دیاكۆ بە دامەزرێنەری دەوڵەتی ماد دادەنریت، كە لە ساڵی(727 پ.ز) ئەو یەكەم پاشای مادەكان بووە، لە نێوان ساڵەكانی (727 تا 675پ.ز) حوكمڕانێتی كردووە. بەپێی سەرچاوەكانی یۆنانی، دیاكۆ پێشتر دادوەری گوندێك بووە و لەبەر دادپەروەری لەلایەن حەوت هۆزی مادەكانەوە بە رابەر دەستنیشان كراوە، دوای حەوت ساڵ رابەری ئەم هۆزانە دیاكۆیان هەڵبژاردووە تا ببێتە پاشای ماد. دیاكۆ، ناوچەی ئەكبەتانە، (هەمەدانی ئێستا)ی هەڵبژارد و پایتەختێكی بۆ دەوڵەتەكەی دامەزراند، پاشان بڕیاری بنیادنانی كۆشكێكی گەورەی دا، لە كتێبی مێژووی هێرۆدۆت دا باسی دیاكۆ و ماد كراوە و ئاماژە بەوە دەكات، كە شارەكە بە حەوت دیوار دەورە دراوە و هەر دیوارێكیش بە رەنگێكی تایبەت رەنگ كراوە. لە ساڵی (715 پ-ز) لەگەڵ رووسا پاشای ئورارتوەكان كە دەكەوتنە كوردستانی باكوور هاوپەیمانێتییەكی بەستووە. لە ترسی ئەم هاوپەیمانێتییە سارگۆنی ئاشووری هێرشی كردۆتە سەر دیاكۆ و بەدیل گرتوویەتی و تا ماوەیەك دوور خراوەتەوە بو سووریا و دواتر ئازاد كراوە و بووەتەوە بە پاشای ماد تا ساڵی (675 پ-ز)، دوای خۆی، كوڕەكەی (فراورتیس) دەسەڵاتی گرتۆتە دەست. دیاكۆ یەكەم پادشای ماد بوو كە دژی ئاشوورییەكان سەربەخۆیی بەدەست هێناوە، مێژوونووسێكی یۆنانی كە لە سەدەی پێنجەمی پێش زایین ژیاوە، دەڵێت: «لەكاتێكدا بێسەروبەری لەناو گەلی ماددا بڵاوە بوو، دیاكۆ پلانی دروستكردنی دەوڵەتێكی یەكگرتووی مادی لە مێشكدا بوو، سەرەتا هەوڵیدا لە گوندەكەی خۆیەوە عەدالەت بەرقەرار بكات، تا ناو و ناوبانگی هەموو مادی گرتەوە، وەك دادوەرێكی بێلایەن كاری دەكرد. گوندەكانی دەوروبەری ناوبانگی دیاكۆیان بیست و بە گەورەی خۆیان هەڵیانبژارد، دیاكۆ بڕیاری وازهێنانی دا. دوای ئەوە تاڵانی و كوشتار سەرزەویی مادی گرتەوە، دواتر گەورەكانی ماد كۆبونەوە و داوایان لە دیاكۆ كرد، كە ببێ بە پاشایان. دیاكۆ هگمتان-ی دیاری كرد بۆ دروستكردنی پایتەختەكەی، كە ئەوكات یۆنانییەكان پێیان وتووە ئەكبەتان بە واتای (شوێنی هەمووان)یان شوێنی كۆبوونەوەی هەمووان. پایتەختەكە شارێكی رازاوە بووە كە بە حەوت دیوار دەورە درابوو، بەهۆی پشكنینە شوێنەوارییەكانەوە دەركەوتووە كە كۆشكێكی گەورە و فراوان بووە و كۆڵانەكانی خشتڕێژكراو بوون، سیستەمێكی پێشكەوتووی ئاودێریشی تێدا هەبووە.