هەریەكە لە هەنگاوەكانی جوانی بۆ جەستەی خانمان، دەبێتە رێگەیەك بۆ زیاتر گرنگیدانت بە شێواز و ستایلێكی تایبەت بە خۆتەوە، هەرچەندە گرنگیدان بە جوانی نینۆكەكان لە كوردستان كەمە، كەچی دەكرێ خانمان ئەو لایەنە لە جوانی بقۆزنەوە و گرنگی پێوە بدەن و لە هەنگاوەكانیدا شێوەیەكی رازاوە و بەرچاو بەدی بكەن، دوو جۆرە لایەنی جوانی هەیە لە مۆدەی نینۆك، ئەویش یەكەمیان بریتییە لە درێژكردنی نینۆك، كە ئەویش بە دوو رێگە دەبێ، یەكێكیان هێشتنەوەی نینۆك بە شێوەیەكی سروشتی و دووەمیشیان دانانی نینۆكی دەستكرد، كە ئەوەی دووەم زۆر سەركەوتوو ترە، چونكە دەكرێ بە ئاسانی لە پەنجە بخرێت و لێبكرێتەوە، لایەنی دووەمی جوانی نینۆكەكان بریتییە لە: بەكارهێنانی بۆیە بۆ رەنگكردنی نینۆكەكان، یان دانانی نەخش و نیگار لەسەر نینۆك، جوانی نینۆك لەو كاتە دەردەكەوێ كە نینۆكەكان سروشتی بن و كاری بۆیەكردنی بۆ بكرێ، ئەمەش شێوەیەكی جوان و بەبریقە دەبخشێتە پەنجەی گشت خانمێك كە ئەو هەنگاوە رێگە بگرێ.