تەندوور كەرەسەیەكی كوردەواری كۆنە و بۆ كاری نان كردن و نان برژاندن بەكاردەهێنری، چۆنیەتی دروستكردنی، سەرەتا (خۆڵەسۆر) دەهێنرێ و دەشێلدرێت بە دەست و قاچ، دواتر بڕێك (كا) دەهێنرێ و ورد دەكرێ و دەخرێتە سەر قوڕەكە كە دوای ئەوەی خۆڵەكە بە ئاو تەڕ دەكرێ و دەكرێتە قوڕ، دانانی ئەو (كا)یە بۆ ئەوەی نەتەقێ و توند بێ، لە كوردەواری خۆمان پێی دەڵێن (نەقەرەشێ) واتە دەرزی بچووكی تێدا دەرنەكەوێ، بە مەرجێك دەبێ خۆڵەكە باش بێ و تایبەت بێ، دواتر كەمێك (خوێ)ی تێدەكرێ تاوەكو قوڕەكە جیڕ بێ و یەكتر بگرێ. دواتر دادەنرێ و هەرچوار دەورەی بە خشت یان كەرپووچ دادەپۆشرێ، تاوەكو شێوەی خڕ بێ و ببێتە چاڵێكی بچووك، پاشان لە خوارەوە كونێكی لێ دەكرێ بۆ فڕێدانی پاشماوەی ئاگر و وەرگرتنی هەوا، بۆ كردنەوەی ئاگری تەندوور دار و بەروبوومی ئاژەڵان دەخرێتە ناوی، پاشان هەویر دەهێنرێ و دەخرێـتە ناوی بە شێوەی نانی بچووك و دەخرێتە ناو تەندوورەكە و بەلایەكانی تەندوور لێدەدەرێ، تاوەكو نانەكە دەبرژێ و دەهێنرێـتە دەرەوە، زیرەكی كورد لەوەدایە كە كارەكانیان بە ئاسانی و جوانی كردووە، نانی تەندووریش پێی دەڵێن (ئەستورك)ی تەندوور كە تامێكی سروشتی و خۆشی هەیە، هەروەها دەكرێ كتری چای بخرێتە ناو تەندوورەكەوە كە بە ئاگرێكی سروشتی دەكوڵێت و چایەكی خۆشیش دەبێ.