قژ، بەشێكی سەرەكیی جوانیی ئافرەتە، نموونەی درەوشانەوە و رەنگدانەوەی جوانیی روخسارە، كاتێك قژی خانمان ناوازە دەبێ، سەرنجی هەمووان رادەكێشێت، بەتایبەت ئەوانەی قژیان لوولە و شێوەی (كارلی) لە خۆ دەگرێت، ئەو ئارایشت و ستایلە ناسك و جوانە، چەندە گرنگیی زیاتری پێ بدەیت، هێندە جوانتر دەبیت. پسپۆڕی قژ (كەریم زەناتی) دەڵێ: بۆ ئەوەی قژت هەمیشە زیندوو بێت، پێویستە بەردەوام كۆتایی تاڵە مردووەكانی قژت ببڕیت، ئەوەش لە ماوەی دیاریكراودا كە سێ مانگ زیاتر نەبێت. هەروەها هەوڵبدە دوو رۆژ جارێك قژت بشۆیت، كرێم و ماددەكانی زەیتیش بەكاربهێنە بۆ ئەوەی پێستی سەرت سوود لە پشوودان و زەیتەكان ببینێت، لە كاری وشككردنەوە بە مجففە (سیشوار) دوور بكەرەوە، ماددەكانی پرۆتین و بۆتۆكس بۆ قژت بەكارمەهێنە، چونكە كاریگەریی خراپی بۆ قژت هەیە، بەردەوامبە لە گەرماوی زەیتی سرووشتی بۆ قژت، چونكە تاكە رێگەیە كار لە تەڕكردن و دەوڵەمەندكردنی تاڵە مووەكانی قژت دەكات و ناهێڵێت لە وشكبوون و هەڵوەرین نزیك ببنەوە، هەمیشە چاودێریی قژت بكە، بەتایبەت ئەو كاتەی كە بۆنی ناخۆش دەبێت، یان هەست دەكەی دەبێتە تۆپەڵە.