باڵندەكان، بەشێكن لە سرووشت، وێڕای ئەوەی هەر یەكێك ئەرك و كارێك لە سرووشتدا دەگرێتە ئەستۆ، هەروەها دیمەنێكی جوان و جێی سەرنجی مرۆڤن، كاتێك گوێت لە دەنگ و شەقەی باڵەكانیان دەبێت، هەستێكی خۆشت پێدەدات، لە كوردستاندا هەزاران جۆر باڵندەی كێوی و خۆماڵی هەن، بەشێكیان بۆ جوانی و زینە بەكاردەهێنرێن و بەشێكی دیكەیان وەك ژەمە خۆراك گۆشتەكانیان نۆش دەكرێن، وێڕای ئەوەی رێكخراوی (سرووشتی كوردستان) هەیە، كە داكۆكی و پارێزگاری لە باڵندە كێوی و خۆماڵییەكان دەكات، هەروەها مرۆڤی بە ئەمەك و دڵ بە سۆزیش هەن، كە لە رووی پێدانی دان و دانەوێلە و خۆراك لە شوێنی نیشتەجێ و مانەوە یارمەتی باڵندەكان دەدەن، دواجار رێكخراوی سرووشتی كوردستان كە چەندین بەشە، وەك ئەركێكی مرۆڤایەتی و پارێزگاری لە مانەوەی باڵندەكان دانەوێڵەی لە دەشت و دەر بۆ داناون، لەلایەكی دیكەوە چەندین خێرومەند هەن كە رۆژانە باڵندە راوكراوەكان ئازاد دەكەن، تا نەبنە خۆراكی مرۆڤ و بگەڕێننەوە سرووشتی خۆیان، یەكێك لەوانە ناوی (عەلی رەشوێلەیە)، كە رۆژانە زیاتر لە (500) رەیشۆڵە ئازاد دەكات، رەشوێلەكانی لە نێو قەفەزێكدا داناوە لەلایەن كارمەندەكانیەوە بە نێو شۆست و شەقامەكاندا دەگەڕێن، هەر كەسێكیش بیەوێ كاری خێر بكات، بڕە پارەیەك بەو كەسانە دەدات و لە بەرچاوییەوە باڵندەكان ئازاد دەكەن، ئەو باڵندانەی لە كوردستان هەن بریتین لە: بولبول، قەتێ، كەو، پۆڕ، رەشوێلە، سوێسكە، كۆكتێل، خورماخۆرە، خەندوور (تەفرە رەنگ)، باڵندەی خۆشەویستی، كۆتر، و بازو...هتد، هەموو ئەوانە لە سرووشتی كوردستان و مەیدانەكانی باڵندەفرۆشان دەست دەكەون، بە تایبەت لە رۆژانی هەینیدا كە مەیدانی باڵندەكان جمەیان دێ لە خەڵك و باڵندەی هەمە جۆر، هەندێ جاریش نرخی ئەو باڵندانە دەگاتە زیاتر لە (5) هەزار دۆلار، ئەو كار و پیشە وەك كلتوورێكی لێهاتووە كە كڕیاران و فرۆشیارانی باڵندەكان بۆ دەستكەوتنی جوانترین و ناوازەترین باڵندەكان رۆژانی خۆیان بەڕێ دەكەن.