ساڵانە پیشانگای ئەلكترۆنیی CES
هەموو ساڵێك لە مانگی یەكی ساڵی نوێدا، پیشانگایەكی مەزنی نوێترین ئامێرەكانی ئەلكترۆنی و دیجیتالی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە شاری لاس ڤیگاس بەڕێوە دەچێت، ئەم ساڵیش پیشانگاكە لە 7ی مانگ هەتا 10 مانگ بەڕێوەچوو، بۆ یەكەم جار و یەكەم پیشانگای ساڵانەی كەلوپەلی ئەلكترۆنی CES لە ساڵی 1967 لە شاری نیویۆرك بەڕێوەچوو، كە تەنیا 14 كۆمپانیا بەشداریان تێدا كردبوو. بەڵام لە پیشانگای ساڵانەی CESی 2014 دا 150 هەزار كەس ئامادەی كردنەوەی پیشانگاكە بوون كە 3200 هەزاركەسیان ئەندامی كۆمپانیاكانی بەشداربوو بوون. زیاتر لە 150 وڵات لەم پیشانگایەدا بەشدار بوون و 20 هەزار بەرهەمی نوێی ئامێری دیجیتاڵی و ئەلكترۆنی نیشاندرا.
ئەمساڵ نوێترین تەلەڤزیۆن كە بە تەلەڤزیۆنی 4K ناسراون نیشاندران هەروەها ئەو تەلەڤزیۆنە سێ رەهەندییانەی كە بۆ سەیركردن پێویستیان بە چاویلكە نییە، جگە لە تەكنەلۆژیای نوێی پرینتەری سێ رەهەندی، نوێترین كاتژمێری هۆشمەند و چاویلكەی دیجیتالی سمارت، مۆبایلی سەرنجڕاكێش..تاد. ئەو بەرهەمانەی نیشان دەدرێن زۆریان ناكەونە بازاڕ و تەنیا بۆ نیشاندانن، بۆ ئەوەی كە بزانرێت ئایا جیهان تا چ رادەیەك پێشوازی لەو تەكنەلۆژییە نوێیانە دەكات. لێرەدا وەك فایلی ئایتی گوڵان هەر جارە و بەپێی پێویست نوێترین ئەو بەرهەمانەی كە لە پیشانگای ساڵانەی CES2014دا نیشاندران، دەخەینە ڕوو و بە كورتی باسی دەكەین.
