لە راستیدا دوو تەمەن هەیە بۆ مرۆڤ، یاخود دەتوانین بڵێین دوو تێگەیشتن بۆ تەمەن هەیە، یەكەمیان ئەوەیە كە ناسراوەو خووی پێوە گیراوە (chronological age) ژمارەی ئەو ساڵانەی كە ژیاوین، دووەمیشیان تەمەنی بایۆلۆجییە (biological age) كە ئەمەش پێوانەیە بۆ زیندوویەتی و چالاكیی ماسوولكە و خانە و ئێسكی مرۆڤە، واتە ئەم تەمەنە لە رێگەی گۆڕانی جەستەیی و دەروونییەوە بڕیار دەدات كە تۆ لە چ تەمەنێكدایت. واتە دەگونجێت تۆ تەمەنت 65 ساڵ بێت، بەڵام جەستە و دەروونت لە تەمەنی 35 ساڵیدا بێت، یاخود لە تەمەنی 35 ساڵیدایت، بەڵام تەمەنی بایۆلۆجیت لە 45 ساڵیدایە، واتە ئەندامەكانی ناوەوەت و ماسوولكە و ئێسكەكانت گەورەترن لە تەمەنی كرۆنۆلۆجیكاڵەكەت. كە ئەمەش بەهۆی نەخۆشی بۆماوەیی بێت، یاخود كارەساتێك یاخود زیادی لەكێشدا، یان پەستانی بەرزی خوێن، یان بازدانی جیناتی هۆكاری تووشبوون بە نەخۆشی و...هتد. زانایان ئەوەیان دۆزیوەتەوە كە 150 جین هەیە كە پەوەستن بە تەندروستی و زیندوویەتی جەستەوە كە بۆ زانینی تەمەنی بایۆلۆجی پێویستە وەربگیرێن. هەندێ لە زانایان بڕوایان وایە پێویستە ئەو جۆرە تەمەنەی كە ئێستا بەكار دەهێنرێت، بگۆڕێت بۆ تەمەنی بایۆلۆجی بۆ زیاتر ئاگادار بوون لە تەندروستی مرۆڤ .