ئەو كەسەی كە وەك یەكەمین فەیلەسووف ناویمان بەرگوێ دەكەوێت، (تالیس)ـە و خەڵكی (كۆلۆنی میلیت)ی یۆنانە، ناوچەیەكە كە دەكەوێتە ئاسیای بچووك، تالیس گەشتی زۆری بە دەوری جیهاندا كردووە، هەر بۆیە لەو بڕوایەدا بوو «ئاو» سەرچاوەی هەموو شتێك بێت، بەڵام بە تەواوەتی نازاندرێت مەبەستی لەو قسەیە چی بووە؟ رەنگە مەبەستی ئەوە بووبێت كە هەموو ژیان لە ناو ئاودا دروست دەبێت و دیسانەوەش لە كاتی فەوتاندا دەبێتەوە بە ئاو. ئەو فەیلەسووفە لە كاتی گەشتەكانیدا لە وڵاتی میسر سەرەنجی لە كێڵگەكان داوە و ناوچە وشكەكانی دەلتای نیلی بینیوە، كە لە پاش باران گژەگیای تێدا سەوز بووە، لەوانەشە لە هەندێك جێگادا سەرهەڵدانی كرم و بۆقی بینیبێت، یان بیری لەوە كردۆتەوە كە ئاو دەبێتە سەهۆڵ و هەڵم و سەر لە نوێ دەبێتەوە بە ئاو. بەدەر لەمەش تالیس دەیگوت « هەموو شتێك پڕە لە خودا « دیسانەوە لێرەشدا رەنگە خاكی ڕەشی وەك سەرچاوەی هەموو شتێك بیبینێت، یان گوڵ و دانەوێلە تەنانەت مێشوولە و سیسركی بینینێت و ئەندێشەی چووبێتە سەر زەوی، پێدەچێت بە بڕوای ئەو زەوی پڕبووبێت لە «تۆوی ژیان» ی بچكۆڵە و نەبینراو.