مۆبایلیش هاردیسكی خۆی هەیە
پێدەچێت مۆبایلەكان رۆژ بەرۆژ لەگەڵ سنوور و مەودای خۆیان لە كۆمپیوتەر و لاپتۆپ نزیك بكەنەوە، ئێستا دەكرێت بڵێین زۆربەی ئەو تایبەتمەندییانەی لە كۆمپیوتەرێكدا هەیە لە مۆبایلێكی هۆشمەندیشدا دەبیندرێت.
لەم رۆژانەدا هاردیسكێكی 500 گیگابایتی تایبەت بە مۆبایل لەلایەن كۆمپانیای Seagate بەرهەم هات و كەوتە بازاڕەوە، هاردیسكی جۆری Ultra mobile HDD بۆ تەبلێت و مۆبایلەكان دەگونجێت، ئەم هارددیسكە بارستاییەكەی تەنیا 5 ملمە و تەنانەت تەنكترە لە تەنكترین تەبلێتەكان.
هارددیسكی Ultra دژە بەركەوتنە و سیستەمێكی تایبەتی تێدایە كە ئەگەر لەناكاو كەوتە خوارەوە دەستبەجێ بكوژێتەوە یان ئەوكاتەی كە تووشی گەرمییەكی نائاسایی دەبێت دەكوژێتەوە. جگە لەوە پرۆگرامێكی تایبەتی تێدایە كە وزەی پێویست بۆ هارددیسكەكە كۆنترۆڵ دەكات. كێشی هاردەكە تەنیا 85 گرامە، پێدەچێت ئەم هاردە سەرەتایەك بێت بۆ بەرهەم هاتنی هاردی بچووك و قەوارە مەزن كە بۆ مۆبایل و لاپتۆپ و گشت ئامێرە دیجیتالییەكان بگونجێت.
