كچە مۆدێل و نمایشكار ئایە ئەلزیدان: پێویسته رۆحی مۆدێل و نمایشكار جوان بێت
February 14, 2019
رەنگا و ڕەنگ
*مەرج و گرنگیی مۆدێل چییە و چۆنە؟
- پێویستە لەشولارێكی جوان و باڵایەكی بهزی ههبێت كە كەمتر نەبێت لە 170 سەنتیمەتر، هەروەها خاوەن كەسایەتی و سەرنجڕاكێش بێت.
*چۆن بیرت لەوە كردەوە كە كاری مۆدێل بكەیت؟
- لە تەمەنی (10) ساڵییەوە بەردەوام سەیری نمایشەكانی جلوبەرگ و فاشیونم دەكرد، هەندێ جاریش لە شێوەی رۆیشتن و هەڵسوكەوت لاسایی ئەوانم دەكردەوە، دوای ئەوەی تەمەنم گەیشتە(17) ساڵ، زۆربەی خەڵك دەیانگوت جوانیت و شێوەت بۆ كاری مۆدێل گونجاوە، بۆچی ئەو كارە ناكەیت؟ وادیارە جوانی و باڵای منیان بۆ كاری مۆدێل پێ باش بووە.
* چالاكییه گرنگهکانت تا ئێستا چی بوون؟
- بەهۆی ئەوەی شاجوانی ساڵی 2017ی شاری هەولێر بووم، سەردانی رێكخراوی مافی مرۆڤم كرد و ئەوان بڕوانامەی مافی مرۆڤیان پێ بەخشیم، هەروەها بەشداریی نمایشی جلوبەرگ و فیستیڤاڵم كردووە و لە چەندین فیلم و زنجیرە دراماشدا بەشداریم كردووە.
* ئایا بیرۆكەی مۆدێل لە وڵاتانی رۆژهەڵات سەركەوتوو دەبێت، وەك ئەوەی لە وڵاتانی ئەوروپا و رۆژئاوادا هەیە؟
- بیرۆكەی مۆدێل لە هەموو وڵاتێك سەردەگرێت، تەنیا پێویستی بە پێشخستن و گرنگیدان و رێزگرتن و زەمینەسازی بۆ ئەو كارە هەیە.
*ئایا جوانی بۆ کاری مۆدێل و نمایشكاری مهرجی سهرهکییه؟
- مەرج نییە مۆدێل و نمایشكار جوان بن، گرنگە رۆحیان جوان بێت، شێوازێكیان هەبێت كە جوانی و كەسایەتییان دەربخات و سەرنجی هەمووان رابكێشێت.
* ئەگەر كاری مۆدێلت نەكردایە، چ كارێكی دیكەت دەكرد؟
- ئەگەر كاری مۆدێلم نەكردایە، حەزم دەكرد كاری دیزاینی دیكۆر بكەم.
