خشڵەكان زۆربەیان بۆ جوانی بەكاردەهێندرێن، هەروەها بەشێكی زۆریان لە چەندین ماددەی جۆراوجۆر دروستكراون، بۆیە دەبێ هۆشیار بیت لە بەكارهێنانی ئێكسسوارەكانت، خشڵ و ئێكسسوارەكان لای ئافرەتان جێگەی بایەخن، هەر ئافرەتێك كۆمەڵێك خشڵ و ئێكسسواری جۆراوجۆری هەیە، كە بەشێكیان بۆ بۆنە و یاد و هەندێكی دیكەش بۆ ماڵ و دەرەوە و زانكۆ دەیپۆشن، بەشێكی زۆری ئافرەتان ئێكسسواریان هەیە، كە هەندێكیان لە دڵیان هێندە جوانە بۆ ماوەیەكی زۆر لە مل و دەستیاندا دەیهێڵنەوە، ئەو خشڵ و ئێكسسوارانەی لە ئاسن و مس و كەرەستەی سادە دروست دەكرێن، هەندێ جار دەبنە مایەی دەركەوتنی هەستەوەری و سوورهەڵگەڕان و سووربوونەوەی پێست، هەروەها حاڵەتیش هەیە كە دەبێتە هۆی دەركەوتنی نەخۆشییەكانی پێست، بەتایبەت ئەو ئێكسسوارانەی كە دەچنە نێو پێست وەك: گوارە، خەزێم، بەشێكی دیكەشیان رووی پێست دەگرن، وەك: ئەڵقەو ئەنگوستیلە، كە بۆشایی نێوانیان نامێنێتەوە، بەم چەشنە رێگە بە هەوا نادات كە بچێتە نێوان پیست و ئەو ئیكسسوارانە هەر بۆیە هەستەوەری درووست دەكەن. چارەسەری ئەو گرفتە بریتییە لە: ماوە ماوە داكەندنی خشڵ و ئێكسسوارەكان، بەتایبەت لە شەو و كاتی خەوتندا، هەروەها كاتێك هەستت كرد یەكێك لە ئێكسسوارەكانت دەبێتە مایەی سوورهەڵگەڕان و هەستەوەری، پێویستە بیگۆڕیت، یان نەیپۆشیت.