سایتێك بۆ فێربوونی هـونەری نیگاركێشان

سایتێك بۆ فێربوونی هـونەری نیگاركێشان
ڕەنگە لە داهاتوویەكی زۆر نزیكدا ئەنتەرنێت شوێنی قوتابخانە و زانكۆ و شوێنە ڕاهێنان و فێركارییە مەزنەكانیش بگرێتەوە، ئیدی پێویست نەكات كەسێك كە هەوڵبدات بۆ فێربوونی هونەرێك یان پیشەییەك بچێتە شوێنێكی تایبەت بەم پیشەیە یان ئەم هونەرە، بەڵكو دەكرێت لە سایتێكی ئەنتەرنێتدا كە بۆ ئەم مەبەستە دیاریكراوە بە ئاسانترین شێوە و بەبێ ماندووبوون و تێچوونی ماددی تەنیا بە هەوڵی خۆی فێری ببێت.
گەلێك سایت هەن كە ئەركیان فێركارییە، جا فێركاری لە هەر مەبەستێكدابێت، بۆ نموونە سایتی http://www.johnlovett.com كە هی هونەرمەندێكی ئوسترالییە بەناوی جان لوتە، لەم سایتەدا هونەرمەندی ناوبراو ئەوپەڕی هەوڵیداوە بە زمانێكی سادە و ئاسان هونەری نیگاركێشان بە ئاوڕەنگ فێری فێرخوازانی نیگاركێشی بكات، لە سایتەكەدا لە چۆنییەتی تێكەڵكردنی ڕەنگەكان تاكو چۆنییەتی بەدەستەوە گرتنی قەڵەمی ئاوڕەنگ و قۆناغە سەرەتاییەكانی فێربوونی ئەو هونەرە بەباشی باسكراوە. تەنانەت بۆ كەسێك ئارەزووی فێربوونی هونەری نیگاركێشانی هەبێت، هەنگاو بە هەنگاو فێربوونی ئەو هونەرەی تێدایە. دیزاینی سایتەكە زۆر سادەیە تەنانەت بۆ ئەوانەی كە هیچ لە ئینتەرنێتیش شارەزا نین بە ئاسانی دەتوانن سوودی لێوەربگرن. لە بەشی سەرەوەی سایتەكەدا دەتوانی فەرمانی گالێری هەڵبژێری و بچیە ناو گالێری هونەرمەندەكە بۆ ئەوەی كە نیگارە ئاوڕەنگییەكانی كە لە پیشانگاكانی خۆی گرتوویەتی ببینی. ئەگەر تۆ یەكێكی لە ئارەزوومەندانی فێربوونی نیگاركێشان دەتوانی سەر لەم سایتە بدەی.
Top