوەیەكی هۆشمەندانە وێنەكە دەكات بە سێ رەهەندی. چاویلكە سینەمایەكە تەنیا بۆ سەیركردنی فیلم نییە، بەڵكو دەكرێت یاریی ئەلكترۆنیشی لەسەر بكەی. بۆ نموونە دەكرێت بە سوود وەرگرتن لە مۆبایلێكی سمارت و گەیمپەدێك، ئەو گەمانەی لەسەر مۆبایلەكەن لەسەر چاویلكەكە بیانبینی و ئەنجامیان بدەی.
