لە نێو كوردەواریدا چەندین داب و نەریتی كۆن هەبوون كە لە ژیانی ئێستادا رەنگدانەوەی پێوە دیارە، وەك كەلتوورێك لە لادێ و گوندەكانەوە بەرەو ئاوەدانی و شار دەگوازرێنەوە، ئەوەش وەك سامانێكی میللی و دەستكەوتێكی نەتەوەیی دەمێنێتەوەو زیاتریش پەرەی پێدەدەرێت. لە ئێستادا هەزاران نەریتی كۆن وەك پۆشینی جلوبەرگی سەردەمی كۆنی كوردەواری و ئامادەكردنی چێشت و خواردن و خواردنەوەكانی لە پێشوودا هەبوون و هەروەها لاساییكردنەوەی هەستان و دانیشتنی باو و باپیرانمان لە نێو دڵی گەنج و لاوەكاندا زیندوو بۆتەوە، یەكێك لەوانەی بە زەقی دیارن بەتایبەت لە شەوانەی شوێنە گشتییەكاندا بریتییە لە نۆشكردنی چای سەر خەڵووز. جاران كترییەكی چایان لەسەر چەند بەردێك دادەناو كۆلكە دارێكیان دەخستە ژێری، كە بۆنی سووتاندنی دار و بارەكەو بۆنی چایەكە تێكەڵی یەكتر دەبوون و ئیدی ئەو كەسانی لە چاوەڕوانی پیاڵە چایەكدا بوون، سەرمەستی دەكردن. خۆشیی چای سەر خەڵووز لە گەرمی ئاگرەكە و تێكەڵبۆنی خەڵووزو دارەكەیە، ئێستا لە زۆربەی شوێنە گشتییەكاندا چای خەڵووز بەسەر عارەبانە و تەنانەت لە چایخانەكانیش هەن، وەكو ئەوانەی لە شەقامی ئیسكان و چێشتخانە میللیەكانی ناوچەی تەعجیل و چایخانە بە ناوبانگەكانی نێو شاری هەولێر و شارەكانی دیكەی كوردستان كە هەموویان چای خەڵووزیان داناوە. هەروەك چایچییەكی خاوەن چای خەڵووز ئاماژەی پێدا، نرخی چای خەڵووز جیاوازە لەگەڵ چای ئاسایی، زیاتر بە (500) تا هەزار دینارە، بەڵام ئەوەی چایەكی خەلووز بخواتەوە، بێگومان دەیكاتە سێ و چواران، وەك ئەو چای فرۆشە باسیكرد زیاتر گەنجەكان دێن و داوای چای گەرمی سەر خەڵووز دەكەن، لەگەڵ گوڵەبەڕۆژە و چەرەزات بە دیار سەرمای ئەو كەشەوە دادەنیشن و چەندین چای نۆش دەكەن. گوتیشی: جارێكیان كەسێك یەكەم جاری بوو لەلای من چای خەڵووز بخواتەوە، هەر دووبارەی كردەوە تا گەیشتە (8) چای لەسەر یەكی خواردەوە، ئێمە چای خۆمانە بەكاردەهێنین و لەگەڵ سووتاندنی دار و بار، كە ئاگرێكی نزم و هێواشی هەیە، ئەمەش وا دەكات كە چایەكە بەتامتر بێت.