شاژنە (نەفەرتیتی) بە یەكێك لە جوانترین ئافرەتەكانی مێژوو دادەنرێت، ناوە میتانییەكەی «تیدۆخیبا»بوو، ساڵی ١٣٥٠ی پێش زایین شووی بە فیرعەونی میسر كرد و، لەوێ ناونرا (نەفرتیتی)، واتا ئافرەتی جوان. نەفەرتیتی كچی پادشای میتانی بوو لە رۆژئاوای كوردستانەوە چووەتە میسر و شووی بە «ئەخناتون» فیرعەونی میسر كردووە، لەبەر ئەوەی لە نیشتمانی خۆی یەك خودای دەپەرست كە خودای خۆر بوو، كاریگەری لەسەر فیرعەونیش دروست كرد، كە خودای ئاموونی قەدەغە كرد و خودای خۆری كرد بە ئایینی فەرمیی وڵاتی میسر، نەفەرتیتی تا ئێستا گۆڕەكەی نەدۆزراوەتەوە، رەنگە دۆزینەوەی لە داهاتودا ببێتە سەرنجڕاكێشترین روداووی مێژوو. میتانییەكان بە نزیك لە كورد دادەنرێن، لە ساڵی ١٥٠٠ بۆ ١٢٧٥ پ.ز لە رۆژئاوای كوردستان حوكمیان كردووە و بەشێكی زۆر لە باشووری كوردستانیان لە ژێر دەست بووە، كە سنوورەكەی تا ناوچەی كەركووك بووە، پایتەختەكەیان ناوی «واشكۆنیە» بووە، كە دەكەوێتە نزیك سەرێكانی ئێستا، ئەو شاژنە لە سەدەی چوارەمی بەر لە زایین ژیاوە و، پەیكەرێكی هەیە كە تیایدای نیو رووخساری بەدەركەوتووە، تا ئێستاش ئەو پەیكەرە ماوە، لە ساڵی (1912) ئەو نیو پەیكەرە لەلایەن شوێنەوارناسێكی ئەڵمانی بە ناوی (لۆدفیچ بۆرشارت) دۆزراوەتەوە، براوەتە شاری بەرلین، دواتر گەڕێنراوەتەوە بۆ میسر، ئێستا لە مۆزەخانەی میسر دانراوە، نەفرتیتی شەش كچی هەبووە، كە زۆربەیان لە جوانیدا وەك خۆی بێ وینە بوون.