گەجێتێك مۆبایلەكەت دەكاتە هەستیار بە پەنجەمۆر
پەنجەمۆر شێوازێكی گرنگ و ئەمنییەتییە بۆ هەڵگرتن و پاراستنی شتە گرانبەهاكان، رەنگە باش بزانن پەنجەمۆری هیچ كەسێك لە هی كەسێكی دیكە ناچێت، ئەوەش وایكردووە كە ئامێرەكانی داهاتوو هەستیار بكرێن بە پەنجەمۆر بۆ ئەوەی كە لەكاتی ونبوون یان دزرانیاندا جگە لەخاوەنەكەی كەسی دیكە نەیكاتەوە. مۆبایلە هۆشمەندەكان بەهۆی بچووكیان و زۆرلەبەردەستدابوونیان زووتر ون دەبن، بۆیە كۆمپانیایەكی هۆنگ كۆنگی ئامێرێكی بەناوی FingerQ بەرهەم هێناوە كە گشت مۆبایلێكی ئەندرۆیدی دەكاتە هەستیار بە پەنجەمۆر. ئامێرێكە لە راستیدا كەوەرێكی مۆبایلە، هەر ئێستا كەوەری ناوبراو بۆ مۆبایلەكانی گەلەكەسی و نۆت2 و ئیچ تی سی بەرەەم هاتووە. گەر مۆبایلەكەت لێ دزرا یان ون بوو، بە دەرهێنانی كەورەكە گشت وێنە و ڤیدیۆییەكانی سەر مۆبایلەكە دەسڕدرێنەوە.
