خواردنی شەوانەی شوێنە گشتییەكان

خواردنی شەوانەی شوێنە گشتییەكان
چەندین شوێنی گشتی و تایبەتی هەن كە سەر لە ئێوارە تا درەنگی شەو جمەیان دێ، گەنجان لەم شوێنانەدا كۆ دەبنەوە و دەخۆن و دەخۆنەوە، بەو شەوە پڕ لە ئارامییە رۆژ دەكەنەوە و كاتێكی خۆش بەسەر دەبەن، شەقامی ئیسكان و كۆڵانەكانی تەعجیل، دوو نموونەی زیندووی شەوانەی گەنجان و پیاوانن، جگە لەوەی چەندین خواردنی كوردەواری و بیانی لە نێو ئەو بازاڕانەدا ئامادەن بۆ خواردن، وەك خاوەن شوێنێكی چێشتلێنان دەڵێت: شوێنەكەی من چێشتخانە نییە، بۆیە بە شوێنی چێشت ناوی دەنێم، چونكە شەوانە كۆمەڵێك مەنجەڵی گەورە دادەنێم و رۆژانەش هەڵیاندەگرم، خواردنەكانیش بریتیین لە: قەلیە، چلەفڕە، تەشریب، برنج و مەرەگە، گۆشتی سووكراوە، چەلاو، نۆكاو، قاورمە. هەروەها زیاتر دەڵێت، خەڵك لە خواردنی لەفە و گەس بێزار بوون و ئێستا باوی ئەو جۆرە خواردنانەیە، سەر لە ئێوارە تا دەرنگانی شەو، پیاوان روو لەو خواردنانە دەكەن و ژەمێكی چەور و خۆش نۆش دەكەن. وەك دەردەكەوێت ئەو خواردنانە بە پاكی و بە جوانی ئامادە دەكرێن و مەرجەكانی تەندروستیشیان تێدایە، چونكە ئەو شوێنانەی ئەو خواردنە میللی و خێزانییانە دروست و ئامادە دەكەن، خاوەن مۆڵەتن و ساڵانێكیشە ئەو كارە دەكەن و جەماوەرێكی زۆریشیان هەیە.
Top