چۆنیەتی گونجاندنی رەنگ و ئارایشتی قژ بەپێی تەمەن

چۆنیەتی گونجاندنی رەنگ و ئارایشتی قژ بەپێی تەمەن
زۆربەی ئافرەتان لە جوانی و ئارایشتی شێوازی قژیان رازی نین، ئەگەرچی بەردەوام كاری لەسەر دەكەن و گرنگی پێیدەدەن، بەڵام ئەنجامی هەنگاوەكانیان بە دڵ نییە و تامەزۆری شێوازی جوانترن، هەندێ جاریش بەهۆی هەڵەی هەنگاوەكانیانەوە، شێوازی پرچیان دەبێتە هۆكارێك بۆ نیشاندانی شێوەی رووخساریان بە تەمەنێكی زیاتر و گەورەتر لە تەمەنی ئاسایی خۆیان. هەندێ لەو هەڵە و هەنگاوانەی خانمان گەورەتر نیشان دەدەن بریتین لە:
- كورتی و درێژی پرچ: هەندێ جار پرچ ئەوەندە درێژ دەبێت كە دەگاتە سەر ناوقەد و ژێر سمت، ئەوەش كاریگەری لەسەر شێوەی تەمەن (20) ساڵان دروست دەكات، وەك ئەوەی تەمەنیان زیاترە چونكە وا دەكەونە بەرچاو كە كچێكی لەم تەمەنە چۆن قژی ئەوەندە درێژە و بەڵكو وا دەزانرێت لە تەمەنی خۆی گەورەترە، هەروەها بۆ ئەوانەی كە تەمەنیان لە سەرووی (30) ساڵە پێویست ناكات قژیان ئەوەندە كورت بكەنەوە وەك ئەوەی دەستیان لە ژیان بەردابێت.
- شێوازی ئارایشت: گرنگە شێوازی ئارایشتت لەگەڵ رووخسارت هاوشێوە وگونجاو بن، نەوەك شێوەی ئارایشتت مۆدی ئافرەتێكی بە تەمەن بێت و رووخساریشت بچووك بێت، بۆیە دەبێ ئەو گونجاندنە دروست بكەیت، ئەوەش لەلایەن ئارایشتكاران بۆت جێبەجێ دەكرێت.
- ستایلی تازە و سەردەم: كاتێك ئارایشتێك دەكەیت كە مۆدی بەسەر چووە، یان مۆدی شێوازەكانی ساڵانی پێشووە، بەمەش جیاواز دەبیت لەگەڵ كەسانی دیكە، بە تایبەت ئەگەر ئارایشتەكەت گوزارشت لە مۆدێكی كۆن بكات، بەم چەشنە شێوەت گەورەتر دیار دەبێت و تەمەنت زیاتر دەردەكەوێت.
- رەنگی قژ: رەنگە تۆخ و داخراوەكان، شێوەی زیاتر بە تەمەنتر نیشان دەدەن، بە تایبەت بۆ ئەوانەی كە رەنگی پێستیان كراوە و سپیە، بۆیە مەرج نییە تەنیا رەنگی رەش لە پرچت بدەیت، بەڵكو گۆڕانكاری لە رەنگی پرچت لە رەنگە تۆخەكان بۆ رەنگە كاڵەكان، مۆدێكی ناوازە دەبێت.
Top