دەمیرتاش و یوکسەگداغ بە تۆمەتی "پشتگیریی تیرۆر لە کۆبانێ" دادگایی دەکرێن
ئەمڕۆ دووشەممە 26-4-2021، دادگا تاوانە قورسەكانی ئەنقەرە، 108 ئەندامی هەدەپە دادگایی دەكات، كە لە نێویاندا سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەگداغ هاوسەرۆكانی پێشووی هەدەپە، هەن.
دادگایی كردنی ئەو 108 ئەندام و سەرکردەی هەدەپە، كە لەو ژمارەیە 28 یان زیندانیكراون و ئەوانی دیکەش ئەندام پەرلەمان، چالاكوان، نووسەر و رۆژنامەنووسن، لەسەر دۆسییەی (كۆبانێ) یە، تۆمەتباركراون بەوەی خەڵكیان هانداوە تا كردەوەی تێكدەرانە لە دژی تورکیا بکەن.
لە رۆژانی 7 و 8-10-2014 سەركردایەتی هەدەپە داوای لە هاووڵاتییان لە باكووری كوردستان كرد بڕژێنە سەر شەقامەکان و داوا لە حكوومەتی توركیا بكەن، رێگە بدات چەک و تەقەمەنی بۆ یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بنێرن، بۆ ئەوەی كۆبانێ نەكەوێتە ژێر دەستی رێکخراوی تیرۆرستی داعش.
خۆپیشاندانەكان گرژییان تێكەوت و 50 هاووڵاتی كوژران و زیاتر لە 100 كەسیش بریندار بوون، هەروەها هەزار و 300 باڵەخانە زیانیان پێگەیشت.
دادگای تاوانە قورسەكانی ئەنقەرە تۆمەتی ”پشتگیریی تیرۆر و داواکردنی کاری تێکدەرانە لە خەڵک“، خستە پاڵ ئەو کەسایەتی و ئەندامانەی هەدەپە.
بڕیارە زیاتر لە 100 چاودێری بیانی ئامادەی دادگاییكردنی ئەو 108 سەرکردە و ئەندامەی هەدەپە لە دادگای ئەنقەرە بن، کە دۆسیەكەیان یەكلایی دەکرێتەوە.
باسنیوز
