ئەلین محەمەد كچە وێنەكێش و فۆتۆمۆدێل: دەمەوێ كاراكتەرێكی هونەریی نایابم لێدەرچێت

ئەلین محەمەد كچە وێنەكێش و فۆتۆمۆدێل: دەمەوێ كاراكتەرێكی هونەریی نایابم لێدەرچێت
وێنەكانی لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی هەوادار و جەماوەرێكی زۆری هەیە، لە زۆربەی كاری رێكلام و جارجاریش نمایش بەشداری دەكات، روخسارێكی ناسك و چاوێگی گەشی هەیە و بە جوانییەكەی جەماوەرەكەی سەرسام كردووە، ئەلین محەمەد لە دیدارێكیدا لەگەڵ گوڵان بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

* تەمەنت چەندە و چۆن خۆت بۆ شاجوانی كوردستان نەپاڵاوت؟
-ناوم «ئایە»یە و نازناوم «ئەلین»ە و لە دایكبووی 25/11/1997م، لە راستیدا من خوێندم هەیە و حەز ناكەم ساڵێك لێم بفەوتێت، جگە لەوە من ئاگام لێ نەبوو كەی ناونووسین دەستی پێكرابوو بۆ كاندیدانی شاجوانی كوردستان. ئەگینا زۆر كەس پێیان گوتم تا بەشداریی كێبڕكێی شاجوانی كوردستان بكەم.
* لە بواری وێنەكێشاندا دەستی وێنەت هەیە، چۆن ئەو بەهرە و حەزت بۆ دروست بوو؟
- هەر لە تەمەنی بچووكیمدا زۆر حەزم لە وێنەكێشان بووە و هەمیشە وێنەم دەكێشا بۆ مامۆستا و هاوڕێكانم تا وام لێهات بەشداریم دەكرد لە پیشانگا و كێبڕكێی وێنەكێشان و كاری دەستڕەنگینی.
* وێنەكانی خۆت وەك فۆتۆمۆدێل وایە، نیازت وایە پەرە بەو كارە بدەیت؟
- بەڵێ، كە پێشنیاری كارێكم بۆ دێت لە فیلم، یان كلیپ و ریكلام و.. هتد، ئەگەر بۆم گونجاو بوو و بە دڵم بوو، دەیكەم ئیتر لەوانەیە بەپێی كات بوارێكی تایبەت هەڵبژێرم كە زیاتر بۆم گونجاو بێت.
*چیت تەواو كردووە و بڕوانامەی چیت هەیە؟
- بڕوانامەی 12 ئامادەییم هەیە و ئێستا لە زانكۆ دەخوێنم لە قۆناغی دووەمی پەروەردەی هونەرم.
*پڕۆژەی داهاتووت چییە و چیت لەبەردەستە؟ نیازت نییە نمایشێكی وێنەكێشان بكەیتەوە؟
-زۆر حەزم لە بواری خۆمە كە هونەرە، بۆیە حەز دەكەم پیشانگای تابلۆی تایبەت بە خۆم هەبێت و بەپێی توانا و بارودۆخ هەوڵی شتی زیاتر دەدەم، هەروەها نیازی زۆر شتم هەیە، بەڵام ئەو كاتەی بزانم ئامادەم وكاتم هەیە ئەنجامی دەدەم.
* داهاتووی ژیانت لە چ بوارێكدا دەبینیتەوە؟
- حەزم بە بواری هونەرە، ئیشەلا هەر لە بواری هونەری بەردەوام دەبم، دەمەوێ كارێكتەرێكی هونەریی نایابم لێدەرچێت.
Top