فیستیڤاڵ و بۆنەكانی وەرزی بەهار لە كوردستان و جیهان

فیستیڤاڵ و بۆنەكانی وەرزی بەهار لە كوردستان و جیهان
بە بۆنەی هاتنی وەرزی بەهارەوە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا فیستیڤاڵ و كەرنەڤاڵی هەمەچەشن رێكدەخرێت، لە كوردستانیش بە درێژایی چەند رۆژی رابردوو زنجیرەیەك فیستیڤاڵ و ئاهەنگ و بۆنەی جۆراوجۆر سازكران، لەوانە: فیستیڤاڵی گوڵ و گوڵزار لە بەردەم پاركی شانەدەری هەولێر، ئاهەنگی گۆرانی و شایی كوردی لە باغی شار لە بەردەم قەڵا، كردنەوەی مەشخەڵی نەورۆز لە زۆربەی شارەكانی كوردستان، یارییە ئاگرینە نایابەكانی رۆژی (20/3) كە ئاسمانی شار و شارۆچكەكانی كوردستانی رازاندەوە، هەروەها كردنەوەی مەشخەڵی ئاگر و سەركەوتن بەسەر چیا لە ئاكرێ و كردنەوەی پیشانگای جۆراوجۆر بە بۆنەی یادەكانی ئازار و نەورۆز، وێڕای دەرچوونی خەڵك بۆ گەشت و سەیران لە دەشت و دەر و چیا و كێوە بەرز و دڵڕفێنەكانی كوردستان، لە وڵاتی ئیسپانیاش سەیرترین فیستیڤاڵی خۆیان ئەنجامدا، فیستیڤاڵەكەی ئەوان بە ناوی (ئەنترۆدیۆ) بوو، كە لە ناوچەی (ڤیانا دۆپۆلۆ) لە شاری گالاسیان لە باكووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو، لە فیستیڤاڵەكەدا سەیرترین دیمەن تۆماركران كە بریتی بوون لە: پێویستە خەڵكی ئەو ناوچەیە ماسك بپۆشن تا كەسانی دیكە نەیانناسنەوە، بەڵام ماسك بۆ گەشتیاران ئارەزوومەندانە بوو كە ماسك بپۆشن یان نا، تەپڵ لێدەرانی فیستیڤاڵەكە تا خوێن لە دەستیان نەیەت، نابێ لە تەپڵ لێدان بوەستن، خۆراك و خواردن بە خۆڕاییە، رەنگكردنی خانوو و باڵەخانەكان وەك ئەركێك بە خەڵكی ناوچەكە دەسپێردرێت، هەروەها زۆربەی خەڵك لەو رۆژەدا بۆ رێنمایی و یارمەتیدانی گەشتیاران زەنگوڵێكیان بە دەستەوەیە. فیستیڤاڵی (نیس) لە وڵاتی فەڕەنسا كە زۆربەی سەمای كولتووری لەخۆ گرتبوو، فیستیڤاڵی (ڤینیس) لە ئیتاڵیا كە بە بەلەم بەڕێوەچوو، فیستیڤاڵی لۆسێرن لە سویسرا، كە رازاندنەوەی باڵەخانە كۆنەكانی لەخۆ گرتبوو، لە ئۆرۆگوای، كۆمەڵێك بە ناوی (كۆمبارسا) تەنیا گۆرانییان بۆ خەڵك دەگوت، لە بەڕازیل فیستیڤاڵی (بیلۆ هۆریزۆنیتی) هەیە كە یادی خواوەندەكانیان دەكەنەوە، لە بۆلیڤیا، ئافرەتان بە سەما پێشوازی لە خەڵك دەكەن.
Top