ئایەتوڵا خامەنەئی بۆ جەواد زەریف : قسەكانی تۆ دووبارەكردنەوەی قسەی دوژمنەكانمانە
ئایەتوڵا عەلی ئەكبەر خامنەئی رابەری شۆرشی ئیسلامی ئێران زۆر بەتوندی سەركۆنەی ئەو قسانەی جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی كرد ، كە لە تۆمارێكی دەنگیدا دزەی كردە ناو رای گشتی و كێشمەكێشێكی زۆری بەدوای خۆیدا ، زەریف لە تۆمارە دەنگیەكەیدا باس لە كێشەكانی ناوخۆی ئێران لەسەر دەسەڵات دەكات و هەروەها رای گەیاندووە كە ئەو لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا هیچ رۆڵێكی نیە و تەنیا جێبەەجیكارە.
سەبارەت بەم تۆمارە دەنگیە ئایەتوڵا خامەنەئی ئیوارەی یەكشەمە لە گوتارێكی تەلەفزیونیدا راشكاوانە گووتی : جێگەی داخ و سەرسوورمانم بوو كاتێك گوێبیستی ئەوە بووم جەواد زەریف باس لە هیز و نفوزی لیوا قاسمی سولەیمانی دەكات ، لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا گووتی : قسەكانی زەریف لەو تۆمارە دەنگیەدا كە ئۆپۆزسیونی ئیرانی بڵاویان كردۆتەوە ، دووبارە كردنەوەی قسەی دوژمناكارانەی دوژمنەكانمان و دووبارە كردنەوەی قسەكانی ئەمریكایە .
كەناڵی ئەلجەزیرە بە زمانی ئینگلیزی سەبارەت بە تۆمارە دەنگیەكەی زەریف ، ئاماژەی بەوە كردووە كە زەریف لە تۆمارە دەنگیەكەیدا گووتوویەتی ( زۆر جاران قوربانیم بە دیپلۆماسیەت داوە لە پێناوی مەیدان، ئەمەش وەك ئاماژەكردنێك بۆ ئۆپەراسیون سیاسەتانەی كە سوپای پاسداران سەركردایەتی كردووە و بە تایبەتیش فەیلەقی قودس كە ئۆپەراسیونەكانی لەدەرەوەی ئیران بووەو قاسمی سولەیمانی سەكردایەتی دەكردن.
لەبەشێكی دیكەی تۆمارە دەنگیەكەدا زەریف باس لەوە دەكات، پاش ئەوەی ئێران ریككەوتنی ئەتۆمی 5+1ی لەگەڵ هێزەگەورەكانی جیهان ئیمزا كرد ، قاسمی سولەیمانی سەردانی مۆسكۆی كرد بۆ ئەوەی ئەو ریككەوتنامەیە نیودەوڵەتیە تێكبدات، هەروەها زەریف رەخنەی ئەوەشی گرتووە كە ئەو ئاگاداری زۆر مەسەلە نەبووە ، بەتایبەتی ئەو ئۆپەراسیونانەی ئیران لە سوریا و عێراق ئەنجامی دەدان.
ئەم سەركۆنە كردنەی رابەری شۆرشی ئیسلامی بۆ جەواد زەریف ، كاریگەری زۆری لەسەر ئایندەی سیاسی زەریف دەبێت، بەڵام لە ئێستادا كە سەرۆكایەتی شاندی دبلۆماتی ئێران دەكات لە كۆبونەوەكانی ڤێنا بۆ دووبارە گەرانەوەی ئەمریكا بۆ ناو ریككەوتنی ئەتومی 5+1 ، پێناچیت لەم كاتەدا ناچاری بكەن وەك وەزیری دەرەوە دەست لەكاربكێشیتەوە و ، ئەم چەند مانگەی تریش (تا هەڵبژاردنی داهاتووی ئیران) دەست بەكار دەبێت ، چاودێرانیش ئەم پرسە وا شرۆڤە دەكەن ئەگەر زەریف ئەم چەند مانگەش وەك وەزیری دەرەوە لەكارەكەی بەردەوام بێت، ئەوا لەناو پرۆسەی سیاسی ئیراندا كۆتایی هاتووە، لای خۆشیەوە زەریف بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە ئەو لای گرنگە لە ئەركەكەی لە وەزارەتی دەرەوە بەردەوام بێت، بەڵام ئەگەر ئەمەش نەبێت ئەوا لای ئاساییە بگەڕێتەوە بۆ زانكۆ و وانە بڵێتەوە.
